کۆمیسیۆن گۆڕانکارى لە چاودێریى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، گۆڕانکاریی لە بڕگەیەکى رێنماییەکانى دەکات بۆ چاودێرانی نێوخۆیی هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، بەوەى دەتوانن جگە لە پارێزگاکانى خۆیان، لە پارێزگایەکى دیکەش چاودێریى دەنگدان بکەن.
ئەنجوومەنى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، لە 4ى ئەیلوول بڕیاریداوە رێکارەکانى تۆمار و پەسندکردنى تیمى چاودێرى نێوخۆیی بۆ پەرلەمانى کودستان هەموار بکاتەوە.
بە گوێرەى بڕیارەکە، ئەو هەموارکردنە، بڕگەیەکى مادەى سێى ئەو رێنماییانەى گرتووەتەوە و لادراوە.
بڕگەکە مەرجێک بووە بۆ ئەو کەسانەى کە چاودێریى دەنگدان دەکەن لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، کە دەبێت خەڵکى ئەو پارێزگایە بێت کە رۆژى هەڵبژاردن تیایدا چاودێر دەبێت لە بنکەکانى دەنگدان.
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "بەگوێرەى ئەو هەموارە، بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان چاودێرێک کە خەڵکى هەولێر بێت دەتوانێت لە سلێمانى یان پارێزگایەکى دیکە چاودێرى پرۆسەى دەنگدان بێت، واتە هەر کەسێک دەتوانێت جگە لە پارێزگاکەى خۆى لە پارێزگایەکى دیکەش کارى چاودێریى دەنگدان بکات".
لە بەشێکى دیکەى بڕیارەکەى ئەنجوومەنى کۆمیسیاراندا هاتووە، کە دەبێت ئەو چاودێرە بڕوانامەى تۆمارکردن پێشکێش بکات بەوەى لە فەرمانگەى رێکخراوە ناحکومییەکانى هەرێمى کوردستان یان حکومەتى فیدراڵى تۆمارکراوە و دەبێت باجى زیادە لە نووسینگەکانى هەڵبژاردن ئامادە بکرێت بۆ ژمارەیەکى زیاترى چاودێرى پارێزگاکانى دیکە.
بە گوێرەى رێنماییەکانى کۆمیسیۆن، ئەو کەسەى کە دەبێتە چاودێرى نێوخۆیی هەڵبژاردن، پێویستە هاووڵاتی عێراق بێت، 18 ساڵى تەواو کردبێت، لانیکەم بڕوانامەى ناوەندیى هەبێت، بەربژێر و بریکارى لیست نەبێت، هەروەها فەرمانبەرى کۆمیسیۆن و هێزە ئەمنییەکان نەبێت و کارتى بایۆمەترى دەنگدانى هەبێت.
20ـی تشرینى یەکەمى 2024 وەک رۆژى دەنگدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دیاریکراوە.