جێگری پارێزگاری ورمێ: هەزار و 13 خانوو بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی شاری خۆی دروستکراون


رووداو دیجیتاڵ

جێگری پارێزگاری ورمێ بۆ کاروباری ئاوەدانکردنەوە دەڵێت، تائێستا هەزار و 13 خانوو بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی شاری خۆی دروستکراون و دروستکردنی هەزار و 800 خانووی دیکەش بەردەوامە.
 
زیاتر لە 11 مانگ بەسەر یەکەمین بوومەلەرزی سەرووی 5 پلە رێختەریی شاری خۆی رۆژهەڵاتی کوردستاندا تێدەپەرێت و هێشتا بەشێکی زۆری خەڵکی زیانلێکەوتوو بێ خانوون و لە ژێر خێوەتدا دەژین. لە 5-10-2022، یەکەمین بوومەلەرزە لە خۆی روویدا؛ دواتر لە 18-1-2023 و 28-1-2023 دوو بوومەلەرزەی دیکە شاری خۆیان هەژاند.
 
بەرپرسانی پارێزگای ورمێ دەڵێن، بەشێک لە خانووە رووخاوەکان لە لایەن حکومەتەوە دروستکراون و رادەستی خاوەنەکانیان کراونەتەوە و کارکردن لە بەشێکی دیکەش بەردەوامە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 5-9-2023، یاسر رەهبەردین، جێگری پارێزگاری ورمێ بۆ کاروباری ئاوەدانکردنەوە رایگەیاند، "ساڵی رابردوو و ئەمساڵ سێ بوومەلەرزەی سەروو 5.3 پلەی رێختەر لە شاری خۆی روویاندا؛ لەوکاتەوە زیاتر لە 700 پاشلەرزەش لە ناوچەکە روویانداوە کە بەهۆیانەوە 3 هەزار و 220 خانوو رووخان. هەزار و 100 خانوو لە بوومەلەرزەی یەکەم و 2 هەزار و 120 خانووش لە بوومەلەرزەی دووەمدا رووخان".
 
یاسر رەهبەردین گوتی، لە ئەنجامی بوومەلەرزەکاندا 47 قوتابخانە زیانیان بەرکەوت کە 14 لەو قوتابخانانە بە تەواوەتی رووخان؛ هەروەها زیان بە ژێرخانی ناوچەکە لە رووی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە گەیشت.
 
جێگری پارێزگاری ورمێ بۆ کاروباری ئاوەدانکردنەوە گوتیشی، لە بوومەلەرزەی یەکەمی خۆیدا 523 شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵ و لە بوومەلەرزەی دوومیشدا 3 هەزار شوێنی ئاژەڵ لە گوندەکانی سەر بەو شارە تێکچوون.
 
جێگری پارێزگاری ورمێ دەڵێت، تائێستا هەزار و 13 خانوو بۆ زیانلێکەوتوانی بوومەلەرزەکەی شاری خۆی دروستکراون و رادەستی خاوەنەکانیان کراونەتەوە و دروستکردنی هەزار و 800 خانووی دیکەش بەردەوامە.
 
لەبارەی دروستکردنی شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵیش، بەرپرسەکەی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، هەزار و 32 شوێن بۆ ئەو مەبەستە دروستکراون و لە قۆناخی کۆتایی جێبەجێکردندان؛ کارکردن لە 2 هەزار و 491 شوێنی دیکەش بەردەوامە.
 
یاسر رەهبەردین ئاماژە بە ئاسانکارییەکانی حکومەت بۆ هاوکاری خەڵکی زیانلێکەوتووی خۆی دەکات و دەڵێت، حکومەت لە رێگەی بانکەکانەوە پێشینەی خانووبەرە و سولفە دەداتە هاووڵاتیانی ناوچەکە و لە 3 هەزار و 200 دۆسیە کە بۆ وەرگرتنی سولفە پێشکەشی بانکەکان کراون، 2 هەزار و 865 کەس سولفەکەیان پێدراوە.
 
لەبارەی دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانی ناوچەکەش، رەهبەردین دەڵێت، 33 قوتابخانە بە 313 پۆلی خوێندنەوە کە لە بوومەلەرزەی سەرەتای ئەمساڵدا زیانیان بەرکەوت، نۆژەنکراونەتەوە؛ 14 قوتابخانەش بە 123 پۆلی خوێندنەوە کە بە هۆی بوومەلەرزەی ساڵی 2022ەوە رووخابوون، دەست بە دروستکردنیان کراوە و تا ئێستا 25٪ی پرۆژەکە تەواو بووە.