لەسەر ئاو لەنێو پەرلەمان مشتومڕ دروستبوو

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان کە سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی تێیدا بەشداربوون، رێگەنەدراوە پەرلەمانتاران ئاو لەگەڵ خۆیان بەرنەژوورەوە، پەیامنێری رووداو دەڵێت، هۆکارەکەی ئەوە بووە "دەبەی ئاو ئامرازێکە بۆ هاویشتن" و لە خولەکانی رابردوودا پەرلەمانتاران دەبەی ئاویان لە سەرۆکی پەرلەمان گرتووە.
 
لەنێو پەرلەمانی کوردستان و لەکاتی گوتاری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مشتومڕێک لەنێو هۆڵی پەرلەمان دروستبوو، هۆکارەکەشی ئەوە بووە کە پەرلەمانتارێکی گۆڕان داوای ئاوی کردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی رێگە نەدراوە پەرلەمانتاران ئاو لەگەڵ خۆیان ببەنەژوورەوە بەهۆیەوە کۆبوونەوەکە بۆماوەیەک راوەستا و پەخشی راستەوخۆی کۆبوونەوەکەش راگیرا. 
 
رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداو کە رووماڵی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستانی کرد، لەبارەی ئەو مشتومڕەوە گوتی "لەکاتی دروستبوونی مشتومڕەکە هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان لە شوێنی رێواز فایەق سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکەی دەکرد بەهۆی ئەوەی ئەوکات سەرۆکی پەرلەمان لەکاتی پشوو وەرگرتن بووە. کاتێک ناوی رزگار حەمەد، پەرلەمانتاری گۆڕانی خوێندووەتەوە، بەرلەوەی دەست بە قسەکانی بکات داوای ئاوی کردووە، بەڵام لەبەرئەوەی ئاوی لێنەبووە مشتومڕەکە دروستبووە".
 
دواتر قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەنێو هۆڵی پەرلەمانی کوردستان بە پێکەنینەوە گوتی "داواکارم بۆ دانیشتنی داهاتوو، ئاو، قاوە و چا تەرتیب بێت، ئەگەر بێت و وەزارەتی دارایی پارەی پەرلەمانی کەمکردبێتەوە ئەوا ئاسانە و دەتوانین لەگەڵ بەڕێز وەزیری دارایی قسەبکەین و نەسریەتان زیادبکات بۆ چا و قاوە."
 
رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە وەڵامی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی "ئەگەر پرۆژەیاسای بودجە هەبێت، پێویست ناکات بەڕێزتان بە وەزیری دارایی بڵێن بۆ ئەوەی نەسریە بۆ پەرلەمان زیادبکات. بابەتەکە پەیوەندی بە نەسریە و پارەوە نییە، چونکە ئاو ئەوەندە گران نییە ئێمە نەتوانین بیهێنین".

 

 
سیروان بابان، پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، دوای ئەو مشتومڕەی دروستبوو، رێگە بە پەرلەمانتاران درا ئاو لەگەڵ خۆیان بەرنەژوورەوە و هەر پەرلەمانتارێک دەبەئاوێکی پێدرا.