دەستەی ژینگە رێنوێنیی تایبەت بە بەخێوکردنی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی دەردەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

دەستەی ژینگە رێنوێنیی تایبەت بە به‌خێوكردنی ئاژه‌ڵ و باڵنده‌ی كێوی ده‌ركرد. گوتەبێژی دەستەکە دەڵێت، تێبینییان کردبوو هاووڵاتییەکی زۆر حەز بە بەخێوکردنی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی دەکەن و ئەوەش وایکردبوو بەخێوکردنی کۆنترۆڵ نەکرێت و سەرچاوەکەشی دیار نەبێت، بۆیە دەرکردنی ئەو رێنوێنییەیان بە پێویست زانیوە.
 
رۆژی دووشەممە 5ی ئەیلوولی 2022 ده‌سته‌ی ژینگه‌ رێنوێنیی ژماره‌ 2ی ساڵی 2022ی تایبه‌ت به‌ به‌خێوكردنی ئاژه‌ڵ و باڵنده‌ی كێویی ده‌ركرد کە لە 16 ماددە پێکدێت.
 
رەزا خەیلانی، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان لەبارەی دەرکردنی رێنوێنییەکان بە رووداوی گوت، "تێبینیمان کردبوو سەرچاوەی ئاژەڵەکان دیار نییە، بۆیە بەگوێرەی ئەو مەرجانەی دامانناون باشتر دەتوانین کۆنترۆڵی بەخێوکردنی ئەو ئاژەڵ و باڵندانە بکەین و سەرچاوەی ئاژەڵەکەش دیارە، دەتوانم بڵێم ئەو رێنوێنییانە بۆ پاراستنی ئاژەڵ و باڵندەی کێوییە."
 
بەگوێرەی رێنوێنییە نوێیەکان، هەر کەسێک ئاژەڵ و باڵندەی کێوی هاوردە دەکات، دەبێت بەڵگەنامەی هەبێت کە هاوردەکراوە و بیسەلمێنێت.
 
لەبارەی راوکردنی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی، گوتەبێژی دەستەی ژینگە ئەوەی خستەڕوو، "رێگە بە راوکردنی هەموو جۆرە ئاژەڵێک نادەین و ئەوەی راوی کردووە دیاریکراو بووە و تەنیا ئەوانە بووە کە بۆ حەز راویان کردووە نەک وەکو سەرچاوەی داهات بەکاریانهێنابێت."
 
رێنوێنییەکان چین؟
 
لە ماددەی دووەمی رێنوێنیی ژمارە 2ی ساڵی 2022دا باس لە مەرجەکانی بەخێوکردنی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی کراوە، کە بریتین لە:
 
یەکەم: وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمی لەلایەن فەرمانگەکانی سەر بە دەستە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان.
 
دووەم: ئەو شوێنەی کە ئاژەڵ و باڵندەی کێویی لێ دەکڕدرێت ئەگەر لە ناوخۆ بوو، پێویستە مۆڵەتی فەرمیی لە دەستە پێدرابێت، هەروەها ئەگەر لە دەرەوە هاتبێت، پێویستە مۆڵەتی فەرمیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەو وڵاتەی وەرگرتبێت.
 
سێیەم: دەبێت پسوولەی کڕین و ژمارەی ئاژەڵ و باڵندەکان و جۆریان و ناوی زانستی و ناوی باوی ئاژەڵ و باڵندەکان لە پسوولەکەدا هەبێت.
 
چوارەم: دەبێت ژمارە و رێککەوتی مۆڵەتی رێگەپێدانی بەخێوکردنی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی ئەو لایەن و دامودەزگا میرییەی لەسەر بێت، کە رێگەپێدانی بۆ کردووە، هەروەها دەبێت لە پشتی پسوولەکەدا شوێنی کڕین بنووسرێت و مۆر و واژۆ بکرێت.
 
پێنجەم: نابێت بە هیچ شێوەیەک ئاژەڵ و باڵندەی کێویی ناوەوەی هەرێمی کوردستان بێت.
 
شەشەم: دەبێت ئەو ئاژەڵ و باڵندانە بێت کە لە رێککەوتننامەی سایتس رێگەی پێدراوە، نابێت ئەو ئاژەڵ و باڵندانە بێت کە بازرگانیکردن و بەخێوکردنیان قەدەخەکراوە.
 
حەوتەم: پێویستە لەلایەن کەسی پسپۆڕ لە بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەری چاودێریی تەندروستیی ئاژەڵەکان بکرێت، و بە شێوەی نووسراو فەرمانگەکانی ژینگەی لێ ئاگاداربکرێتەوە، دەشتوانرێت سوود لە پاشەڕۆی ئاژەڵەکان وەربگیرێت وەکو پەین.
 
هەشتەم: لە کاتی زیادبوون یاخود لەنێوچوون، پێویستە فەرمانگەی ژینگەی سنوورەکەی لێ ئاگاداربکرێتەوە.
 
شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵەکان:
 
- دەبێت پێش هێنانی یان بەدەستهێنانی مۆڵەت، شوێنی بەخێوکردنی ئامادە بکرێت.
 
- بۆ ئاژەڵی کێوی دەبێت شوێنی تایبەت بە بەخێوکردن هەبێت و سنوورداربێت و تەلبەند کرابێت، هەروەها پێویستە لانیکەم یەک کیلۆمەتر دووربێت لە سنووری شارەوانی و 500 مەتر دووربێت لە شەقامی سەرەکی و سنووری گوندەکان، بەڵام بۆ باڵندە کێوییەکان پێویستە بەپێی جۆر و قەبارەی باڵندەکە شوێنی بەخێوکردنی بۆ دابین بکرێت.
 
- هەبوونی جێگەیەکی فراوان و کراوە بۆ ئاسانکردنی جووڵە و هەڵسوکەوتی ئاژەڵ و باڵندەکان.
 
- چاندن و دابینکردنی سەرچاوەی پێویست بۆ لەوەڕاندن و دابینکردنی ئالیکی پێویست و دابینکردنی گۆشت بۆ ئاژەڵە گۆشتخۆرەکان، بەشێوەیەک بێت پێچەوانەی یاسا و رێنوێنییە بەرکارەکان نەبێت.
 
- دانانی شوێنی تایبەت بۆ ئاوخواردنەوە بە شێوەیەک بە ئاسانی پێی بگات و پاک و خاوێن بێت.
 
- دابینکردنی شوێنی تایبەت بە باڵندە و ئاژەڵە ئاوسەکان و نەخۆشەکان کە تێکەڵی ئەوانی دیکە نەبن، پێویستە شوێنی بێچووی تازە لەدایکبووەکانیش دابین بکرێت.
 
- دابینکردنی کەرەستەی تایبەت بە هەواگۆڕکێ و گەرمکەرەوە و ساردکەرەوە لە وەرزە جیاوازەکاندا.
 
لەڕووی تەندروستییەوە:
 
- دەبێت سەرچاوەی هێنان و جۆرەکانی دیاریبکرێت و بەڵگەی پێویست و دروستی تایبەت بە کڕین و هاوردەکردن لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی هەبێت و نابێت هەڵگری هیچ جۆرە نەخۆشییەک بن.
 
- پێویستە ئاژەڵەکان کۆدی تایبەت بە خۆیان هەبێت، بە مەبەستی چاودێریکردن و بەدوداچوون، چونکە لایەنی ڤێتێرنەری پێویستی بە زانینی ژمارە کۆدی ئاژەڵەکان دەبێت بۆ وەرگرتنی نموونەکانی خوێن و پاشەڕۆ بە مەبەستی پشکنین و تێستی تاقیگەیی.
 
- لە کاتی هەبوونی هەر نەخۆشییەک لە رێگەی کەسی سەرپەرشتیارەوە بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەریی ناوچەکە ئاگاداربکرێتەوە بە مەبەستی ئەنجامدانی رێکاری تایبەت، چونکە ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان تووشی چەندین نەخۆشی دەبن.
 
- سەرپەرشتیکردن و چاودێریکردنی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان لەلایەن کەسی پسپۆری ڤێتنرنەری بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئاژەڵ و باڵندە نەخۆشەکان و زانینی کاتی زاوزێ و کوتان و دەرمانکردنیان.
 
- نابێت بەبێ پرسی پسپۆری ڤێتێرنەری و دەستە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە بگوازرێنەوە.
 
 - دەبێت لەکاتی لەناوچوونی هەر ئاژەڵ و باڵندەیەک دەستە ئاگادار بکرێتەوە، تاوەکو لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار بکاتەوە بۆ ئەوەی توێکاری بۆ بکرێت، بە مەبەستی زانینی هۆکارەکەی و رێگری کردن لە تەشەنە و بڵاوبوونەوەی هەر نەخۆشییەک
 
سزادان:
 
- لە کاتی هەبوونی سەرپێچی لە هەرکام لەو مەرجانەی کە ئاماژەی پێکرا، سزای سەرپێچیکار دەدرێت، بەپێی ئەو سزایەی کە لەلایەن دەستە دیاری دەکرێت و مۆڵەتی بەخێوکردنی لە کەسەکە وەردەگیرێتەوە.
 
- هەر کەرەستەیەک لە کاتی سەرپێچیدا دەستی بەسەردا بگیرێت لە ئەنجامی پابەندنەبوونی سەرپێچیکار بە رێنوێنییەکان دەبێتە مۆڵکی دەستە. هەروەها دەکرێت سکاڵای یاسایی لەسەر سەرپێچیکارانی ئەم رێنوێنییانە بۆ لایەنی قەزایی تایبەت پێشکێش بکرێت.