دەزگای هەڵبژاردنی پارتی: لە کەرکووک ئاستەنگ لە بەردەم بەربژێرەکانمان دروست دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک-گەرمیانی پارتی رایدەگەیێنێت، سەرەڕای ئەوەی بانگەشەیان بە فەرمی دەستپێنەکردووە، بەڵام لەلایەن "میلیشاکانەوە" ئاستەنگیان بۆ دروست دەکرێت و دەشڵێت: "ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی خۆمان بەشێوەیەکی هێمنانە و ئارام بەڕێوەببەین".
ئەمڕۆ یەکشەممە 05-09-2021، عەدنان کەرکووکی، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 10:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، سەبارەت دەستپێکردنی بانگەشی پارتی لە 11ی ئەیلوول و ئەو گرفت بەربەستانەی تاوەکو ئێستا رووبەڕوویان بووەتەوە، رایگەیاند: " شۆڕشی ئەیلوول و کەرکووک دوو واتای پێکەوە گرێدراون بۆیە ئێمە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانمان بەشێوەیەکی فەرمی لە 11ی ئەیلوول بەشێوەیەکی هێمنانە دەستپێدەکەین لە رێگەی کردنەوەی نووسینگەی تایبەت لەو شوێنانەی کە بارەگای پارتی بە فەرمی لێ نییە".
بە گوتەی عەدنان کەرکووکی هەرچەند ئەوان بە فەرمی دەستیان بە بانگەشەی هەڵبژاردن نەکردووە، "بەڵام ئاستەنگ هاتووەتە پێشمان، هەندێک لە رێکلامەکان و هەندێک لە ئاڵای کوردستان کە ئێمە داماننابوو لەلایەن میلیشیاکانەوە لادراون، هەرچەندە لایەنە ئەمنییەکان و پۆلیس و کۆمیسیۆنیشمان لێ ئاگادارکردووەتەوە کە ئەمە پێشێلکارییە بەرامبەر بە حیزبێک ئەنجام دەدرێت، بەڵام دەزگاکانی پۆلیس دەڵێن ئێمە هیچ دەسەڵاتێکمان بەسەر ئەو ملیشیایانەوە نییە و ئەوان بە ئارەزووی خۆیان هەڵسوکەوت دەکەن، بۆیە ئەمە ئاستەنگێکی گەورەیە، نەک تەنیا بۆ لادانی رێکلامەکان بەڵکو بۆ کۆی پرۆسەی دەنگدان لەو ناوچانە".
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی لە کەرکووک دەڵێت: "تەنانەت پێشبینی ئەوە دەکەین ئاستەنگ بۆ بریکارەکانی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بە تایبەتیش پارتی دیموکراتی کوردستان دروست بکرێت بۆ ئەوەی نەتوانن کارەکانی خۆیان بکەن، بەڵام ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی خۆمان بەشێوەیەکی هێمنانە و ئارام بەڕێوەببەین و لەناو جەماوەری خۆمان بین، ئێمە پشت ئەستوورین بە جەماورەکەی خۆمان".
عەدنان کەرکووکی دەشڵێت، "پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو هێزە نییە ئەوان بتوانن لە بانگەشەی هەڵبژاردن رایبگرن، چیان لە دەست دێت با بیکەن، ئێمە گوێیان پێنادەین با ئەوەیان بەبیر بێتەوە لە پردێ و سحێلا خۆیان تاقیکردەوە".
کورد چاوی لە زۆرترین کورسی کەرکووکە و دەیەوێت 7 بۆ 8 کورسی لە کۆی ئەو 12 کورسییەی سێ بازنەکەی کەرکووک بەدەستبێنێت، پارتی دوو بەربژێر و یەکێتی 6 بەربژێر و گۆڕانیش بەربژێرێکی هەیە، بەرپرسەکەی هەڵبژاردنی پارتی لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک گەرمیانی پارتی دەڵێ: "جگە لە دوو بەربژێرەکەی کەرکووک، لە گەرمیان بەربژێرێکمان هەیە، لە خورماتوو، خانەقین و مەندەلیش بەربژێرمان هەن، ئومێدەوارین بتوانین متمانەی جەماوەری ئەو ناوچانە بەدەست بهێنین، دڵنیاشین کە بەدەستی دەهێنین ئەگەر ساختەکاری تێدا نەکرێت".
رۆژی شەممە 4-9-2021، هاوار محەممەد، بەرپرسی هۆبەی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتیی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رۆژی 11-9-2021 پارتی بە فەرمی لە باشووری کوردستان دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن دەکات. دەستپێکی هەڵمەتەکەش لە هەولێر دەبێت بە رێکخستنی کەرنەڤاڵێکی جەماوەری و لە لقەکانیش بە هەمانشێوە دەستپێدەکرێت.
هاوار محەممەد ئەوەشی گوت، پارتی دیموکراتی کوردستان بایەخی تایبەت بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەدات. "دوو نووسینگەی بانگەشەی هەڵبژاردنمان لە کەرکووک کردووەتەوە، بڕیارە لە نەینەوا نووسینگە بکەینەوە و زیاتریش دەکرێن."
پێشتر خەسرەو گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، حیزبەکەی لە 32 بازنەی هەڵبژاردن لە 12 پارێزگا بەشداریی هەڵبژاردن دەکات و 52 بەربژێری هەیە.