فیدراسیۆنی ئاوی ئێران: گەردیلەکانی دەریاچەی ورمێ دەبنەهۆی تووشبوون بە نەخۆشیی مەترسیدار

 
رووداو دیجیتاڵ

سکرتێری فیدراسیۆنی ئاوی ئێران رایگەیاند، بەپێی ئەو تاقیکردنەوە پزیشکییانەی کراون، گەردیلەکانی خوێی دەریاچەی ورمێ دەبنە هۆی تووشبوونی دانیشتووانی دەوروبەری دەریاچەکە بە چەندین نەخۆشیی مەترسیدار.
 
عەلیڕەزا شەریعەت، سکرتێری فیدراسیۆنی ئاوی ئێران و بەرپرسی پێشووی نووسینگەی چاودێری لە ناوەندی ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ رایگەیاند، بەپێی تاقیکردنەوە پزیشکییەکان، گەردیلەکانی خوێی دەریاچەی ورمێ کالسیۆم، ئاسن، ئەلەمنیۆم و مەگنسیۆمیان تێدایە، "بوونی ئەو ماددانەش دەبێتە هۆی تووشبوونی خەڵک بە نەخۆشییەکانی گورچیلە، خوێن، چاو و هەناسەدان."
 
لە لایەکی دیکەوە، سەعید شەهەند، بەڕێوەبەری پاراستنی ژینگەی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، وشکبوونی دەریاچەکە بووەتە هۆی ئەوەی ئاژەڵەکانی وەکو بزنی کێوی و کەڵەکێوی لە دوورگەکانی نێو دەریاچەکە نەمێنن و لە جێگەی ئەوان پڵینگ و چەقەڵ چوونەتە شوێنەکانیان.
 
بەپێی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ناوچەیی پارێزگای ورمێ، کە رۆژی شەممە بڵاویکردووەتەوە، دەریاچەی ورمێ لە خراپترین دۆخی خۆیدایە و ئاستی ئاوەکەی چوار مەتر و 26 سانتیمەتر لە ئاستی ئاسایی خۆی کەمترە.