سەربەست لەزگین: هیچ رێگرییەک لە بەردەم وەزیری پێشمەرگەدا نییە و نیگەرانییەکانی لە دەرەوەی وەزارەتە
رووداو دیجیتاڵ
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیێنێت، نیگەرانییەکانی وەزیری پێشمەرگە لەنێو وەزارەتدا نییە و تاوەکو ئێستا بەردەوامن لە هەماهەنگی و کارکردن و هیچ رێگری و لەمپەرێک لە وەزارەتی پێشمەرگەدا نییە و "رەنگە ئەو ئاستەنگانەی باسی دەکات لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە بێت." هەروەها دەشڵێت، بەگوێرەی ئەو پلانەی کاری لەسەر دەکەن، تاوەکو ساڵی 2025 هیچ هێزێک نامێنیت لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە.
سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە رۆژی دووشەممە 5ی ئەیلوولی 2022 میوانی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ بوو، کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات و، رایگەیاند، "ئێستا دەستێوەردانی حیزبی لەنێو وەزارەتی پێشمەرگەدا زۆر کەم بووەتەوە و لەو روەوە حیزبەکان هاوکاری وەزارەتی پێشمەرگە بوون."
لەبارەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، سەربەست لەزگین ئەوەی خستەڕوو، یەکگرتنی هێزەکانی پێشمەرگە کاتی دەوێت و کاری لەسەر دەکەن، ئێستا دوو لیوا لە یەکەی هەشتا و دوو لیواش لە یەکەی حەفتا گواستراونەتەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.
لەبارەی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەوە بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە گوتیشی، لە 2020وە دەستیپێکردووە و ئێستا کار دەکەن بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و بەگوێرەی ئەو هەوڵەی دەستیان پێکردووە، تاوەکو ساڵی 2025 هیچ هێزێک نامێنێت لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە و هەموو هێزەکان لەژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگەدا دەبن.
لەبارەی یەکەی ژمێریاریی هیزەکانی پێشمەرگەوە، سەربەست لەزگین باسی لەوە کرد، تاوەکو ساڵی داهاتوو وەزارەتی پێشمەرگە دەبێتە خاوەنی یەک یەکەی ژمێریاری و تاوەکو ئیستا نزیکەی 40 هەزار پێشمەرگە لە بانکەکاندا مووچە وەردەگرن.
بە بۆچوونی سەربەست لەزگین، ئەزموونی پێکهێنانی لیوا هاوبەشەکان بە شێوەی 50 بە 50 سەرکەوتوو نەبووە و ئەو هێزەی کە ئێستا کار دەکەن بۆ پێکهێنانی فەرمان و بەڕێوەبردنی ئیداری و دارایی لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە دەبێت.
بریکاری وەزیری پێشمەرگە گوتیشی، ئێستا پارتی و یەکێتی دیدگەیەکی هاوبەشیان هەیە بۆئەوەی هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی هێزێکی نیشتمانی.
دەربارەی پێکهێنانی دوو لیوای هاوبەش لەلایەن پێشمەرگە و سوپای عێراقەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە بە ناوچەی بۆشایی ئەمنی ناودەبرێن، سەربەست لەزگین گوتی، پێکهێنانی ئەو دوو لیوا هاوبەشە لەسەر بابەتی بودجە ماوەتەوە و لای حکومەتی عێراقە، ئاڵۆزییەکانی دۆخی بەغداش رۆڵی هەبووە لە تەواوکردنی کارەکانی.
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی هێرش و چالاکییەکانی چەکدارانی داعش، ئاماژەی بەوە کرد، چەکدارانی داعش لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سوپای عێراقەوە هێرش و چالاکییان هەیە و پێکهێنانی دوو لیوا هاوبەشەکەی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق رۆڵی دەبێت لە کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانەی چەکدارانی داعش هێرشی تێدا دەکەن.