رووداو دیجیتاڵ
دوای ئاگادارکردنەوەیان لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە، بەشێک لە پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کەمپی زرگوێزیان جێهێشت و روویان لە کەمپێکی ناوچەی سوورداشی سەر بە قەزای دووکان کرد.
عەتا ناسر سەقزی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 5ـی ئەیلوولی 2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوێنێ (چوارشەممە، 4ـی ئەیلوولی 2024) شاندێکی ئاسایشی سلێمانی سەردانیان کردین و پێیانڕاگەیاندن کە بەپێی بڕیار و رێککەوتننامەی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران، دەبێت کەمپی زڕگوێز لە سلێمانی بەجێبهێڵین."
بەگوتەی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، ئاسایشی سلێمانی مۆڵەتی پێداون، دەبێت تاوەکو 10ـی ئەم مانگە کەمپی زڕگوێز چۆڵ بکەن.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو ئاسایشی سلێمانی سەردانی هەر سێ پارتەکەی رۆژهەڵاتی کوردستانی لەو کەمپە کردووە و، بڕیارەکەیان پێڕاگەیاندوون کە پارتەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆمەڵە - رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانن.
بەرپرسەکەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان گوتی: "ئەمڕۆ یەکەم کاروانی ئەندامان و خانەوادەی ئەو سێ پارتە سیاسییە کەمپی زڕگوێزیان لە سلێمانی بەجێهیشت و بەرەو کەمپە نوێیەکە لە ناحیەی سوورداشی سەر بە قەزای دووکان چوون، بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا ئەوانی دیکەش بچنە کەمپە نوێیەکەوە."
بەگوتەی ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، ئەوان چەکدار نین و چەکەکانیان لێ وەرگیراوەتەوە و تەنیا وەکو پەنابەر دەڕۆنە ئەو کەمپە، گوتیشی "بڕیارەکەمان پێڕاگەێیندراوە و دەبێت بڕۆین."
کەمپی زڕگوێز دەکەوێتە ناحیەی تانجەڕۆـی سەر بە قەزای سلێمانی لە پارێزگای سلێمانی. رۆژی 19ــی ئابی 2024، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، بە نووسراوی فەرمی داوای لە ئیڤان فایەق جەبرۆ، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کرد رەزامەند بن بۆ بەکارهێنانی کەمپی سوورداش بۆ جێگیرکردنی هێزە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و هەر لەو رۆژەدا وەزیر رەزامەند بوو.
رۆژی 19ـی ئاداری 2023 لە بەغدا، عێراق و ئێران کۆنووسێکی ئەمنیی هاوبەشیان واژۆکرد، کە قاسم ئەعرەجی، عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەوکاتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران واژۆکەیان کرد، بەشێکی یاداشتەکە پەیوەندیدار بوو بە پارتە سیاسییەکانی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان.
لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنیی هاوبەش، رۆژی 19ـی ئەیلوولی 2023 رایگەیاند "بارەگاکانی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێران لە نزیک سنووری ئێران بە تەواوی چۆڵکران و بۆ ناوچەیەکی دوور لە سنوور دوورخرانەوە و لە چەکیش داماڵدران. هەروەها هێزی پاسەوانیی سنوور لەو ناوچانە بڵاوکرانەوە و بە هەمیشەیی جێگیر کران و ئاڵای عێراقی بەرزکرایەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ