وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا: بەهۆی هەڵبژاردنەوە پرۆسەی خوێندن دواناخرێت
رووداو دیجیتاڵ
بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ساڵنامەی خوێندنی ساڵی 2021-2022 نابێت و خوێندن لەکاتی خۆی و لە 14ی ئەیلوولی 2021 دەستپێدەکات، بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیش رایدەگەیەنێت بڕیاری دواخستنی خوێندن نییە.
سەیوان عەلی، بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە 5-9-2021 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە بڕیارە لە 10ی 10ی 2021 بکرێت هیچ کاریگەری لەسەر دەستپێکردنی خوێندنی قوتابخانە و باخچەکانی ساوایان لە وادەی خۆی کە 14/9یە نابێت و ئەنجوومەنی باڵای وەزارەت پێشتر ئەو وادەیەی بۆ دەستپێکردنی دەوام پەسەندکردووە و خوێندن دواناخرێت".
سەیوان عەلی گوتیشی: "14/9 بە بەشداریی نزیکەی 1 ملیۆن و 780 هەزار قوتابی و نزیکەی 160 هەزار مامۆستا و وانەبێژ خوێندنی ساڵی 2021-2022 دەستپێدەکات".
بڕیارە رۆژی 10ی ئۆکتۆبەر داهاتوو هەڵبژاردنی خوولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەبەشداریی زیاتر لە 3 هەزار بەربژێر کە رکابەرایەتی لەسەر بەدەستهێنانی 329 کورسی دەکەن، بەڕێوەبچێت. دەنگۆی ئەوە هەیە دەستپێکردنەوەی دەوامی قوتابخانە و زانکۆکانی عێراق بۆ دوای هەڵبژاردن دوابخرێت.
رۆژی چوارشەمە رێکەوتى 18ی ئابی 2021، ئەنجوومەنى وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کۆبووەوە و بڕیاریدا پڕۆسەى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان لە 1ی ئەیلوول بەدواوە بەپێى ساڵنامەی زانکۆیی، زانکۆکان، بە پلان و بەرنامەی گونجاو دەستپێدەکاتەوە، بەشێوەیەک پڕۆسەى خوێندن لەناو هۆڵەکانى خوێندن واتە ناو کەمپەس دەبێت، بە مەرجێک بارودۆخى تەندروستى بەرەو خراپى نەچێت به رەچاوکردنى مەرج و رێنماییە تەندروستییەکانیش.
عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق، بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "خوێندن لە هەندێک لەزانکۆکان دەستیپێکردووە و بڕیارە لەبەشێکی دیکەیان بەمنزیکانە دەستپێبکات و هیچ بڕیارێک بۆ دواخستنی خوێندنی زانکۆکان نییە".
سەیوان عەلی، بریکاری وەزارەتی پەروەردە لە لێدوانێکی پێشتردا رۆژی 17ی ئابی 2021 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بەپێی ئەوەی لە وەزارەتی پەروەردە بڕیاری لەسەردراوە، بڕیارە رۆژی 14ـی ئەیلوولی 2021 پرۆسەی خوێندن لە قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندنی سەر بە وەزارەتی پەروەردە دەستپێبکات، ئەگەر هیچ پێشهاتێکی تەندروستیی پەیوەست بە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا نەیەتە ئاراوە."