سەمیر هەورامی: لە هەموو دەروازە سنوورییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان قاچاخچێتی هەیە

 
گوتەبێژی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەمیانی هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو لەبارەی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە رایگەیاند، لە هەموو دەروازە سنوورییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان قاچاخچێتی هەیە، گوتیشی "لیژنەیەک بۆ بنبڕکردنی پرسی قاچاخچێتی لە دەروازە سنوورییەکان پێکهاتووە".
 
دەربارەی ئەوەی کە ئەگەر بەغدا پارە نەنێرێت، دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت، سەمیر هەورامی، گوتەبێژی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی "ئێمە هەر دەستدەکەین بە دابەشکردنی مووچە تاوەکو ئەوکاتەی بەغدا پارە بنێرێت".
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەمیر هەورامی، گوتەبێژی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان:
 
رووداو: قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لە گوتارەکەی تیشی خستە سەر چەند تەوەرێک، لەوانە پرۆژەیاسای چاکسازی، ئەو باسی لەوە کرد لە کابینەی هەشتەمەوە چاکسازی دەستیپێکردووە و جێگەی رەزامەندیی بانکی نێودەوڵەتی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بووە، وەکو نموونەیەکیش بەکاربێتەوە بۆ حکومەتی عێراق، لەسەر ئەمە چیتان هەیە؟
 
سەمیر هەورامی: لەڕاستیدا وەکو دەزانن ئەم کۆبوونەوەیە لەسەر داوای سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بوو، بەپێی ماددەی 66ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدراوە بۆ روونکردنەوە لەسەر یەکێک لەو بابەتانەی پێشتر دیاریکران. لەو بابەتانەش کە دیاریکرابوون بریتیبوو لە، پرسی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان، پرسی کۆرۆنا، پرسی گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی عێراق و پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
 
ئەو بابەتەی ئێوە ئاماژەتان پێدا، کاک قوباد باسی بایۆمەتریی کرد کە بووەتە بناخەیەک بۆ کۆی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رابردوودا هەموو کۆنسوڵخانەکان و نوێنەری وڵاتان لە هەرێمی کوردستان و عێراق ئاماژەیان بە گرنگیی ئەو پرۆسەیە داوە. پشتبەست بەو پرۆژە یاسایە یاخود لەو داتایانەی لەڕێی بایۆمەترییەوە دەستمانکەوتووە، ئێمە توانیومانە ئیشێکی باش لەسەر رێکخستنەوەی هەیکەلیەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین، دووبارە دابەشکردنەوەی میلاکات، رێکخستنەوەی ئەوانەی کە مووچەی یاسایین و نایاسایین، ئەمانە هەمووی گفتوگۆی لەبارەوە کرا، جگە لەمەش باس لە پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا کراوە، گفتوگۆکان گەیشتووە بە ئاستێکی باش. لە رابردوودا شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی چەندین سەردانی کردووە بۆ بەغدا.
 
رووداو: کاک قوباد سەرۆکایەتیی شاندی هەرێمی کوردستان دەکات، ئایا هیچ رێککەوتنێک ئامادەیە بۆ واژۆکردن؟ باس لەوە دەکرێت تەنها ئەوە ماوە رێککەوتنەکە واژۆ بکرێت.
 
سەمیر هەورامی: لەڕاستیدا ئەو رێککەوتنەی ئێستا کراوە، رێککەوتنێکی مەبدەئیی کاتییە، بەپێی رێککەوتنەکە مانگانە 320 ملیار دینار لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە دەنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان، بەرامبەر بەوەش حکومەتی هەرێمی کوردستان 50% لە داهاتی دەروازە سنوورییەکان رادەستی حکومەتی عێراقی دەکات، ئەمەش بەپێی دەستوور و بەپێی یاسای ئیدارەی مالیی عێراق رێکخراوە. لەسەر بنەمای ئەو رێککەوتنە دەتوانین رێککەوتن بکەین لەسەر ستراتیجی دارایی حکومەتی عێراقی کە ئێستا لە سەروبەندی داڕشتنیدان بۆ ساڵەکانی 2021 و 2022 و 2023، لە هەمان کاتیشدا ئەو رێککەوتنە بکرێت بە بنەمایەک بۆ جێگیرکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاسای ساڵی 2021 کە ئێستا حکومەتی عێراقی دەیەوێت ئامادەی بکات و بینێرێت بۆ پەرلەمان بۆ پەسندکردن بۆئەوەی لە ساڵی ئایندە ئەو کێشە داراییەی لەنێوان هەرێم و بەغدا هەیە، نەمێنێت.
 
رووداو: ئەو رێککەوتنە کاتییەی باستکرد، لەسەر کاخەز واژۆ کراوە یان هەر زارەکییە؟
 
سەمیر هەورامی: خاڵەکان دیاریکراون، مەرج نییە شتێک واژۆی لەسەر کرابێت، بەڵام ئێمە دەمانەوێت رێککەوتنێکی واژۆکراو و گشتگیر لەگەڵ حکومەتی عێراقی بکەین، ئامادەیی ئەوەشمان دەربڕیوە کە پرسی نەوت چۆنیان بوێت بەو جۆرە ئێمە کێشەمان نییە لەسەری، لە دەستووردا چۆن هاتووە، هەروەها دەروازە سنوورییەکان و داهاتی نانەوتیش ئامادەین رێککەوتنی لەسەر بکەین، ئێمە هیچ هێڵێکی سوورمان دیارینەکردووە بۆ رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراقی. حکومەتی عێراقیش ئەو نیەتەی نیشانداوە، بەڵام بەداخەوە خۆتان دەزانن دۆخی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت وایکردووە؛ حکومەتی عێراقیش هەندێک کێشەی داراییان هەیە. حکومەتی عێراق لە ماوەی رابردوودا مووچەی دابەشنەکردووە و دابەشکردنی مووچە دواکەوتووە.
 
رووداو: ماوەی زیاتر لە 50 رۆژە لە عێراق مووچە دابەشنەکراوە، لە هەرێمی کوردستانیش زیاتر لە 40 رۆژە مووچە دابەشنەکراوە. ئایا کەی لە هەرێمی کوردستان دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت؟ ئایا تاوەکو حکومەتی عێراق دەست بە دابەشکردنی مووچە نەکات لە هەرێمی کوردستانیش مووچە دابەشناکرێت؟ یاخود لێرە زووتر دابەشدەکرێت بەپێی ئەو داهاتەی لەبەردەستە.
 
سەمیر هەورامی: حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی مووچە پشت بە چەند سەرچاوەیەکی داهات دەبەستێت، داهاتی نەوتی و نانەوتی و دەروازە سنوورییەکان و داهاتی ناوخۆ، جگە لەوەش پشتمان بەستووە بەو بڕە پارەیەی کە بەغدا دەینێرێت لەگەڵ بڕێکی کەم هاوپەیمانان دەیدەن بە وەزارەتی پێشمەرگە. ئەوەی کە بەغدا دەینێرێت تاوەکو ئێستا بۆ ئەو مانگە نەیناردووە. ئەو بڕەی پێویستە بۆ پێدانی مووچە دیاریکراوە، دابینمان کردووە، بەڵام تەواوی مووچە ناکات، بۆیە چاوەڕێین بەغدا 320 ملیارەکە بنێرێت و دەستبکەین بە دابەشکردنی مووچە، بە کەمکردنی 18% لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
 
رووداو: ئەگەر بەغدا پارەی نەنارد، کەی دەست دەکرێت بە دابەشکردنی مووچە؟
 
سەمیر هەورامی: ئێمە هەر دەستدەکەین بە دابەشکردنی مووچە تاوەکو ئەوکاتەی بەغدا پارە بنێرێت، ئەگەرێکی زۆریش هەیە پارەکە بنێرێت بەپێی ئەو رێککەوتنەی کە کراوە. سەرۆکوەزیران، وەزیری دارایی و وەزیری نەوت ئێمە رێککەوتنمان لەگەڵیان کردووە و دەبێت پابەندبن بە ناردنی 320 ملیارەکە.
 
رووداو: کاک قوباد جێگری سەرۆکوەزیران چی دەکات بۆ بەشێک لە دەروازە سنوورییەکان، چونکە گلەیی لە هەندێک لە دەروازە سنوورییەکان دەکرێت و سەرۆکی حکومەتیش دانی بەوەدا نا کە قاچاخچێتی لە بەشێک لە دەروازە سنوورییەکان هەیە. رۆڵی  جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران لەم نێوەندەدا چی دەبێت؟
 
سەمیر هەورامی: بێگومان لیژنەیەک پێکهاتووە، بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆئەوەی بە وردی دیراسەی ئەو دۆخە بکات، ئەوەی پێی دەگوترێت قاچاخچێتی لە دەروازە سنوورییەکان، بێگومان هەیە، نەک تەنها لە دەروازەیەک، لە هەموو دەروازە سنوورییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان مەسەلەی قاچاخچێتی هەیە. بۆیە لیژنەیەک پێکهاتووە لە وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە کە دیراسەی ئەو بابەتە دەکەن بۆئەوەی ئەو مەسەلەی قاچاخچێتییە بنبڕبکرێت.