بەردی بناخەی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی گوندی کۆچۆ دانرا

رووداو دیجیتاڵ 

بەردی بناخەی پرۆژەی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی گوندی کۆچۆ-ی هاوچەرخ لە شنگال دانرا. یاریدەدەرێکی پارێزگای نەینەوا دەڵێت، لە 134 یەکەی نیشیتەجێبوون پێکدێت و بێ بەرامبەر دەدرێتە دانیشتووانی کۆچۆ. 
 
بەردی بناخەی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونەکە لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی پێنجشەممە راگەیێندرا.
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەشداری لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناخەی پرۆژەکە کرد. لە پەیامێکی کورتدا، پشتیوانی خۆی بۆ کوردانی ئێزدی و مافەکانیان  و پێکەوە ژیانی ئاشتییانەی دانیشتوانی ناوچەکە دووپاتکردەوە.
 
محەممەد شیاع سوودانی گوتی، ئەوە ئەرکی حکومەتەکەیەتی، پابەندە بە بەڵێنەکانی و چەندین پرۆژەی دیکە جێبەجێدەکەن، وەک نەخۆشخانەیەکی 100 قەرەوێڵەیی لە شنگال، نەخۆشخانەیەکی دیکە لە سنونێ، جێبەجێکردنی پرۆژەی رەبیعە، کە ئاو بۆ ناوچەکە دابین دەکات.
 
کۆمەڵگەکە دەکەوێتە بەرامبەر گوندی تەل قەسەبی سەر بە ناحیەی قەیران لە قەزای شنگال.
 
رەفعەت سمۆ، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا، کە لە دانانی بەردی بناخەی پرۆژەکەدا ئامادە بوو، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پرۆژەی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی گوندی کۆچۆ-ی هاوچەرخ لەسەر رووبەری 65 دۆنم زەوییە، لە 134یەکەی نیشتەجێبوون پێکدێ، بنکەی تەندروستی و قوتابخانە و تەواوی خزمەتگوزارییەکانی بۆ دابین دەکرێ. بە دیاری و بێ بەرامبەر دەدرێتە دانیشتووانی گوندی کۆچۆ. 
 
یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا دەڵێت، پرۆژەکە لەلایەن رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، ئاژانسی ئەمریکی بۆ پەرەپێدان و رێکخراوی یوئێن دی پی و دەستێشخەریی نادیە موراد پارەدار کراوە.
 
ئابی 2014، کارەساتێکی گەورە بەسەر خەڵکی گوندی کۆچۆ داهات، سەرەڕای کوشتنی زیاتر لە 400 پیاوی گوندەکە لەلایەن چەکدارانی داعش هەر لەنێو قوتابخانەی گوندی کۆچۆ، زیاتر لە 700 کچ و ژنیشیان رفاندن، تاوەکو ئێستاش بەشی زۆریان بێسەروشوێنن.