لەبارەی گۆڕانی کەشوهەوا لە زانکۆی کوردستان راهێنان بە هەزار گەنج دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
لە زانکۆی کوردستان لە هەولێر راهێنان بە هەزار گەنجی سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەبارەی ژمارەیەک بابەتی ژینگەیی و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا دەکرێت.
رەنجدەر کامەران حوسێن، بەڕێوەبەری کاروباری قوتابیان و ئەندامی باڵای سەنتەری توێژینەوە ژینگەییەکانی زانکۆی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "زانکۆی کوردستان لەسەر داوای ئەنجوومەنی باڵای گەنجانی عێراق کە لەلایەن ئۆفیسی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانەوە سەرپەرشتی دەکرێت، رێککەوتننامەیەکی واژۆکرد بۆ راهێنانی هەزار گەنج لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق لەبارەی ژینگە و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، ئەمڕۆ یەکەم رۆژی راهێنانەکە دەبێت کە 250 گەنج لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق تێیدا بەشدارن."
راهێنانەکان سێ رۆژ دەخایێنن و رۆژی چوارەمیش بەشداربووانی راهێنانەکان بەنێو پارێزگای هەولێردا دەگەڕێندرێن.
رەنجدەر کامەران حوسێن گوتی "راهێنانەکە بە چوار قۆناخ دەبێت، لە هەر قۆناخێکدا 250 گەنج سوودمەند دەبن."
سەبارەت بە ناوەڕۆکی راهێنانەکانیش رەنجدەر کامەران حوسێن گوتی "بە هاوئاهەنگیی سەنتەری توێژینەوە ژینگەییەکانی زانکۆی کوردستان، باسی تەوەرەکانی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاستی ناوخۆ و جیهان لەرووی ئەکادیمی و زانستییەوە دەکرێت، بەشداربووان لەسەر چارەسەر و پێشنیارەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا رادەهێنرێن، جگە لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەبارەی پاراستنی ژینگەوە."
عێراق پێنجەم وڵاتی کاریگەرە بە لێککەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە جیهان و ساڵانە زەوییە کشتوکاڵییەکانی رووبەڕووی بە بیابانبوون و وشکەساڵی و بێ ئاوی دەبنەوە.