رووداو دیجیتاڵ
وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هیچ نوسراوێکمان لە داواکاری گشتی لە بارەی راگرتنی تیکتۆک بەدەستنەگەیشتووە. ئەو نووسراوەمان تەنیا لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بینیوە و تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێک بۆ داخستنی نەنراوە."
رۆژی 16-8-2022 دوو پەرلەمانتاری کۆمەڵی دادگەری نووسراویان ئاراستەی داواکاری گشتی کرد بۆ راگرتنی تیکتۆک. رۆژی یەکشەممە 4-9-2022 داواکاری گشتی لە نووسراوی ژمارە 1040 داواکارییەکەی ئەو دوو پەرلەمانتارەی ئاراستەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن کردووە و تێدا هاتووە: "هاوپێچ لەگەڵ نوسراوەکەماندا وێنەیەک لە دەقی داواکاریی دوو پەرلەمانتار (رووپاک ئەحمەد) و (بەدریە ئیسماعیل)تان بۆ رەوانە دەکەین، کە داوای راگرتنی تیکتۆک دەکەن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە پێناوی پاراستنی بەها و ئەخلاقی کۆمەڵگەکەمان."
رۆژی دووشەممە 5-9-2022، ئانۆ جەهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هیچ نووسراوێکمان لە داواکاری گشتییەوە بە دەستنەگەیشتووە لە بارەی راگرتنی تێکتۆک و ئەوەی هەیە لە تۆڕە کۆمەڵەیەتییەکان بەرچاومان کەوتووە و تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێک بۆ داخستنیشی نەنراوە."
وەزیری گواستنەوە و گەیاندن گوتیشی: "تاوەکو ئێستا تەنیا پاکێجی خێزانیمان راگەیاندووە."
بەدرییە ئیسماعیل، یەکێک لەو پەرلەمانتارانەی نووسراوی ئاراستەی داواکاری گشتی کردووە بە مەبەستی داخستنی تیکتۆک، رۆژی دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە، داواکاری گشتی وەڵامی نوسراوەکەی داینەوە؛ ئەوەی دیکە پەیوەندی بە وەزارەتەکەوە هەیە."
لە بارەی بیرۆکەی ئامادەکردنی ئەو نووسراوە و ئاراستە کردنی بۆ داواکاری گشتی، ئەو پەرلەمانتارە گوتی: "ئێمە لە خەمی کۆمەڵگەداین. بە گوێرەی بەدواداچوونەکانمان و ئەو سکاڵایانەی لە لایەن هاووڵاتییانەوە ئاراستەمان کراون لە بارەی لێکەوتە خراپەکانی تیکتۆک، کاری ئێمە بوو ئەو نووسراوە بکەین و هۆکاری سەرەکی ئێمە بوو بە کاری پیشەیی خۆمان هەستین."
رۆژی 21-8-2022، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن سەرجەم کۆمپانیاکانی مۆبایل و ئینتەرنێتی پابەند کرد بەوەی لە ماوەی مانگێکدا پاکێجێکی خێزانی دروستبکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی ماڵپەرە سێکسییەکان و کۆمەڵێک خاڵی دەستنیشان کردووە بۆ ئەوەی لە پاکێجەکەدا سانسۆر بکرێن.
27ی ئابی 2021، ئەو بڕیارە دەرچووە و دەبێت تاوەکو 27-9-2022 سەرجەمیان پێوەی پابەند بووبن. ئانۆ جەوهەر رۆژی 21-8-2022 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی گوتی، "هەر کۆمپانیایەکیش بڕیارەکەی جێبەجێنەکرد، بەپێی یاسا بەرکارەکانی وەزارەت مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین."
لەناو پاکێجە خێزانییەکان ئەم خاڵانە دیاریکراون کە دەبێت کۆمپانیاکان سانسۆریان بخەنەسەر: سووکایەتی بە ئایین و پێغەمبەر و کتێبە ئاسمانییەکان و سەرجەم ئایین و ئاینزاکانی کوردستان، تێکدانی ئاسایشی پێکەوەژیان و کۆمەڵگە و بڵاوکردنەوەی رق و دووبەرەکی و تووندوتیژیی ئایینی و نەتەوەیی و...، ماڵپەڕە سێکسییەکان، کڕین و فرۆشتنی چەک و تەقەمەنی، قوماری ئەلیکترۆنی و هەموو بابەتەکانی دیکەی قومارکردن، دراوی ئەلیکترۆنی بە هەموو جۆرەکانی، هاندان و ریکلام بۆ جگەرە و خواردنەوە کحولییەکان، سەرجەم ماددە هۆشبەرەکان، هاندانی تووندوتیژیی خێزانی و تووندوتیژی بەرامبەر ئافرەت و منداڵ بە هەموو جۆرەکانیەوە و تووندوتیژی دژی ئاژەڵان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ