خوێندنی باڵا: گۆڕانکاری لە پرۆگرامی ژمارەیەک لە بەشەکانی زانکۆ دەکرێت و ژمارەیەکیشیان دادەخرێن

05-08-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
د. ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان
د. ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەڵێ، ئامادەکاری کراوە، کە سەرجەم دەرچووانی 12ـی ئامادەیی بەپێی کارامەیی و نمرەکانیان لە زانکۆکان وەربگیرێن، گوتیشی، بڕیاریان داوە خوێندنی پیشەیی و تەکنیکی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان فراوانتر بکەن.
 
ئەمڕۆ (دووشەممە، 05-08-2024) ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان لەبارەی وەرگرتنی ئەم ساڵی دەرچووانی 12ـی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیماناگەکان و پێدانی دەرماڵەی خوێندکاران بە هونەر حەمید، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''ئێمە، لە وەزارەت هەموو توانای زانکۆکان دەخەینەگەڕ بۆ وەرگرتنی خوێندکاران، پێمان وایە لەم وڵاتە دەبێ دەرفەتی خوێندن و کاریان بۆ بڕەخسێنین.''
 
ئارام محەممەد گوتی، بۆ وەرگرتنی خوێندکاران لە زانکۆکان، ئامادەکاری کراوە کە ''هیچ پێشکێشکارێک لە دەرەوەی پرۆسەی وەرگرتن و رەخساندنی دەرفەتی شایستە لە زانکۆکان بەپێی توانا و نمرەکەی خۆی، نەمێنێتەوە.''
 
وەک وەزیری خوێندنی باڵا ئاماژەی دا، ''ئێمە وەکو ستراتیژیی خۆمان، بڕیارمان داوە ئەو بەشانەی لە زانکۆکان ناتوانن بۆ دروستکردنی کارامەیی خزمەت بە داهاتووی خوێندکارانی ئێمە بکەن، یان گۆڕانکارییان تێدا بکرێت، یان دابخرێن.''
 
بەگوتەی ئارام محەممەد لە هەرێمی کوردستانیشدا 'لەژێر کاریگەریی بەجیهانیبوون'، پیشەی نوێ دروست بووە و، ''دەبێ کارامەییان بۆ دروست بکرێت، شوێنی تایبەت بە دروستکردنی ئەو کارامەیی و پسپۆرییەش، زانکۆکانن.''
 
وەزیری خوێندنی باڵا ئەوەشی خستەڕوو، بەمەبەستی پێکهێنانی کارامەیی بۆ پیشە نوێیەکان، کۆمەڵێک هەنگاویان ناوە، ''لە مانگی داهاتوودا کۆنفرانسێک بۆ پێداچوونەوەی سەرجەم پرۆگرامەکانی خوێندن بەڕێوەدەچێت، بۆردێکمان بە ناوی بۆردی راوێژکاریی پیشەسازی دروست کردووە و خوێندنەوەمان بۆ بازاڕی کاریش کردووە، هەروەها بەدواداچوون بۆ ئەوە دەکرێت؛ چۆن دەتوانین خۆمان بۆ ئەو کارامەییانە ئامادە بکەین، یان گۆڕانکاری لە پرۆگرامەکاندا بکەین لە کردنەوە و داخستنی بەشەکانی زانکۆ.''
 
بەگوێرەی ئامارەکانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئەم ساڵ 122 هەزار و 15 قوتابی به‌شدارییان لە تاقیكردنه‌وه‌ گشتییه‌كانی پۆلی 12 کرد و 8 کەس یەکەم بوون، 16 کەس دووەم و 19 کەسیش سێیەم.
 
هەندێک لە بەشەکانی خوێندن لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، وەکو پێشوو خواستی خوێندکارانیان لەسەر نییە. وەزیری خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوە کرد، ''ساڵی رابردوو 165 بەشی زانستی لە زانکۆکان، وەکو پێویست خوێندکاریان لەخۆنەگرتووە، ئەمە پێمان دەڵێت کە ئێستا خوێندکاران بە هۆشیارییەوە بەشەکان هەڵدەبژێرن و کەسوکاریشیان ئەو تێگەیشتنە قووڵەیان لا دروست بووە؛ پێویستە منداڵەکانیان لە بەشێکدا بخوێنن، کە لە داهاتوودا بتوانن لە بازاڕی کاری کوردستان و ململانێی بەدەستهێنانی هەلی کار، شوێنێک بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن.''
 
ئارام محەممەد جەختی لەوە کردەوە، لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیار دراوە، پانتایی خوێندنی پیشەیی و تەکنیکی لە هەرێمی کوردستان فراوانتر بکەن و کۆتایی بەو رەوتە بهێنن کە تەنیا ''رەوتی دابینکردنی فەرمانبەر بۆ کەرتی گشتی'' بوو، گوتیشی، ''ئێستا جیهان گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، ئابووری گۆڕاوە و فرەچەشن بووە، هەلی کاری نوێ رەخساوە، بۆیە پێویستمان بە خۆئامادەکردن و کارامەیی نوێ هەیە.''
 
دەرماڵەی خوێندکاران
 
بەشێک لە خوێندکاران تائێستا چەند دەرماڵەیەکیان وەرنەگرتووە. ئارام محەممەد لەوبارەیەوە بە رووداوی گوت، مانگانە نزیکەی حەوت ملیار و 250 ملیۆن دینار بۆ دەرماڵەی خوێندکاران تەرخان دەکرێت، دواخرانی پەیوەندیی بە کێشەی نەبوونی نەختینە و قەیرانی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە هەیە.''
 
تاوەکو ئێستا عێراق دانی بە چەندین زانکۆی هەرێمی کوردستاندا نەناوە، لەوانەش زانکۆی گەرمیان، وەزیری خوێندنی باڵا لەوبارەوە ئاماژەی دا، ''زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بە یاسا دامەزراون، بەڵام ئەوەی کە لە عێراق هەیە، بەداخەوە هێشتا وەکو پێویست رێز لە یاسا و رێککەوتنەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق ناگیرێت.'' 
 
ئارام محەممەد گوتی، ''زانکۆکانی ئێمە باشن و لەسەر نەخشەی ئەکادیمیای جیهانی [بەراورد بە زانکۆکانی عێراق] باشتر درەوشاونەتەوە، دەبینرێن و هیچ کێشە و گرفتێکی زانستییان نییە.''
 
بەگوتەی وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان، لە رێگەی پارێزگارەکان و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق، بەدواداچوونیان بۆ بابەتەکە کردووە و، ''لە هەوڵداین و هیوادارین برادەرانیشمان لە حکومەتی عێراقی هاوکار بن بۆ ئەوەی ئەم کێشانە گەورەتر نەبن و بتوانین بە گفتوگۆ چارەسەریان بکەین.''
 
ئارام محەممەد ئەوەشی خستەڕوو، ''بۆ چارەسەری گرفتەکە [دانپێدانانی عێراق بە ژمارەیەک لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان]، هەر داواکارییەکی زانستی و یاساییان هەبێت، ئێمە بەو پەڕی خۆشحاڵییەوە جێبەجێی دەکەین.''

 

 

 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە