رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی رێکخراوى بەدر لە کەرکووک دەڵێت، جێبەجێکردنى پێشنیازى پارێزگار بە نۆرە بێ سازانى نیشتمانیى پێشوەخت بۆ کەرکووک سەرکەوتوو نابێت.
محەممەد بەیاتى، بەرپرسی رێکخراوى بەدر لە کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەوان لەگەڵ هەر پێشنیازێکن بۆ پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی کەرکووک کە ببێتە هۆى ئارامى پارێزگاکە، بەڵام جێبەجێکردنى پێشنیازى پارێزگار بە نۆرە لە نێوان پێکهاتەکان بێ سازانى نیشتمانى پێشوەختە سەرکەوتوو نابێت.
تورکمان، زۆرینەى سوننەکان و پارتى کارنامەیەکى دانوستاندن ئامادە دەکەن بۆ ئەوەى کاروباری کەرکووک بەشێوەی نۆرە لە لایەن سێ پێکهاتەوە بەڕێوەببردرێت.
بە گوتەى محەممەد بەیاتى، ئەو پێشنیازە بۆ ماوەیەکى دیاریکراو و بۆ چارەسەرى دۆخێک ئاساییە، بەڵام بۆ هەمیشەیی و بەردەوامى نابێت.
رێکخراوى بەدر یەکێکە لە پێکهێنەرانى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگی و لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکاندا لە کەرکووک بە لیستى کەرکووکنا بەشدارى کرد و زیاتر لە 22 هەزار دەنگى هێنا، بێ ئەوەى ئەندامى ئەنجوومەن بەدەست بهێنێت.
بەرپرسی رێکخراوى بەدر لە کەرکووک ئاماژەى بەوەدا کە هەندێک لە لایەنەکانى کەرکووک لەبارەى پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی گفتوگۆیان لەگەڵ کردوون.
کەمتر لە هەفتەیەک لەبەردەم لایەنە سیاسییەکانى کەرکووک ماوە بۆ رێککەوتن لەسەر پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی پارێزگاکە.
ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە 16 ئەندام پێکدێت. 9 کورسی دەبێتە زۆرینە بۆ یەکلاییکردنەوى پۆستەکان. یەکێتى پێنج کورسی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ