پێشانگەی هایتێکس؛ بۆتێکی ژیر بە کوردی قسە دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
لە چوارچێوەی پیشانگای هایتێکس 2024 چەندین گەنجی داهێنەر و بەتوانا داهێنانی تەکنەلۆژییان نمایشکردووە، دەزگای روانگە 32 گەنجی بە 32 داهێنانی تەکنەلۆژی کۆکردووەتەوە و لە بەشێکی پێشانگاکە داهێنانەکانیانی نمایشکردووە.
 
لەم راپۆرتەدا سێ داهێنانی سەرنجڕاکێش بەسەر دەکەینەوە، یەکێکیان بۆتێکی درووستکراوە بە ژیریی دەستکرد، بەرهەمی ئەندازیارێکی کوردە کە  بە کوردی پرسیاری لێدەکەی و بە کوردی وەڵامت دەداتەوە.
 
محەممەد بەکر، خاوەنی بیرۆکەی داهێنانی تەکنەلۆژی: بۆتەکە وەک یاریدەدەرێکی رۆژانە ئەگەر پرسیارێکت هەبێت وەڵامت دەداتەوە، بەڵام بۆ داهاتوو بەنیازین راهێنانی پێبکەین زیاتر فێرببێت، بەپێی شوێن بەپێی دەرفەت هەر کۆمپانیا یان پێشانگە یان هەر شوێنێک پێویستی بەو خزمەتگوزاری و ئەو بۆتەی ئێمە هەبوو دەتوانین زانیاری و شتەکانی ئەم شوێنە فێری بکەین.
 
پەیام سەربەست، پەیامنێری رووداو لێی دەپرسێت تۆڕی میدیایی رووداو چییە؟ لە وەڵامدا دەڵێت، "تۆڕی میدیایی رووداو یەکێکە لە گرنگترین تۆڕە میدیاییەکانی هەرێمی کوردستان".
 
داهێنانێکی دیکە، کوڕێک بەناوی دانا کردوویەتی کە گەشتە وزەیە؛ تۆڕباینی هەوا و وزەی خۆری بەیەکەوە کۆکردووەتەوە و کارەبایەکی سێ ئەمپێری پێ بەرهەم هێناوە. جیاوازیی داهێنانەکەی دانا لەگەڵ هەموو بەرهەمهێنەرانی دیکەی کارەبا، بچووکی قەبارە و توانای گواستنەوەی ئامێرەکەیە کە وەک پاوەربانکێک مرۆڤ دەتوانێت بۆ گەشت و دەرەوەی ماڵ بەکاری بهێنێت، زۆربەی پارچەکانی ئامێرەکەش لە پارچەی بەکارهاتوو درووستکراوە، بۆ نموونە لە بۆڕی گسکی کارەبایی دووبارە بەکارهاتوو قەدی تۆڕباینەکانی درووستکردووە.
 
دانا رەحمان دەڵێت، "دەتوانی مەقەڵی گۆشتبرژاندنی پێ کارپێبکەی، لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانی ئەو ئامێرانەی تایبەت بەمە کاردەکەن درووستبکرێت و لەگەڵی بخرێتە بازاڕەوە".
 
سێیەم داهێنەری کورد و گەنج لە تەکنەلۆژیا لەم راپۆرتە دەیبینین شەهرامی 24 ساڵانە؛ شەهرام بیری لە منداڵان کردووەتەوە، ئەو ئایپادەی بەدەستی زۆربەی منداڵی ئەم سەردەمە دەیبینین ئەم گەنجە هۆکارێکی درووستکردووە تا لە رێگەی ئایپادەکانیان منداڵان فێربن و زانیاری وەربگرن.
 
شەهرام مستەفا دەڵێت، "ئەپلیکەیشنێکی نوێمان درووستکردووە بە ناوی ئەپلیکەیشنی ئەلف کە ئێستا بۆ ئاستی سەرەتامان درووستکردووە و بەشێوازی 3D ئەپلیکەیشنەکە پێشانی دەدات و دەیخوێنێتەوە بە زمانی کوردی؛ لە داهاتووشدا بە زمانی عەرەبی پشت بە خودا بەردەستی دەخەین.
 
ئەم بەشە 32 گەنج بە 32 داهێنانی تەکنەلۆژییەوە تێدایە، کۆکەرەوەشیان دەزگەی روانگەیە کە لە ماوەی چوار رۆژی پێشانگەی هایتێکسی 2024 تواناکانیان پێشان دەدات.