رووداو دیجیتاڵ
هێزێکی ئەمنی لە سلێمانی دەستی بەسەر دەزگای رۆشنگەریی چاودێردا گرت کە مەلا بەختیار، ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی خاوەندارێتی دەکات. مەلا بەختیاریش دەڵێت، "بێدەنگ نابین و هەوڵدەدەین بەرەیەکی فراوان دروستبکەین."
دەزگاکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، کاژێر 5:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 05-09-2024، "هێزێکی کۆماندۆ، چوونە سەر بارەگای سیاسەتمەدار و رۆشنگەر مەلا بەختیار و دەزگای رۆشنگەریی چاودێر و بنکەی روناکبیریی گەلاوێژ لە گردی ئەندازیاران. هێزەکە پاسەوانەکانی دەزگای چاودێرییان ئیزن داوە و دەستیان بەسەر تەواوی کەلوپەلی دەزگاکەدا گرتووە."
دەزگاکە ئاماژەی بەوە کردووە: "ئێمە وەکو تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، سەرکۆنەی ئەو کردەوەیە دەکەین و ئەم کارە بە پێشهاتێکی مەترسیدار بۆ سەر ئازادیی نووسین، ئازادیی بیروڕا و ئازادی ویژدان دەزانین."
هاوکات، دامەزراوەی دارایی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگەیێندراوێکی لەوبارەوە بڵاوکردەوە.
دامەزراکەوە دەڵێ: "بارەگای دامەزراوەی چاودێر کە موڵکی یەکێتییە و سەرجەم پێداویستییەکانی لەلایەن دامەزراوەی داراییەوە دابینکرابوو کە ئێستا لێپرسراوەکەی پەیوەندی بە یەکێتییەوە نەماوە، وەرگیراوەتە."
دامەزراوەی دارایی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژە دەڵێت: "دەزگاکە بۆ راپەڕاندی ئەرکە رێکخراوەییەکان بەکاردەهێنرێت و شوێنەکە تەرخاندەکرێت بۆ دامەزراوەیەکی تر کە خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی و گەشەپێدانی سلێمانی و خەڵکەکەی بکات."
مەلا بەختیار، پێش کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی ئەو حیزبە بوو، بەڵام بەشداری لە کۆنگرەی پێنجەمدا نەکرد کە لە ساڵی 2023 بەسترا و تێیدا بافڵ تاڵەبانی بە سەرۆک هەڵبژێردرا.
لە 25-09-2023، مەلا بەختیار لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ رووداو، باسی دیدارێکی خۆی و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی کرد لەبارەی گەڕانەوەی بۆ نێو حیزبەکە و گوتی: "دیدارەکەمان جگە لە گفتوگۆ هیچ ئەنجامێکی دیکەی نەبوو بۆ ئەوەی بتوانم بڕیار بدەم، خەڵکی دیکەش جاوەڕوانیان دەکرد ئەو گفتوگۆیە بگاتە ئەنجام، بەڵام ئەنجامی نەبوو."
دوای ئەوە مەلا بەختیار لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند: "بافڵ تاڵەبانی بڕیاریداوە هێزی ئەمنی بنێرێتە سەر ماڵەکەم لە خانەقین و هەر پەلاماردانێکیش بۆ سەر چاودێر و ماڵەکەم، لووتکەی بێ وەفاییە."
مەلا بەختیار دەشڵێت: "کوڕانی مام جەلال بە نەخشە و پیلان هاتوونەتە سەر حازری و بە کودەتای کۆنگرەی پێنجەم دەستیان بەسەر جومگەکانی یەکێتیدا گرتووە."
مەلا بەختیار لە گوتارەکەیدا دەڵێت: "بێدەنگ نابین و هەوڵدەدەین بەرەیەکی فراوان دروستبکەین."
دەقی گوتەکانی مەلا بەختیار:
جەماوەری بەشەرەفی کوردستان
کەسوکاری شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان، ئەی ئەوانەی ئازادی و دیموکراسیی نەتەوەی کوردتان لا مەبەتە، ئەم پەیامەی من جیاوازترە لە هەموو پەیامەکانی تر، دەمەوێ بە راشکاوی و کراوەیی قسەتان لەگەڵ بکەم.
دەمەوێ ئاگاداربن کە بەندە دوو ساڵ پێش چوارەمین کۆنگرە، درکم کردبوو کە یەکێتی بەرەو بنەماڵەبوون و ملهوڕی و بەرو تاساندنی هەموو جۆرە ئازادییەکان و پەنجەرەکانی رەخنە دەڕوا. درکم کردبوو کە یەکێتی وردە وردە هەناسەی جوانی و هەناسەی سەربەستی و هەناسەی حیزبایەتیی جوان و هاوچەرخ کۆتایی پێ دەهێنێت. بۆ ئەم مەبەستە کاتی خۆی لەگەڵ جەنابی کاک کۆسرەت قسەم کردووە، بە حزووری کاک دلێری سەید مەجید و کاک شاڵاوی کوڕی، لەگەڵ خاتوو هێرۆ خان قسەم کردووە بە حزووری کاک دلێری سەید مەجید و دکتۆر خەسرەو گوڵ محەممەد. باسمکردووە یەکێتی لە لێوارێکی ترسناکدایە، یەکێتی بە هێزی چەکدار ناپارێزرێ، بەرەو پووکانەوە و نەمانی هەموو جیاوازییە ئایدۆلۆژی، کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکان دەڕوا لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان. ئەمانەم هەموو بە وردی باسکردووە.
ساڵی 2016 لە زانکۆی سلێمانی، کۆڕێم بە ناوی (سازان یان ترازان) هەبوو، کە پێشبینیمکرد پەیوەندیی نێوان یەکێتی و لایەنەکان، یەکێتی و پارتی بەرەو ئەم ئاقارە ترسناکە دەڕوات. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، من ئەم هەموو ساڵە دانیشتووم و راستە هەڵوێستی خۆم نەدۆڕاندووە، رەخنەی خۆمم گرتووە و نەمتوانیوە لە ئاست ستەمکاری و نادادی، ژنکوژی و پێشێلکردنی دیموکراسی. لە ئاستی ئەوەی یەکپارچەیی هەرێمی کوردستان نەماوە، هێزی پێشـمەرگە یەکی نەگرتووە، دەستوور نانووسرێ، ناکۆکییەکانی یەکێتی و پارتی گەیشتووەتە دۆخێکی ترسناک، لەسەر هەموو ئەمانە من هەڵوێستم هەبووە و قسەی خۆم کردووە.
خەمی گەورەی من ئەوەبووە جارێکی تر شەڕی ناوخۆ روونەداتەوە و ماڵوێرانی روونەکاتە ئەم گەلە ستەمدیدەیەمان کە مووچەمان نییە بیدەینە خەڵک، کە بە ناچاری دەچین لە بەغدا کێشەکانمان چارەسەر دەکەین، لەوکاتەی کە مووچەت نییە بە خەڵکی بدەی؛ بەداخەوە شەڕەجنێو گەیشتووەتە ئاستێکی ترسناک، شەرمەزارییە.. بازرگانیکردن بە جنێو و موزایەدەکردن بە قووڵکردنەوەی داکۆکییەکان، بووە بە بێزراوترین جۆری سیاسەتی ئێستا.
دەمەوێ ئەمشەو کۆمەڵانی خەڵک ئاگادار بکەمەوە کە بیستوومە بافڵ تاڵەبانی و ئەوانەی کە لەگەڵین لە عەسکەری و ناعەسکەری، بڕیاریانداوە بچنە سەر ماڵەکەم لە خانەقین کە ماڵی خۆمە و دلێری سەید مەجید شایەتە؛ دەیانەوێ چاودێریشمان لێ وەربگرنەوە. چاودێر بارەگای منە، بارەگای بنکەی گەلاوێژە، بارەگای سایتی چاودێر و سایتی روانگە و رەخنەیە و سایتی دابڕانە کە تابلۆکانیان لە درەوە هەڵواسراوە.
من کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ئاگادار دەکەمەوە کە هەر جۆرە پەلاماردانێکی چاودێر یان ماڵی من لە خانەقین، با ئاشکرا پێشێلکردنی ئازادی و لووتکەی بێوەفاییە لە مێژووی سیاسیی کوردایەتیدا، لووتکەی بێوەفاییە.
من پێموایە یەکێکم لەو کەسانەی کە ماڵی مام جەلال قەرزارمن، خودی جەنابی مام جەلال قەرزارمە؛ لە مێژوودا. کوڕانی مام جەلال لەم مێژووە هیچ نەبوون تاوەکو بڵێم قەرزارمن، بەڵام ئەوان کە هاتوونەتە سەر حازری، بە نەخشە و پیلان؛ بە کودەتای کۆنگرەی پێنج، دەستیان بەسەر جومگەکانی یەکێتیدا گرتووە، ناکرێ ئیتر پێی لێ درێژبکەن و گوێ بە هیچ بەهایەک و هیچ رەوشتێکی سیاسی نەدەن، گوێ بە هیچ پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی و هیچ مێژوویەک لەو سەروەرییانەی دروستمانکردووە نەدەن.
من لێرەوە رایدەگەیێنم، ئەگەر سبەی تاوانی وەها ئەنجامبدرێ، بێگومان بێدەنگ نابم و تەنیاش نیم، بە سەدان کەسین، ئەو سەدان کەسەش بەتەنیا نامێنین. بێگومان هەوڵەدەین بەرەیەکی فراوان دروست بکەین بۆ ئەوەی دۆخەکە لەمە مەترسیدارتر نەبێ و پێشێلکردنی ئازادی لە بارەگای من و ماڵی منەوە بوەستێ. ئێمە ناوەستین. دڵنیابن ئەمە رسواییەکی گەورەیە. ئەمە هەڵتەکاندنی هەموو بنەماکانی ئەخلاقی سیاسی و حیزبییە. دڵنیابن ئەمە مام جەلال لە گۆڕە رادەچڵەکێنێ. شەهید ئارام و عەلی عەسکەری لە گۆڕ رادەچڵەکێنن. ئەمە هەڵدانەوەی قەتماخەی هەموو برینەکانە.
بافڵ و قوباد و ئەوانەی لەگەڵیانن، بە چ حەقێک مێژوو دەشێوێنن؟ هاوڕێیەتی ناهێڵن، وەفا ناهێڵن، هەرچی عەرز و دەوروبەری دەباشان و دەباشان و بەکرەجۆ و جێگەی مەسڵەحە و هەرچی شوێن هەیە داگیریان کردووە و فرۆشتوویانە. کەس نازانێ سەرچاوەی گومرگ بۆ کوێ دەڕوات؟ کەس نازانێ ئەم هەموو داهاتە بۆ کوێ دەڕوات؟ بە سەدان ملیۆن دۆلاری داهاتی کوردستان بۆ کوێ دەڕوات؟ هی دەڤەری سلێمانی بۆ کوێ دەڕوات؟ لەکاتێکدا 13 ساڵە جادەی بەینی سلێمانی و کەلار چاک ناکەن. بە سەدان دۆلار داهاتی ئەم وڵاتەیە؛ کوا؟ ئەو هەموو نەوتە؛ شەو و رۆژ میدیا باسی فرۆشتنی نەوت مانگانە بە 40 دۆلار کە لە بازاڕ بە 80 دۆلارە! باسی ئەمانە بە بەردەوامی دەکرێ.
بەمە تێر ناخۆن. بەم هەموو ناڕەزاییەی خەڵک لەسەریان گوێ نادەنێ. بەردەوام دەبن لەم سیاسەت و پێشێلکارییە. ئەسڵەن بەردەوام دەبن لەم شەرمەزارییە. ئەمە شەرمەزارییەکی گەورەیە، لەباتی ئەوەی بەخۆیاندا بچنەوە و کێشەکان چارەسەر بکەن و مووچەی خەڵک بدەن، کادرە نانبڕاوەکان ئاشت بکەنەوە، هەزاران تێکۆشەر ئاشتبکەنەوە. هەر راپرسییەک دەکرێ، یەکێتی ناتوانێ لە نەوەی نوێش بباتەوە، ئێستا بەرەی گەلیش بەوپەڕی تواناوە کەوتووەتە ململانێیان، هەموو راپرسییەکان دەڵێن: لیستی یەکێتی لە خوار پارتی و لە خوار هەندێ لە لیستەکانی دیکەوەیە. سێ راپرسیم خوێندووەتەوە ئەنجامەکەی مایەی نیگەرانییە بۆ مێژووی یەکێتی.
لێرە رایدەگەیێنم، یەکێتی هەر تاوانێک ئەنجامبدا، ئێمە بە هەڵوێستێکی شەرفمەندانە بە مەبدەئی و ئارامی وەڵامی دەدەینەوە و وەڵامی ئەڵتەرناتیڤی خۆمان دەخەینەڕوو کە ئێمە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی راستەقینەین، چونکە گەندەڵ نین، چونکە لە بیروباوەڕ و ستراتیژی راستەقینەی یەکێتی لامان نەداوە، چونکە بەڕاستی بڕوامان بە دادپەروەرییە، کۆمپانیامان نییە، زەویمان داگیرنەکردووە، هەڵپەمان نییە بۆ ئەوەی هەرچی مشەخۆر و هەلپەرستە لە دەوری خۆمان کۆیان بکەینەوە و هەرچی شۆڕشگێڕ و قارەمانە فەرامۆش بکەین.
ئێمە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی ئاراستەی فرە مینبەرین، شکۆی یەکێتی هی ئێوە نییە؛ هی ئێمەیە. مێژووی یەکێتی هی ئێوە نییە هی ئێمەیە. شەڕەکانی مێژووی یەکێتی هی ئێوە نییە هی ئێمەیە. بە درێژایی مێژوو یەکێتی هەرچی کارەساتی بەسەر هاتووە ئێمە هەڵمانساندووەتەوە و ئێوە هەر لە وڵات نەبوون، هەرزەکارێک بوون لە ئەورووپا. ئەگەر کوڕی جەلال تاڵەبانی نەبن، چۆن دەبن بە سەرۆک و ئەم هەموو پۆستەتان دەستدەکەوێ؟
مام جەلال مام جەلالە، بەڵام ئێوە کێن ئەگەر مام جەلال نەبێ؟ ئێوە چین ئەگەر مام جەلال نەبێ؟ چۆن دەتوانن ئەم پلە و پۆستەتان هەبێ؟ ئەم ملهوڕییەتان هەبێ؟ دەست بەسەر ئەم هەموو سامانەی وڵاتدا بگرن؟ بەبێ حساب و بەبێ کیتاب؛ وەزارەتی دارایی نازانێ ئێوە چی دەکەن؟ ئەنجوومەنی وەزیران نازانێ چی دەکەن؟ بەغدا نازانێ چی دەکەن؟ کار گەیشتووتە ئەوەی رێکخراوی نێودەوڵەتیی ئۆپیک شکات دەکات و دەڵێ: نەوتی دزراو کە لە سلێمانییەوە بە رێگەی قاچاخ دەڕوا کاریگەریی کردووەتە سەر بازاڕی نەوت لە جیهان. بەغدا شاند دەنێرێ بۆ باشماخ بۆ ئەوەی بزانێت ئەم تانکەرانە چۆن دەڕۆن؟ بە ئێمە ناڵێن ئەم شاندە بۆ هەر دەچێتە باشماخ و تەنیا ئەوێی هەڵبژاردووە؟ سەبەب؟ ئەمە لەخۆوەیە؟ بێگومان زانیارییان هەیە.
بۆیە من لەمە بەدواوە ئەوەی خۆمان بەڕاستی بزانین ئەمشەو رایدەگەیەنم ئیش بۆ ئەو ستراتیج، بیروباوەڕ، سیاسەت و ئەخلاقە حیزبییە دەکەین کە باوەڕمان پێیەتی، بە دڵنیاییەوە هەوڵەدەین بەرەیەکی فراوان دروست بکەین بۆ پاراستنی دیموکراسی، ئازادی، چەسپاندنی دادپەروەری، بۆ دژایەتی گەندەڵی و گێڕانەوەی موڵکی گشتی بۆ کوردستان.
نابێ موڵکی گشتی بە داگیرکراوی بمێنێتەوە، بە هەزاران دۆنم زەویی ئەم کوردستانە بە ناشەرعی براوە، ئەوە ئەنجوومەنی وەزیران با بزانم ئاگادارە کە ئەم هەزاران دۆنم زەوییە لە سلێمانی براوە؟ با ئەنجوومەنی وەزیران جوابمان بدەنەوە.
بەداخێکی زۆرەوە یەکێتی نیشتمانی و بەدیاریکراوی سەرۆکی ئێستای یەکێتی، دۆخەکەی گەیاندە ئەم دۆخە ترسناکە و ئۆباڵی هەموو ئەنجامێک لەسەر ئەوەی ئینجا براکەی. هیوادارم خەڵک تێبگەن ئەم پەیامەم بۆچی بڵاوکردووەتەوە؟ بەدڵنیاییەوە دەمەوێ باش باش بزانن ئێمە لە هەموو تەکەتولێکی ناو یەکێتی دڵسۆزترین بۆ شەهیدان، بۆ پێشمەرگە کەمئەندامەکان، بۆ مێژوو، بۆ کادر و ئەندامە نانبڕاوەکان دڵسۆزترین.
بەدڵنیاییەوە ئەم بڕیارانە لە داهاتوو مەترسی گەورەیان بەدواوەیە و یەکێتی بەرەو هەڵدێری خەتەرناک دەبات، بەرەو سیناریۆی ترسناکمان دەبەن.
هیوادارم هەموو خەڵک تێبگەن تا ئەم چرکەساتەی من ئەم قسانە دەکەم، لەگەڵ هیچ لایەک نیم دژی یەکێتی، بەڵام بە هەموو توانام لەنێو یەکێتی خەبات دەکەم بۆ ئەوەی یەکێتی یەکێتیی راستەقینەبێ. هەموو ئەو درۆیانە شەرمەزار دەکەم کە پەنجەی تۆمەت ئاراستە دەکەن گوایە ئێمە لەژێر کاریگەریی ئەملا و ئەولاین، من شەرم دەکەم کە ئەم درۆیانە لە ئێوە دەبیستم! چۆن دەبێ ئەوەندە درۆزن بن؟ چۆن دەبێ ئەوەندە بوختانچی بن؟ خۆتان لاوازن لە مێژوودا چۆن دەبێ بتانەوێ بە درۆ خۆتان بەهێز بکەن؟ بە بوختان هەڵبەستن خۆتان بکەن بە قارەمانی مەیدان؟
ئەمە رۆژگارە! لە ئێستاوە تاوەکو ئەو کاتەی لە ژیانداین ئەم درۆیانەتان هەمووی لە مەحەک دەدەم، ئیسپاتی دەکەم ئێوە چەند درۆزنن، ئیسپاتی دەکەم کە پەیجە فەیکەکانتان بە دۆلاری ئێوە درۆ بۆ ئێمە هەڵدەبەستێ. بەڵام من دڵنیام ناخی هەموو پێشمەرگەیەکی تێکۆشەر، هەموو کەسوکاری شەهیدی تێکۆشەر، هەموو ئەو ماڵە جووتیارانەی کە ئێمەیان دیوە لە پێشمەرگایەتی و شۆڕشدا، دڵنیام باوەڕ بەم درۆیانەی ئێوە ناکەن.
ئەوە ئێوەن وازتان لە بیروباوەڕ هێناوە، ئەوە ئێمەین دەڵێین چەپین. چەپی نوێ؛ نە لەگەڵ ئێوە کۆدەبینەوە، نە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە و پارتی، خۆمان ستراتیج و ئایدۆلۆژیای خۆمان هەیە. دەمانەوێ بەڕاستی یەکێتی سۆسیالیست و دیموکرات بێ. ئەوە ئێوە نین، ئێوە لەباتی بنەماڵەیەک چەندین بنەماڵەتان بووژانەوە، جیاوازیتان نەهێشت لە بەینی یەکێتی و پارتی، لە بەینی یەکێتی و حیزبە ئیسلامییەکان، لە بەینی یەکێتی و هەموو بنکە کۆمەڵایەتییە دواکەوتووەکان.
ئەوە ئێمەین سوورین لەسەر ئەوەی چەپی نوێین، جیاوازین لە رووی ئایدۆلۆژییەوە، لە رووی فەلسەفی و رەوشتی شۆڕشگێڕانەوە، هەر واش دەمێنین.. بەوداخەوە دەمرن رۆژێک ببیستن ئێمە وازمان لە بیر و باوەڕ و ستراتیژی خۆمان هێناوە. درۆکان هەمووی دەبێتە ئۆباڵی پڕ لە شەرمەزاری بۆتان لە مێژوودا.
رێزم بۆ کەسوکاری شەهیدان، بۆ پێشمەرگە قارەمانەکان، بۆ ئاسایشەکان، بۆ دژەتیرۆرەکان، بۆ هەموو ئەوانەی مێژووی یەکێتییان لا گرنگە، بۆ ئەوانەی فریو ناخۆن بەو درۆ و دەلەسانەی ماوەیەکە پەیجی درۆ و بوختان هەڵبەستن کە مانگی 200-300 هەزار دۆلار دەدەن بە پەیجەکان، بۆ نایدەن بە کەسوکاری شەهیدان؟ بۆ نایدەن بە پێشمەرگەی کەمئەندامەکان؟ چوار تەلەڤیزیۆنتان هەیە دەچن کەناڵی دیکە دروست دەکەن، یانی چی؟ یانی باوەڕتان بەو تەلەڤیزیۆنانە نییە؟
ئەو رێگە دژە دیموکراسییەتان پیرۆزبێ، ئێمەش رێگەی سەربەستی و سەنگەری پڕ شکۆی شۆڕشگێڕی و کۆڵنەدان و بەرهەڵستی پیرۆزمان بێ، ئایندەش شایەت دەبێ رێگەی کاممان راستە و قسەی کاممان راستە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ