گەنجێکی سێمێل زیاتر لە مانگێکە لە سنووری بولگاریا بێسەروشوێنە

07-09-2023
حەیدەر دۆسکی
حاجی لەدوای گرتەیەکی ڤیدیۆیی، دەنگی نامێنێت
حاجی لەدوای گرتەیەکی ڤیدیۆیی، دەنگی نامێنێت
نیشانەکردن قاچاخ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

حاجیی تەمەن 26 ساڵ، دەیویست بەڕێی قاچاخ بچێتە دەرەوەی وڵات، بەڵام دوایین جار کە بینرا لەدووری پێنج کیلۆمەتر بوو لەنێو دارستانێکی بولگاریا و ئیدی ونبوو و تائێستاش کە زیاتر لە 30 رۆژە، بێسەروشوێنە.
 
گرتەیەکی ڤیدیۆیی سەرەتای مانگی ئاب تۆمارکراوە، حاجیی تێدا دەردەکەوێت، ئەو خەڵکی سێمێلە و لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا بێزار و شەکەت دیارە، دادەنیشێت و خێرا پێڵاوەکانی دادەنێت و پشتی بە دارێکەوە دەدات.
 
حاجی، لە کۆمەڵگەی مێسریکێی سەر بە سێمێل دەژیا، لەدوای ئەو گرتە ڤیدیۆییە ون بووە و زیاتر لە 30 رۆژە ماڵباتەکەی چاوەڕێن هەواڵێکی بزانن.
 
ئیدریس کەرەڤان، برای گەنجە ونبووەکەیە، دەڵێ "چووبووە تورکیا بۆ ئەوەی بە قاچاخ بچێتە ئەڵمانیا، ئەو قاچاخچییەی لەگەڵیاندا بوو هەر کورد بوو، بەڵام رێبەرەکەیان ئەفغانی بووە. ئەوان ئەو ڤیدیۆیەیان بۆ ئێمە نارد، گوایە حاجییە، گوایە ئەوە بەڵگەیە، بەڵام حاجی لە ڤیدیۆکەدا خۆی قسە ناکات بۆیە باوەڕمان پێی نییە، دەمانەوێت بزانین براکەمیان لە کوێ جێهێشتووە."
 
تیمی رووداو قسەیان لەگەڵ ئەو قاچاخچییە کرد کە حاجی لەگەڵی چوو. ئەو دەڵێ شەوانە 25 بۆ 50 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە دەچنە دەرەوە. حاجیش لە رێگەکە وەستاوە و ویستوویەتی بگەڕێتەوە، رێبەرەکەی لەگەڵیاندا بووە و گوتوویەتی خۆی رادەستی پۆلیس بکات. قاچاخچییەکە دەڵێ 'جاری دووەم کە گەڕاینەوە، هیچ شوێنەوارێکی نەمابوو.'
 
ئەو قاچاخچییە لەڕێگەی تەلەفۆنەوە وەڵامی رووداوی دایەوە و گوتی "بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی حاجی لە تورکیا و بولگاریا بەردەوامە چ بەزیندوویی یان بە مردوویی."
 
ئەو قاچاخچییە جەختیشی کردەوە لەوەی لە سنووری پارێزگای دهۆک، شەوانە 25 تاوەکو 50 کەس بە قاچاخ دەڕۆنە دەرەوە و دەیانەوێت خۆیان بگەیەننە وڵاتانی رۆژئاوا.
 
تیمەکەی رووداو چوونە سێمێل، ئەوەی لەنێو خەڵکی ئەو قەزایەدا هەیە ئەوەیە؛ ئێستا رەوشەکە بەجۆرێکە نەوەک تەنیا گەنج و سەڵت، بەڵکو کەسانی خێزانداریش دەیانەوێت خۆیان بگەیەننە دەرەوەی وڵات.
 
هاونیشتمانییەک لە سێمێل باسی رەوشی ژیانی دەکات و دەڵێ "زەحمەتە، سەرەتا دارتاش بووم، بەڵام ئەو کارە نەما و جێمهێشت، دواتر بوومە شۆفێری تەکسی، ئەوەش دەبێت رۆژێک لەنۆرەی بەنزین بووەستی، بەخوا ئەوە ژیان نییە لێرە هەمانە."
 
لە سەرتاسەری پارێزگای دهۆک، زۆرترین گەنج کە چوونەتە دەرەوەی وڵات لە سنووری ناحیەی شیلادزێ بوون، بەڵام رەوشی گەنجانی دهۆکیش لەوە باشتر نییە و تائێستا ئامارێکی راستەقینەی چوونی گەنجان لەبەردەستدا نییە.

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترینیان لە سلێمانییە

پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوایین رۆژی دیاریکراو بۆ پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران، لیستەکەی رادەستی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکات. 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترین بەربژێری لە پارێزگای سلێمانییە.