لە بۆکان کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ قوتابییانی خێزانە کەمداهاتەکان بەڕێوەدەچێت

 
رووداو دیجیتاڵ

لە بۆکان پێداویستییەکانی قوتابخانە بۆ راکێشانی سەرنجی خەڵک بۆ لای ئەو قوتابییانەی بەهۆی کێشەی ئابووریی خێزانەکانیان واز لە خوێندن دەهێنن، هەڵواسراون، ئەوەش لە چوارچێوەی هەڵمەتێکدا بۆ هاوکاریکردنی قوتابییانی کەمدەرامەت. هەڵمەتەکە چالاکییەکی هاوبەشی بنکەی خێرخوازیی پەیوەندیی قوتابخانەکان و چالاکڤان و کەسایەتییەکانی بۆکانە.
 
خێرخواز و چالاکڤانانی بۆکان بە رێکخستنی کەمپینی 'هیواکانی داهاتوو،' هەڵمەتێکیان بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ قوتابییانی خێزانە کەمداهاتەکانی ئەو شارە دەستپێکردووە.
 
رێکخەرانی هەڵمەتەکە دەیانەوێت پێش دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن، پێداویستییەکانی خوێندن و جلوبەرگی نوێ بۆ ئەو قوتابییانە بکڕن.
 
لە هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ قوتابییانی خێزانە کەمداهاتەکانی بۆکاندا، کۆمەڵێک لە کەسایەتییە ناسراوەکانی شارەکە بەشدارن و دەیانەوێت لەو رێگەیەوە تەمی وازهێنان لە خوێندن لە شارەکەیان بڕەوێننەوە.
 
فەرمانگەی پەروەردەی بۆکان بە رێکخەرانی ئەو کەمپینەی راگەیاندووە، بەهۆی دەست تەنگیی خێزانەکانیان، ئەگەری وازهێنانی 2000 قوتابیی ئەو شارە لەئارادایە. بەپێی ئاماری ساڵی 2021، لە بۆکان 2700 منداڵ لە خوێندن جێماون. هۆکاری جێمانی بەشێکیان، هەژاریی خێزانەکانیانە.