مەلا بەختیار: لە مێژووی یەکێتیدا نەبینراوە دوای کۆنگرە سێ جار دەستکاری پەیڕەوی ناوخۆ بکرێت


رووداو دیجیتاڵ 

مەلا بەختیار، لە روونکردنەوەیەکدا دۆخی ئێستای یەکێتی بەراورد بە حەوت ساڵ لەمەوبەر دەکات کە لە هەڵبژاردنەکاندا زیاتر لە 492 هەزار دەنگی لەدەستداوە و دەڵێت، "بەو شێوەیە یەکێتی نوێکراوەتەوە و یەکێتی باشترە لە سەردەمی مام جەلال و مەکتەبی سیاسیی و هێرۆخان؟"
 
شەوی دووشەممە 5-9-2022 مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا لەژێر ناونیشانی روونکردنەوەیەک لەسەر قسەکانی بافڵ تاڵەبانی لەبارەی خودای گەورە، رەتیدەکاتەوە کە هیچ سووکایەتییەکی بە پیرۆزییەکانی ئیسلام کردبێت. ئەمەش دوای ئەوەی بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند بەهۆی ئەوەی مەلا بەجتیار قسەی بە خودا گوتووە، بۆیە بودجەی دەزگاکەی بڕیوە.
 
مەلا بەختیار لە بەشێکی قسەکانیدا باسی دۆخی ناوخۆی یەکێتی کرد و گوتی: "لە مێژووی یەکێتیدا بەخۆمانەوە نەبینیوە لەدوای کۆنگرە سێ جار پەیڕەوی ناوخۆ دەستکاریی بکرێت، لەسەر تەلەڤزیۆن گوتم ئەو هاوسەرۆکییەی دانراوە تا سەر نابات و ساڵێک دواتر دەیانبینمەوە چییان لێ بەسەردێت و بەسەرتانهات".
 
مەلا بەختیار دەڵێت، "لەدوای کارەساتی هەکارییەوە یەکێتی دۆخی هێندەی ئێستا خراپ نەبووە، لە ساڵی 2014 یەکێتی نیشتمانی کوردستان 847 هەزار و 711 دەنگی هێنا کە خۆم سەرپەرستی هەڵبژاردنەکەم دەکرد. لە 2014 بۆ 2021 کە حەوت ساڵ جیاوازیی هەیە، لەو ماوەیە نزیکەی چوار ساڵە کۆنگرە بەستراوە، یەکێتیی نیشتمانی لە هەڵبژاردنی 2021ـی پەرلەمانی عێراق 355 هەزار و 591 دەنگی هێنا. لە ماوەی ئەو حەوت ساڵەدا 492 هەزار و 120 دەنگی لەدەستداوە کە حەوت لەدایکبووش لەو ماوەیە گەیشتوونەتە تەمەنی دەنگدان."
 
مەلا بەختیار هەر سەبارەت بە ئامارەکانی دەنگی یەکێتی لە هەڵبژاردنەکان دەڵێت، "ساڵی 2014 یەکێتی لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان 528 هەزار و 122 دەنگی هێنا، بەڵام ساڵی 2021 کە سەرکردایەتیی یەکێتی و کاک بافڵ توانای ماددیی زیاتر و هەموو راگەیاندن و پێداویستییەکانیان لەبەردەستبووە، 214 هەزار دەنگیان هێناوە، واتا 313 هەزار و 553 دەنگ دابەزین، بەو شێوەیە یەکێتی نوێکراوەتەوە." مەلا بەختیار دەپرسێت، "یەکێتی باشترە لە سەردەمی مام جەلال و مەکتەبی سیاسیی و هێرۆخان."
 
بە گوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: لە پایتەختی کوردستان، ساڵی 2014 یەکێتی 168 هەزار و 688 دەنگی هێنابوو، بەڵام ساڵی 2021 یەکێتی 65 هەزار و 316 دەنگی هێناوە، لەماوەی ئەو حەوت ساڵەدا یەکێتی لە هەولێر 103 هەزار و 372 دەنگی لەدەستداوە.
 
گوتیشی: "یەکێتی کە هەمیشە سلێمانی بەلاوە گرنگ بووە و مام جەلال لە خۆشەویستیی بۆ ئەو شارە دەیگوت شارە حەیاتەکە، لە 2014 لە سلێمانی یەکێتی بە سەرپەرشتی من 294 هەزار و 265 دەنگی هێناو، بەڵام لە ساڵی 2021 یەکێتی 123 هەزار 814 دەنگی هێناوە و 170 هەزار و 451 دەنگی لەو شارە لەدەستداوە."
 
مەلا بەختیار دوای خستنەڕووی ئەو ئامارانە رووی قسەی لە مەکتەبی سیاسیی حیزبەکەی کرد و گوتی: "ئەوە دەخەمە بەردەم ویژدانی مەکتەبی سیاسیی بۆ ئەوەی بزانین لە هەڵبژاردنی ساڵی 2014 یەکێتی پارەی زۆر خەرجکردووە یان لە هەڵبژاردنی 2021 لە هەموو ئاستەکانی عێراق و کوردستان و پارێزگاکان."
 
لەبارەی دۆخی یەکێتی لە هەڵبژاردنی 2021ـی پەرلەمانی عێراق لە گەرمیان، مەلا بەختیار ئاماژەیدا: "لە دوا هەڵبژاردن چوومەتە خانەقین و یەک دینارم لە یەکیتی وەرنەگرتووە، زۆرترین دەنگی قەزاکانی عێراق، یەکێتی نیشتمانی کوردستان هێناویەتی، بە کەلار، کفری، دەربەندیخان، سمود و رزگاری و ئۆردوگاکانی دیکە، بە هەموویانەوە یەکێتی شەش هەزار دەنگی هێناوە، بەڵام لە هەمان هەڵبژاردن لە قەزای خانەقین یەکێتی 21 هەزار دەنگی هێنابوو."
 
دواتر مەلا بەختیار روو لە سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی دەکات و دەڵی، "یەکێتی بەوە هەڵناستێتەوە ئەو کەسانەی بوختان بۆ من یان هەرکەسێکی دیکە هەڵدەبەستن، کاک بافڵ یان هیچ مەکتەبێکی سیاسیی باوەڕیان پێبکەن، بوختان هەڵبەستراوە کە من دژی خودا قسەم کردووە، قەت گوناهی وا ناکەم و هەرگیزیش نەمکردووە."
 
ئەو روونکردنەوەیەی مەلا بەختیار دوای ئەوە دێت کە رۆژی یەکشەممە 4-9-2022 تۆمارێکی دەنگی بڵاوکرایەوە کە گوایا هیی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و تێیدا دەڵێت "مەلا بەختیار کە باوکی خێزانمە، کە قسەی بە خودا گوت، هەموو پارە و شتەکانیم بڕی،" بەڵام تائێستا نووسینگەی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە فەرمی روونکردنەوەی لەبارەی ئەو تۆمارە دەنگییە بڵاونەکردووەتەوە.