پارتی لە كەركووک: کورد بە توانای خۆیەوە بەشداری هەڵبژاردن نەبێت کورسییەکانی دێنە خوار نیوە

05-09-2021
جووتیار قارەمان
نیشانەکردن پارتی هەڵبژاردنی پێشوەخت کەرکووک
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە كەركووک رایدەگەیێنێت، ئەم یاسا نوێیەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق کارێکی کردووە ئەگەر کورد بە توانای خۆیەوە بەشدار نەبێت، ژمارەی کورسییەکانی دێنە خوار نیوە.
 
محەممەد خورشید، بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە كەركووک بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ئەم یاسا نوێیەی هەڵبژاردن کارێکی کردووە کە ئەگەر کورد لە کەرکووک بە توانای خۆیەوە بەشدار نەبێت، ئەوا بە جۆریک لە جۆرەکان ژمارەی کورسییەکانی کورد لە 12 کورسییەکەی کەرکووک دێتە خوار نیوە. بۆیە پارتی بەشداری دەکات بۆ ئەوەی ئەو لاسەنگییە راست بکاتەوە. ئێمە دڵنیاین دەتوانین کورسی بە دەست بهێنین. لە کەرکووک سێ بازنەی هەڵبژاردن هەیە کە لە دووانیان بەربژێرمان هەیە."
 
پارتی لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە لە کەرکووک بارەگاکانی چۆڵ کردوون و دەستیان بەسەردا گیرا. 
 
بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە كەركووک گوتی: "پرسی گەڕانەوەی بارەگاکانی پارتی تەواو لە پرسی هەڵبژاردن جیاوازە. ئێمە لەو بارەیەوە لە گفتوگۆداین و تاوەکو ئێستا هەندێک لە بارەگاکانیش چۆڵ کراون، بەڵام رادەستکردنەوەیان هێشتا ماوە. بەڵام ئێمە پێمان وایە دەبێت بارەگای سەرەکی وەربگرینەوە کە نووسینگەی گەورەی پارتییە لە کەرکووک، ئینجا بچینەوە ناو بارەگاکانی دیکە. لای ئێمە بارەگا زۆر گرنگ نییە، بەڵکو شکۆی کوردستانیان و سەربەرزی و ئاڵای کوردستان لای ئێمە گرنگترن. ئێمە چەند نووسینگەیەکی هەڵبژاردنمان کردوونەتەوە لەوانەوە بانگەشە دەکەین."
 
محەممەد خورشید ئاماژەی بەوە دا کە بەربژێرەکانیان لە کەرکووک نووسینگەی خۆیانیان داناوە و دەستیان کردووە بە کاری ئاسایی خۆیان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، بەڵام بانگەشەی گشتی لە رۆژی 11ی ئەیلوولدا دەبێت کە یادی هەڵگیرساندنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولە و گوتیشی: "ئەو هەواڵە راست نییە کە پارتی ئەمڕۆ لە کەرکووک دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن دەکات."
 
لە ناوچە دابڕێنراوەکان جگە لە هاوپەیمانیی کوردستان کە یەکێتی و گۆڕان پێکیان هێناوە، هیچ هاوپەیمانێتییەکی دیکەی لایەنە کوردییەکان نییە. بە بڕوای چاودێران نەبوونی هاوپەیمانێتییەکی گشتگیری لایەنە کوردییەکان کاریگەریی لەسەر کەمکردنی کورسییەکانی کورد دەبێت.
 
بڕیارە رۆژی 2021/10/10 هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بکرێت. زیاتر لە سێ هەزار کەس خۆیان بەربژێر کردووە کە کێبڕکێ لەسەر 329 کورسیی پەرلەمان دەکەن.
بەپێی دوایین ئاماری کۆمیسیۆن، 276 حیزب و 44 هاوپەیمانی لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە 10ی ئۆکتۆبەری 2021 بەشدارن، زیاتر لە 24 ملیۆن کەس لە 83 بازنەی هەڵبژاردنەوە 329 بەربژێری پەرلەمان هەڵدەبژێرن کە نۆ کورسییان بۆ پێكهاتەکانە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە