ئاسایشی سلێمانی: چەکدارەکەی قەرەداخ چەند رۆژێک پێش ئێستا چەند کارێکی 'تیرۆریستیی' کردووە

05-09-2022
پێشەوا بەختیار
لە رووداوەکەدا هەشت کارمەندی ئاسایش و پۆلیس و هاونیشتمانییەک بریندار بوون
لە رووداوەکەدا هەشت کارمەندی ئاسایش و پۆلیس و هاونیشتمانییەک بریندار بوون
A+ A-
 
رووداو - سلێمانی

شەوی رابردوو هێزە ئەمنییەکان و چەکدارێک لە شارۆچکەی قەرەداخی باشووری سلێمانی رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و بەهۆیەوە چەند ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان و هاووڵاتیی سڤیل بریندار بوون و چەکدارەکەش کوژرا.
 
چەکدارەکە وەکو ئاسایشی سلێمانی باسیکرد، ماتۆڕسوارێکی رووخسار داپۆشراو بووە، کە هەر لە هاتنە ناوەوەی قەرەداخ بووەتە جێی گومانی هێزە ئەمنییەکان و داوای ناسنامەی لێکراوە، بەڵام رایکردووە و خۆی بە گەراجی ئۆتۆمبێلی ماڵێکدا کردووە؛ دواتریش رووبەڕووبوونەوەی چەکداری روویداوە.
 
هێمن حەمەئەمین، شایەتحاڵ بە رووداوی گوت، "هێزە ئەمنییەکان زۆر هەوڵیاندابوو کە خۆی بەدەستەوە بدات، بەڵام ئەو قبووڵی نەکرد و گوتبووی بێنە پێشەوە دەتانتەقێنمەوە و خۆیشم دەکوژم، گوتبووی وازم لێ بهێنن نوێژ دەکەم و دەڕۆم، ئەوەندە شتەکە بە ئاسانی تێگەیشتبوو."
 
شایەتحاڵێکی دیکە بەناوی کەیوان بەکر باسی لەوە کرد، "خۆم بینیم کە لەدەستی ئاسایش و پۆلیسەکان رایکرد و تەقەی کرد، فیشەکێک لەبەردەمی خۆم دای لە زەوی، خوا رەحمی کرد نەیکوشتم."
 
هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسی قەرەداخ چوونە شوێنی خۆحەشاردانی چەکدارەکە، بەڵام خۆی بەدەستەوە نەدا و چوار نارنجۆکی هاوێشتە نێو هێزە ئەمنییەکان و جگە لە هێزە ئەمنییەکان، تەقەی هەڕەمەکیی لە ماڵەکانی دەوروبەریشی کرد.
 
دوای نزیکەی دوو کاژێر شەڕ و گەمارۆدان، چەکدارەکە لە رووبەڕووبوونەوەیدا فیشەکێک بەر سەری کەوت و کۆتایی بە ژیانی هات.
 
یاسین سەمیع، گوتەبێژی ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، "ئەو کەسە هەوڵدراوە بە زیندوویی خۆی بەدەستەوە بدات، بەڵام رازی نەبووە و لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەکەدا ئەو تیرۆریستە کوژراوە، زانیاریی ورد هەیە لەسەری کە بیری تووندڕەویی هەبووە، لە چەند رۆژی رابردوودا تەقەی کردووە و چەند کارێکی تیرۆریستیی ئەنجامداوە و بەنیازی کاری دیکەش بووە، لە هەوڵدا بووە کاری دیکەی تیرۆریستی بکات."
 
لەو رووداوەدا، چوار کارمەندی ئاسایش، چوار کارمەندی پۆلیس و هاونیشتمانییەک بریندار بوون.
 
‎هەرچەندە ئاسایش ناسنامەی چەکدارەکەی ئاشکرا نەکرد، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەوتووە، هەفتەی رابردوو چەکدارەکە تەقەی لە بنکەیەکی پۆلیسی شارۆچکەی بەرزنجە کردووە و لە لیستی داواکراوانی ئاسایشی سلێمانی بووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە