وەزارەتی پەروەردە یەکەم رۆژی ساڵی نوێی خوێندنی راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردە یەکەم رۆژی ساڵی نوێی خوێندنی راگەیاند، بەوپێیەش ئەمساڵ بەراورد بە پار 12 رۆژ درەنگتر دەرگای قوتابخانەکان دەکرێتەوە.
سامان سیوەلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند "ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاریدا؛ رۆژی چوارشەممە، 25-9-2024یەکەم رۆژی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی 2024 - 2025 بێت."
پار 13ـی ئەیلوول، وەکو یەکەم رۆژی دەستپێکی ساڵی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دیاریکرابوو، بەڵام بۆ خوێندنی ساڵی 2023 - 2024 لە سلێمانی، هەڵەبجە، کۆیە و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین، مامۆستایان بەهۆی دواکەوتن و پێنەدانی مووچەکانیان، نەچوونە هۆڵەکانی خوێندن بۆ وانەگوتنەوە.
25-8-2024 بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 38 هەزار وانەبێژ، کرانە گرێبەست، کە بەهۆیەوە مووچە و مافەکانیان زیاتر دەبێت.
کەمترین مووچەی مامۆستای وانەبێژ 250 هەزار دینار و زۆرترینیشی 400 هەزارە، ئەوەش بە گوێرەی بڕوانامەی مامۆستاییان. لە مانگی داهاتووەوە کە وەک گرێبەست مووچە وەردەگرن، مووچەکەیان لەنێوان 400 هەزار و 500 هەزار دینار دەبێت.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو لە هەرێمی کوردستان، نزیکەی 123 هەزار مامۆستای دامەزراوی هەمیشەیی هەن و مووچەیان بە گوێرەی بڕوانامە و خزمەتیان جیایە.