تورکیا و پەکەکە ئاماری شەڕ بڵاودەکەنەوە


رووداو دیجیتاڵ 

سوپای تورکیا کوژرانی سەربازێک و برینداربوونی سەربازێکی دیکەی لە ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ – قوفڵ لە هەرێمی کوردستان راگەیاند. 

وەزارەتی بەرگریی تورکیا رۆژی سێشەممە، 5ـی ئەیلوولی 2023، لە راگەیێندراوێکدا کوژرانی سەربازێکی لە سنووری ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ – قوفڵ لە ناوچەی زاپ لە نێو خاکی هەرێمی کوردستان راگەیاند.
 
لە راگەیێندراوەکەیدا وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێت، رۆژی دووشەممە، 4ـی ئەیلوولی 2023، لە ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ – قوفڵ، بۆمبێک کە لە لایەن هێزەکانی پەکەکەوە چێندرابوو، بە هێزەکانیاندا تەقیوەتەوە و لە ئەنجامدا سەربازێکیان بەناوی ئوونال سیپاهی کوژراوە و سەربازێکیشیان بریندار بووە. ئاماژە بەوەش کراوە، سەربازە بریندارەکە گوێزراوەتەوە نەخۆشخانە و چارەسەر وەردەگرێت.
 
هاوکات هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە، باڵی چەکداریی پارتی کریکارانی کوردستان - پەکەکە رایگەیاند، رۆژی دووشەممە 4ـی ئەیلوولی 2023 لە چەند هێرشێکدا بۆ سەر پێگەکانی سوپای تورکیا لە ناوچەی زاپ لە هەرێمی کوردستان، 7 سەربازی تورکیا کوژراون و بانگەشەی ئەوە دەکات، تەرمی 4 سەربازی تورکیا کەوتوونەتە دەست هێزەکانیان.
 
هەپەگە دەڵێت، ئەمرۆ سێشەممە 5ـی ئەیلوولی 2023ش گوندی بێشیل و چیای مەتین لە سنووری قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک دووجار لە لایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە بوردوومان کراون؛ تۆپخانەکانی سوپای تورکیاش چەندین جار ناوچەی زاپ، چیای مەتین و خواکوڕکیان تۆپباران کردووە، بەڵام هیچ ئامارێک لەبارەی زیانەکانی ئەو هێرشانەوە رانەگەیێندراوە.