کۆمیسیۆن بەربژێرێکی بزووتنەوەی گۆڕان دووردەخاتەوە و داوای جێگرەوەی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەربژێرێکی بزووتنەوەی گۆڕانی لە پارێزگای سلێمانی دوورخستەوە و پاساوەکەشی ئەوەیە لەلایەن دادگەوە سزا دراوە. داوا لە بزووتنەوەی گۆڕان دەکات لە ماوەی سێ رۆژدا جێگرەوەی ئەو بەربژێرە دیاری بکات.
ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند دوای تاوتوێکردنی یاداشتی نووسینگەی سەرۆکی فەرمانگەی هەڵبژاردن و سەرۆکی لیژنەی ناوەندیی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان ژمارە (ل. م/27)ـی ساڵی 2024، دوێنێ چوارشەممە، 4ـی ئەیلوولی 2024، بڕیاری دا بە دوورخستنەوەی جەعفەر عوسمان عەبدوڵڵا رەشید، بەربژێری ژمارە 44ـی لیستی بزووتنەوەی گۆڕان لە پارێزگای سلێمانی.
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن هۆکاری دوورخستنەوەکەشی روونکردووەتەوە، ئەویش سەرپێچیی بڕگەی چوارەمی مادەی 21ـی مەرجەکانی بەربژێربوونی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ژمارە یەکی ساڵی 1992ـی کردووە.
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە بڕیارەکەیدا داوای لە بزووتنەوەی گۆڕان کردووە لەماوەی سێ رۆژدا لە پێڕاگەیاندنی بە بڕیارەکە، بەربژێرەکەی بگۆڕێت.
د. عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی گوت: "هەر بەربژێرێک سەرپێچیی مەرجەکان بکات دووردەخرێتەوە، دەبێت بەربژێرەکان ئەو مەرجانەیان تێدا بێت کە بەپێی یاسا بۆیان دیاریکراوە."
بڕگەی چوارەمی مادەی 21ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ژمارە 1ـی ساڵی 1992، شەش مەرجی بۆ ئەو کەسانە دیاریکردووە، کە پێویستە وەکو بەربژێر تێیاندا هەبێت بۆ ئەوەی بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بکەن، ئەمانەن:
- هاووڵاتی کوردستانی عێراق بێت و نیشتەجێی بێت.
- شیاو بێت و گەیشتبێتە 25 ساڵ تەمەن.
- خوێندن و نووسین بزانێت.
- بە جۆرە تاوانێک سزا نەدرابێت کە لە رەوەشت و ئادابی گشتی و دەستپاکی لایدابێت.
- بە تاوانی کوشتنی دەستئەنقەست یان دزی حوکمی زیندانیکردن نەدرابێت.
- لەو تاوانانەدا بەشداری نەکردبێت کە دەسەلاتی سەکوتکار لە کوردستاندا پلانی بۆ دانابی یان ئەنجامی دابێت.
بڕیارە رۆژی 18ـی مانگی 10ی ئەم ساڵ، دەنگدانی تایبەت بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت و 20ی هەمان مانگیش دەنگدانی گشتی.
دوو ملیۆن و 899 هەزار و 578 دەنگدەر لە کوردستان تۆماری بایۆمەترییان بۆکراوە و هەزار و 192 بەربژێریش خۆیان بۆ خوولی شەشەمی پەرلەمان بەربژێرکردووە.