پەروەردەی سلێمانی: 83 قوتابخانە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە
رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی رایدەگەیێنێت، ئەم ساڵ زیاتر لە 29 هەزار قوتابی لە پۆلی یەک وەرگیراون. دەشڵێت، بە بڕیاری وەزارەتی پەروەردە 10 قوتابخانە لە نۆژەنکردنەوەدان و 83 قوتابخانەش لە سنووری پەروەردەی سلێمانی پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە.
عومەر عەبدوڵڵا، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی لە میانی بەشداریکردنی لە پۆدکاستی بەکاتی سلێمانی رایگەیاند، ئامادەکاریی پێویستیان بۆ دەستپێکردنی وەرزی نوێی خوێندن کردووە و بۆ ئەمساڵ 29 هەزار 258 خوێندکار لە پۆلی یەکی بنەڕەتی وەرگیراون.
بەگوتەی یاریدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، زیادکردنی پشووی قوتابخانەکان بۆ دوو رۆژ لە هەفتەیەکدا بڕیارێکە پێشوەختە لێکۆڵینەوەی لێکراوە و هیچ گرفتێک دروست ناکات بۆ پرۆسەی خوێندن، چونکە ساڵی خوێندن 164 رۆژی خوێندنە، مامۆستایان فریای تەواوکردنی پرۆگرام دەکەون.
عومەر عەبدوڵڵا گوتیشی، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی و 10 بەڕێوەبەرێتی لە قەزا و ناحیەکانی، بۆ ئەمساڵی خوێندن 2023-2024، زیاتر لە 379 هەزار قوتابی لە پۆلەکانی یەک تاوەکو 12 دەخوێنن.
ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەدەی سلێمانی بۆ ئەم ساڵی خوێندن لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەمشێوەیەیە:
- 379 هەزار و 815 قوتابی لە پۆلی یەک تاوەکو پۆلی 12.
- 29 هەزار و 285 خوێندکاری پۆلی یەک وەرگیراون.
- 39 هەزار و 765 فەرمانبەر و مامۆستا و کارگوزار.
- هەزار و 488 بینا و قوتابخانە هەن.
یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی دەشڵێت، لە سنووری پارێزگای سلێمانی 83 قوتابخانە پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەیە، لە ساڵانی رابردووشدا 700 قوتابخانە نۆژەنکراوەتەوە، ئێستا 10 قوتابخانە لەلایەن وەزارەتی پەروەردە بودجەی بۆ تەرخانکراوە و لەژێر نۆژەنکردنەوەدایە.
لەبارەی دەستپێکردنی پرۆسەی خوێندن لە وادەی خۆیدا، عومەر عەبدوڵڵا دەڵێت، "ئەگەر مووچە زۆر دوابکەوێت، گرفت بۆ دەوامی قوتابخانەکان دروستدەبێت."