عەبادی پیرۆزبایی بەدەسهێنانی خەڵاتی نۆبڵ لە نادیە موراد دەكات

05-10-2018
سەمیع زوبێر
نیشانەکردن عەبادی نادیە موراد
A+ A-

رووداو - هەولێر 

بەبۆنەی بەدەستهێنانی خەڵاتی نۆبلی ئاشتی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پیرۆزبایی ئاراستەی نادیە موراد، چالاكوانی مافەكانی مرۆڤ كرد.

رۆژی هەینی 5-10-2018، حەيدەرعەبادی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: "بەبۆنەی بەدەستهێنانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پیرۆزبایی لە نادیە موراد چالاكوانی بواری مافەكانی مرۆڤ دەكەم". 

ئەمڕۆ هەینی کۆمیتەی نۆبڵ، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی 2018ی بەخشییە هەریەکە لە نادیە موراد و دێنیس ماکوێگا.  

نادیە موراد یەکەم کورد و دووەم گەنجترین کەسە ئەم خەڵاتە وەربگرێت، برێریت رێیس ئاندرسێن، سەرۆکی لیژنەی نەروجیی نۆبڵ رایگەیاند: "لیژنەی نەروجیی نۆبڵ بڕیاریدا خەڵاتی ئاشتی نۆبڵ بۆ 2018 بدات بە دێنیس مەکوێگ و نادیە موراد بۆ هەوڵەکانیان بۆ کۆتایی هێنان بە تووندوتیژی سێکسی وەک چەکێکی جەنگ و ململانێ چەکدارییەکان. هەردووکیان بەشدارییەکی گرنگیان کردووە لە سەرنجپێدان و رووبەڕووبوونەوەی ئەم جۆرە تاوانانەی جەنگ."

پێشتریش بە بۆنەی بەدەستهێنانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی باڵیۆزخانەی ئەمریكا پیرۆزبایی ئاراستەی نادیە موراد كرد.

نادیە موراد کچە چالاکڤانێکی کوردی ئێزدییە، خەڵکی گوندی کۆچۆیە و لە ساڵی 1993 لە دایکبووە. شەش برا و دایکی لە هێرشی داعش بۆ گوندەکەیان گوللـەبارانکراون. یەکێکە لەو کچە کوردە ئێزدیانەی لەدەست داعش رزگاریبووە. ساڵی 2016 پاڵێوراوە بۆ خەڵاتی ئاشتی نۆبڵ، ساڵی 2016 خەڵاتی ساخارۆڤی بە هاوبەشی لەگەڵ لەمیا بەشار پێبەخشرا و ئێستاش و لەساڵی 2018 خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەرگرتووە.

بەهای خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی یەك ملیۆن دۆلارەو لە 10ـی كانوونی یەكەمی داهاتوو لە ئاهەنگێكی تایبەت لە ئۆسلۆ پێیان دەبەخشرێت.


داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە