پیاوێکی تەمەن 76 ساڵ بەشداری لە خۆپێشاندانەکەی دهۆک کرد و دەڵێت: ئەم ستەمە بەردەوام نابێت

05-09-2023
حەیدەر دۆسکی
محەممەد تاهیر، پێشمەرگەی خانەنشین
محەممەد تاهیر، پێشمەرگەی خانەنشین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە دهۆک بە ئامادەبوونی هەزاران کەس خۆپێشاندان بۆ داواکردنی مووچە و بودجە کرا. دەیان کەس چەندین کاژێر پێش خۆپێشاندانەکە چوونە گۆڕەپانەکە. یەکێک لەو کەسانەی زوو چووە شوێنی بەڕێوەچوونی خۆپێشاندان، تەمەنی 76 ساڵە و دەڵێت، بۆ داواکردنی مافی خۆی بەشداری کردووە و دەشڵێت، بەغدا ناتوانێت هەرێمی کوردستان لەنێوببات.
 
محەممەد تاهیر، پێشمەرگەی خانەنشین و بەشداربووی خۆپێشاندانەکەی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمە ستەمە لە ئێمە دەکرێت، بەڵام ناتوانن بەسەر ئێمەدا زاڵ بن تاوەکو قیامەت، ستەمی ئەوان بەردەوامی نابێت."
 
هەزاران کەس بە جلی کوردی و ئاڵای کوردستانەوە بەشدارییان لە خۆپێشاندانەکەدا کرد. داڤین هاشم، یەکێکی دیکە لە بەشداربووانی خۆپێشاندانەکە بە رووداوی راگەیاند، "دەمەوێ بە خەڵکی کەرکووک بڵێم، ئێمە وەکو خەڵکی دهۆک لەگەڵ ئێوەین. بۆ بابەتی مووچەش دەبێت [بەغدا] بینێرێت و خێرمان پێ ناکەن، چونکە مافی خۆمانە، ئەمە جاری یەکەم و دووەم نییە مووچە دوادەخەن."
 
لە خۆپێشاندانەکەدا ئاڵای کوردستان، وێنەی شەهیدانی خۆپێشاندانەکەی کەرکووک و دروشمی داواکردنی مووچە بەرزکرانەوە. هاونیشتمانییەکی بەتەمەن لەنێو خۆپێشاندانەکەدا بە دەنگێکی بەرزەوە داوای کرد هەموو لایەنە سیاسییەکان یەکبگرن و کۆتایی بە ناکۆکییەکانیان بهێنن. 
 
ئەو هاونیشتمانییە بەتەمەنە گوتی، لایەنە سیاسییەکان دەستی یەک بگرن بۆئەوەی هەرێمی کوردستان سەربکەوێت، واز لە دژایەتی و ناکۆکی بهێنن.
 
لەنێو خۆپێشاندانەکەدا بە زمانی کوردی و عەرەبی پەیام و دروشم خوێندرانەوە. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک بە رووداوی گوت، "ئەو راگەیێندراوەکەی لەوێ خوێندرایەوە رادەستی ئێمە دەکرێت و ئێمەش بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق، کۆنسوڵخانە و نوێنەرایەتییەکانی بەرزدەکەینەوە، بۆئەوەی بۆ هەموو لایەک دیار بێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی جێبەجێکردووە، بەڵام هەندێک لایەن لە بەغدا رێگەنادەن ئەو رێککەوتنە سەربگرێت."
 
هەزاران کەس لە شاری دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەشدارییان لە خۆپێشاندانەکەدا کرد و لە دژی حکومەتی عێراق دروشمیان گوتەوە و داوای مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانیان کرد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە