دوای چارەکە سەدەیەک هێشتا مەخموور رێڕەوی دەرچوونی ئاو و ئاوەڕۆی نییە

 
رووداو - مەخموور

قەزای مەخموور دەکەوێتە دووریی 65 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای هەولێر، رووبەری قەزاکە 880 کیلۆمەتر دووجایە، بەڵام تاوەکو ئێستا رێڕەوی دەرچوونی ئاو و ئاوەڕۆی نییە.
 
بە بەردەم خواردنگەکانی قەزاکەدا، ئاوەڕۆ لەسەر بەشێک لە شەقامەکان دەڕوات، لە هەموو گەڕەک و کۆڵانێک ئاو جۆگەلەی گرتووە. عارف محەممەد، چاییچی دەڵێت، "رۆژانی هەینی ئەم ناوە تۆزێک قەرەباڵخ دەبێت، وەڵڵاهی ژن ئاوها بەولادا دەڕوات و لێرەوە نایەت، زستانان ئەم ناوە هەر لافاوە و کەڵکی نییە بە ئێرەشدا بڕۆیت."
 
ئەوانەی لە قەزاکە دەژین وەکو خۆیان باسی دەکەن، ئەو کێشەیان لەمێژە هەیە، هاوین لەبەر بۆنی ناخۆش و زستان کە باران دەبارێت ئاوەڕۆی قەزاکە تێکەڵی هەموو قوژبنێکی ژیانیان دەبێت.
 
بەشدار عەبدولعەزیز، ئاسنگەر گوتی، کە باران دەبارێت نزیک دووکانەکەی پڕ دەبێت لە ئاو، "بە چاوی خۆم بینیومە، ئاوی ئێرە ناڕوات، هەمووی گیراوە و جاری وا هەیە لەگەڵ بۆریی سەرەکیی ئاو تێکەڵ دەبێت."
 
قایمقامی قەزاکە دەڵێت، دروستکردنی ئاوەڕۆی قەزاکە پێویستی بە بودجەیەکی قەبەیە، کە زیاتر لە دوو ملیار و 400 ملیۆن دینارە، هەڵکەوتەی جوگرافیای قەزاکەش یارمەتیدەر نییە بۆ دەرچوونی ئاو و ئاوەڕۆ.
 
رزگار محەممەد، قایمقامی مەخموور دەڵێت، "بە حەفارە و شۆفڵ رێڕەو دەکەینەوە بۆ رۆیشتنی ئاوەکە، بەڵام دیسان هەر لە سنووری قەزاکەیە و دوورناکەوێتەوە، چونکە ناتوانین بە شێوەی خەندەق و بە سندووقی ئەو ئاوە بگوێزینەوە، چونکە بودجەیەکی زۆری دەوێت کە بەڕاستی لە بەردەستی ئێمە نییە."
 
ئاو و ئاوەڕۆی قەزای مەخموور گەورەترین کێشەی دانیشتووانەکەیەتی، کە نزیکەی 30 هەزار کەسی تێدا دەژین، چاڵ و رێڕەوی ئاوی بچووک بۆ دەربازبوون لە ئاوی لافاو دروستکراوە بە شێوەیەکی کاتی، بەڵام ئاوەڕۆی قەزاکە وا زیاتر لە 25 ساڵە بەردی بۆ نەخراوەتە سەر بەرد.