رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، زیاتر لە 214 هەزار کارتی بایۆمەتریی دەنگدان وەرنەگیراونەتەوە و داوا لەو کەسانە دەکات کە مافی دەنگدانیان لە هەرێمی کوردستان هەیە سەردانی بنکەکان بکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکان بۆ ئەوەی بتوانن بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وەکو بەشێک لە پێداویستییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دەبێت دەنگدەران کارتی بایۆمەتریان هەبێت، تاوەکو بتوانن دەنگ بدەن، ئێمە کار لەسەر ئەوە دەکەین سەرجەم ئەو کارتانەی بایۆمەتری کە ماون دابەشیان بکەین، کە ژمارەیان 214 هەزار و 112 کارت دەبێت و لە 173 بنکەی تۆمارکردنن لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان."
ئەوانەی کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان وەرنەگرتووەتەوە، رێژەی 7.3%ـی کۆی دەنگدەران پێکدەهێنن، ئەوانەی تۆماری بایۆمەتریان بۆ کراوە.
سەبارەت بە ژمارەی دەنگدەرانیش، ئەوانەی کارتی بایۆمەتریان وەرگرتووەتەوە، ئاشکرای کرد: "تاوەکو سەرەتای ئەم مانگە، لە کۆی دوو ملیۆن و 899 هەزار و 578 دەنگدەر کە تۆماری بایۆمەترییان بۆکراوە، دوو ملیۆن و 685 هەزار و 466 دەنگدەر کارتی بایۆمەترییان وەرگرتووەتەوە، ناویان بەسەر شەش هەزار و 318 وێستگەی دەنگدانی هەزار و 266 بنکەی دەنگدانی گشتی و 749 وێستگەی دەنگدانی تایبەتی سەر بە 165 بنکەی دەنگدانی تایبەت دابەشبوون."
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لەبارەی کشانەوەی ئەو کەسانەی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەربژێرکردووە، دەڵێت: "بەهۆکاری یاسایی و هونەری، ئەنجوومەنی کۆمیسیۆن بڕیاری دا دەرگەی کشانەوەی بەربژێران نەکرێتەوە، چونکە کۆمیسیۆن لەڕێگەی هۆبەی بەربژێران و فەرمانگەی یاسایی کار لەسەر تەواوکردنی پێداویستییەکانی بەشداریی بەربژێران لە هەڵبژاردن دەکات و ئێستا وردبینی لە داتا و زانیارییەکانی بەربژێران دەکات، کە ژمارەیان هەزار و 192 بەربژێرن، دوای گەڕانەوەی ناوەکانیان لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە."
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لیژنەی بۆ بەدواداچوونی پێشێلکاری و سەرپێچی بەربژێران پێکهێناوە، وەکو گوتەبێژی کۆمیسیۆن دەڵێت، ئەو روونیشیدەکاتەوە: "رێککاری یاسایی بەرامبەر بە سەرپێچیکاران دەگرینەبەر."
بە گوتەی جومانە غەلای، کۆمیسیۆن دەستی بە راهێنانی کارمەندانی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووە، کە نزیکەی 41 هەزار کارمەند دەبن.
بڕیارە رۆژی 18ـی مانگی 10ی ئەم ساڵ، دەنگدانی تایبەت بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت و 20ی هەمان مانگیش دەنگدانی گشتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ