رووداو دیجیتاڵ
ئەو دار مێوانەی ساڵانی رابردوو هێندەی گەڵاکانیان ترێیان گرتبوو، ئەم ساڵ بێ بەروبوومن. نەخۆشییەک لەنێو رەزەکانی سنووری رواندز بڵاوبووەتەوە و خەریکە بەرهەمەکەی نزیکدەکاتەوە لە سفر.
مەحموود گەرەوەیی، جووتیارێکی سنووری رواندزە، لەنێو رەزە ترێکەیدا باسی کەمیی ترێی بۆ کردم، دەڵێت: ئەگەر بەشێوەیەکی گشتی لێی بڕوانیت، لەوانەیە تاوەکو 90٪ بەرهەمی ترێ کەمبووبێتەوە لە چاو ساڵانی رابردوو. ئەو جووتیارە 15 ساڵە سەرقاڵی ئەو کارەیە، بەڵام وەکو خۆی باسی دەکات، هیچ کاتێک وەکو ئەم ساڵ بەرهەمی کەم نەبووە.
لە سنووری رواندز زیاتر لە 600 رەزی ترێ هەن، هەر ترێ نا، بەروبوومەکانی دیکەش ئەم ساڵ زیانیان بەرکەوتووە.
ئێستا ئەگەر کەسێک بچێتە بازاڕی سەوزە و میوە لەو سنوورە، هەموو بەرهەمێکی ناوخۆ دەبینێت، ترێ نەبێت. ئەو بڕە ترێیەی دەشبیندرێت، هاوردەکراوی تورکیا و شارەکانی خوارووی عێراقە.
کەمیی ترێ بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەیشی. فرۆشیاران دەڵێن، ساڵانی رابردوو کیلۆیەکی بە 450 دینار بوو لە بازاڕی سەوزە و میوە، بەڵام ئەم ساڵ لەنێوان هەزار و 100 دینار بۆ هەزار و 200 دیناردایە.
بارانبارینی زۆر لە کۆتایی وەرزی بەهار و سەرما و سۆڵە، دارە بەردارەکانی سنووری سۆرانی دووچاری نەخۆشییەکی دەگمەن کردووە و کاریگەریی نەخۆشییەکەش بە کەمیی بەرهەمەکان دەرکەوتووە.
حەکیم عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سۆران دەڵێت، ئەم ساڵ لە کاتی پێگەیشتنی ترێ سەرما و بارانێکی زۆر لەناکاو هات، ئەوە کاریگەری کردە سەر بەرهەمی ترێ. هەروەها کاتێک باران زۆر بوو، پلەی گەرمیش بەرزبووەوە و شێ دروست بوو، ئەوەش بووە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، یەکێک لەوانە، نەخۆشیی دۆکەیە.
بەگوێرەی ئاماری کشتوکاڵی سۆران، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 1800 دۆنم زەوی کراون بە رەزی ترێ و لە ساڵانی رابردوو جووتیارانی سنوورەکە نزیکەی سێ بۆ چوار هەزار تۆن ترێیان خستووەتە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ