فوئاد مەعسووم و بەرهەم ساڵح كۆبوونەوە

05-09-2016
مەحموود یاسین کوردی
نیشانەکردن یەكێتی
A+ A-

رووداو- سلێمانی

فوئاد مەعسووم و بەرهەم ساڵح  كۆبوونەوە و جەخت لە چارەسەركردنی كێشە نێوخۆییەكانی یەكێتی بە گفتوگۆ دەكەنەوە.

دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و كۆسرەت رەسوڵ، رۆژی دووشەممە 5-9-2016 فوئاد مەعسووم، سەرۆككۆماری عێراق سەردانی بەرهەم ساڵح، جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی كرد.

بەپێی راگەیێندراوێكی رۆژنامەڤانی، لە كۆبوونەوەكەدا فوئاد مەعسووم و بەرهەم ساڵح "جەختیان لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان سەركردایەتی یەكێتی بە رێگای گفتوگۆ كردەوە".

بەپێی راگەیێندراوەكە، سەرۆككۆماری عێراق باسی لە گرنگی پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستانی كردووە و هیوای خواست گفتوگۆی نێوان هەر دوولا ئەنجامی باشتری هەبێت و لێكتێگەیشتنی زیاتر بێتە ئاراوە.

بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشە نێوخۆییەكانی یەكێتی، فوئاد مەعسووم سەرۆككۆماری عێراق، كە یەكێكە لە دامەزرێنەرانی ئەو حیزبە، لە بەغداوە گەڕایەوە سلێمانی و ئێوارەی رۆژی یەكشەممە 4-9-2016 بە ئامادەبوونی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد سەردانی جەلال تاڵەبانی، سكرتێری گشتی حیزبەكەی كرد و هەر بۆ هەمان رۆژ لەگەڵ كۆسرەت رەسوڵ، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی كۆبووەوە. 

رۆژی 1-9-2016 جێگرانی سكرتێری گشتی یەكێتی، دروستكردنی (ناوەندی بڕیار)یان لەنێو یەكێتی نیشتمانی كوردستان راگەیاند ‌و، لەبەرامبەردا باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، كە خۆیان بە "زۆرینەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی" دەناسێنن، بە دەركردنی بەینامەیەك شەرعیبوونی ئەو ناوەندەیان رەتكردەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە