لە شارباژێڕ ئۆتۆمبێلێک بۆردوومان کرا و سێ کەس گیانیان لەدەستدا

05-09-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی هێرشی درۆنێکەوە لە گوندێکی سەر بە ناحیەی زەلان لە قەزای چوارتای پارێزگای سلێمانی سێ کەس گیانیان لەدەستدا.بەرپرسی دیسکی مافی مرۆڤ لە رێکخراوی (CPT) دەڵێت، یەکێکیان منداڵە و یەکێکی دیکەشیان تەرمەکەی ناناسرێتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی رووداو، کە چەند گوندنشینێکی ناوچەی شارباژێر بۆ رووداویان پشتڕاستکردووەتەوە، کاژیر 1:30ـی پاشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە، 5ـی ئەیلوولی 2024، درۆنێک کە گومان دەکرێت تورکی بێت ئۆتۆمبێلێک لە جۆری پیکابی بۆردوومان کردووە، کە سێ کەسی تێدا بووە و هەرسێکیان کوژراون.
 
شایەتحاڵێک کە تەرمەکانی بینیوە بە (رووداو)ی گوت: "رووداوەکە لە نزیک گوندی هەرمێلەی سەر بە ناحیەی زەلانی سەر بە پارێزگای سلێمانی بووە."
 
دوای رووداوەکە هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکە چوونەتە شوێنی رووداوەکە و تەرمەکانیان گواستوونەتەوە.
 
کامەران عوسمان، بەرپرسی دیسکی مافی مرۆڤ لە رێکخراوی (CPT) لەبارەی بۆردوومانەکەوە رایگەیاند، "کاژێر 1:40 خولەکی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا، لە نزیک گوندی هەرمێلەی سەر بە ناحیەی زەلان، لە قەزای چوارتا، بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا، ژمارە سلێمانی کرد."
 
بە گوتەی کامەران عوسمان "لە رووداوەکەدا، سێ هاووڵاتی بوونەتە قوربانی و یەکێک لە هاووڵاتییەکان دانیشتووی گوندی چەمەکەیە لە ناحیەی زەلان. یەکێکی دیکە لە قوربانییەکان، منداڵێکە و کانولای لەدەستدا بووە. قوربانی سێیەمیش بەهۆی زۆری رێژەی سووتاوییەکەی، دەموچاوی شێواوە و نەتوانراوە بناسرێتەوە."
 
رووداوەکە لە کاتێکدایە  دوێنێ چوارشەممە، 4-9-2024 لە هێرشێکی درۆنیدا لە شارۆچکەی خەلەکانی سەر بە قەزای دووکان لە پارێزگای سلێمانی، باوکێک و دوو کوڕ کە دانیشتووی گوندی کفرەدۆڵی سەر بە قەزای حاجیاوای ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بوون، کوژران. 
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا دووشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2024، رایگەیاند فڕۆکە جەنگییەکانی سەر بە فەرماندەیی هێزەکانی ئاسمانی، بە هاوئاهەنگیی میت، 20 پێگەی پەکەکەیان لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆردوومانکردووە.
 
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگە (CPT) ـی ئەمریکی، کە ناوەڕاستی مانگی رابردوو بڵاویکردەوە، لەماوەی زیاتر لە 33 ساڵدا بەهۆی هێرشەکانی تورکیا و ئێرانەوە 845 کەسی سڤیل لە هەرێمی کوردستان بوونەتە قوربانی، لەو ژمارەیەش 425ـیان گیانیان لەدەستداوە، زۆرترین قوربانییەکانیش بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە بووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە