دوای بڕیارەکەی پارێزگار: لێپرسینەوە لە موەلیدەکانی هەولێر دەستیپێکرد

05-08-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر دەڵێت، لە دوێنێوە رێکارەکانیان بەرامبەر خاوەن موەلیدەکان تووند کردووە، هەرکەس سەرپێچی بکات شوێنەکەی لێوەردەگرنەوە.
 
لە چوارچێوەی چەند بڕیارێکدا بۆ خاوێنکردنەوەی ژینگەی هەولێر، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر دوێنێ رایگەیاند، "لەمەودوا رێکارەکان تایبەت بە موەلیدەکانی گەڕەک قورستر دەبن. پێشتر لە ئەگەری پابەندنەبوون بە پاراستنی ژینگە، ئاگادارکردنەوە و پێبژاردن لەئارادا بوو و ئێستاش دەستگیرکردنی خاوەن موەلیدەکە و لێوەرگرتنەوەی شوێنەکە دەبێتە بڕیار و جێبەجێ دەکرێت."
 
لە سنووری هەولێر و دەوروبەری 2 هەزار و 135 موەلیدەی تایبەت هەن. خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە دوێنێوە سەردانەکانمان چڕکردوونەتەوە و 14 سەردانمان بۆ لای موەلیدەکان ئەنجامداوە، بەشێک لە موەلیدەکان کەموکورتییان هەبووە و دەبێت خاوەنەکانیان بە رێکارەکانەوە پابەند بن."
 
ئومێد خۆشناو رایگەیاند، "موەلیدەکان نابێ گازی خراپ بەکاربهێنن، نابێ کێشەی دووکەڵکردنیان هەبێت، هەروەها ئەو موەلیدانەی تاوەکو ئێستا بڕیاری بێدەنگکردنیان جێبەجێ نەکراوە، تەنیا یەک هەفتەیان مۆڵەت دەدرێت بگۆڕدرێن و بێدەنگ بکرێن، ئەگەرنا رێکارە یاساییەکانیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر."
 
 لەبارەی بێدەنگکردنی موەلیدەکانەوە خۆران خۆرانی دەڵێت، "هەموو موەلیدەکان بێدەنگن، بەڵام بەشێکیان فلتەرەکەیان لابردووە یان رادێتەرەکەیان کراوەیەوە و ئەوەش دژی رێکارەکانە و وەکو بێدەنگیش نەماون. لە دوێنێوە یەک هەفتە مۆڵەتیان پێدراوە و هەرکەس رێکارەکان جێبەجێ نەکات، سزای مادی دەدرێت. ئەگەر خاوەن موەلیدە هەر پابەند نەبوو، شوێنی موەلیدەکەی لێوەردەگیرێتەوە."
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێکی موەلیدەکانی هەولێر لەسەر زەوی شارەوانی یان خەڵک دانراون و رێکارەکان ئەوەش دەگرێتەوە کە شوێنەکان رادەستبکەنەوە و شوێنی دیکەیان بۆ دیاری دەکرێت.
 
یەکێکی دیکە لە بڕیارەکانی دوێنێی پارێزگاری هەولێر بۆ پاکڕاگرتنی ژینگەی هەولێر، داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان بوو کە 138 پاڵاوگەن. لەوبارەیەوە گوتی، "دەبێت هەر 138یان دابخرێن. داوا لە خاوەنەکانیشیان دەکەین لە ئێستاوە پاڵاوگەکان دابخەن، ئەگەرنا رێکاری یاسایی دیکە بەدوایدا دێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی ورمێ.

پلاندانانی ورمێ: بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان پێویستمان بە 262 ملیۆن دۆلارە

سەرۆکی رێکخراوی بەڕێوەبردن و پلاندانانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی پارێزگاکە کە بەشی زۆریان راگیراون، پێویستیان بە زیاتر لە 262 ملیۆن دۆلارە.