شارەوانیی رانیە: ئەنجوومەنی وەزیران 7 ملیار دیناری بۆ تەرخانکردووین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی شارەوانیی رانیە دەڵێت، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندی داوە لەسەر تەرخانکردنی 7 ملیار دینار بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی شارەکە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دەبێت سنووری شارەوانییەکەیان فراوان بکرێت.
بەرهەم رەسووڵ، سەرۆکی شارەوانیی رانیە میوانی بەرنامەی (مژار) بوو لە رادیۆی رووداو کە رۆژانە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات و باسی لە پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و گرفتەکانی سنووری قەزای رانیە کرد و گوتی: "دوای سەردانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت بۆ رانیە، رەزامەندی درا لەسەر تەرخانکردنی بودجەی پێویست بۆ ئەو پڕۆژانەی تەواو نەکرابوون. ئێستا بەشی زۆری ئەو پڕۆژانە تەواو کراون و کارکردن لە بەشێکیشیان بەردەوامە".
بەرهەم رەسووڵ گوتیشی، پڕۆژەکان لە کەرتەکانی ئاو و ئاوەڕۆ، رێگەوبان، دروستکردنی شەقام و باخچە بوون و ئێستا چەند پڕۆژەیەک تەواوکراون، وەک شەقامی 20 مەتری و کۆنکرێتکردنی ناوچەی پیشەسازی و تەواوکردنی شەقامێکی خزمەتگوزاری لە دەروازەوە بۆ بەردەم کەمپی زانکۆ.
سەرۆکی شارەوانیی رانیە دەڵێت، هەردوو گەڕەکی میدیا و شادیش تۆڕی ئاوەڕۆیان بۆ جێبەجێکراوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا سەرقاڵی پڕۆژەیەکن بۆ جوانکاری و رێکخستنەوەی نێو بازاڕی رانیە و "بەڵێنیشمان پێدراوە ئەو پڕۆژانەی وەگەڕیان دەخەین، گرفتی داراییان بۆ دروست نەبێت".
بەگوتەی سەرۆکی شارەوانیی رانیە، ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی داوە لەسەر تەرخانکردنی نزیکەی 7 ملیار دینار بۆ جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری بۆ شارەکە.
بەرهەم رەسووڵ دەڵێت: "دوای داواکاری ئێمە، بە سوپاسەوە ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی دا لەسەر تەرخانکردنی نزیکەی 7 ملیار دینار بۆ جێبەجێکردن و پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ نێو شاری رانیە و بەو پارەیە بەشێکی شەقامی 60 مەتری، دروستکردنی ئاوەڕۆی سندووقی و کۆنکرێتی 4 بۆ 5 گەڕەکیش تەواو دەکرێت".
بەگوتەی سەرۆکی شارەوانی رانیە، "دوای تەواوکردنی ئەو پڕۆژانە، رانیە هەنگاوێکی گرنگ دەچێتە پێشەوە لە سێکتەری ژێرخانی خزمەتگوزاریدا."
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی رۆژی 27ی ئاداری 2024 بڕیاریدا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانەی هەرێمی کوردستان کە تائێستا سوودمەند نەبوون لە وەرگرتنی زەوی.
بەرهەم رەسووڵ دەڵێت: "تاوەکو ئێستا چوار کۆبوونەوەمان لەگەڵ ئەنجوومەنی راوێژکاری وەزارەت ئەنجام داوە و کۆمەڵێک گرفتمان هەیە. ئەگەر ئەو گرفتانە چارەسەر نەکرێن، ئاستەنگمان بۆ دروست دەبێت"؛ گوتیشی: "گرفتەکان سەرتاسەرین و پەیوەندییان بە کوژاندنەوە، ئیفرازکردنی زەوی و قەرەبووی خاوەن زەوییەکانەوە هەیە. هەروەها داوامان کردووە سنووری شارەوانیمان فراوان بکرێت."