زانکۆی پزیشکیی ئیلام: 295 کەس گەرما بردوونی
رووداو دیجیتاڵ
زانکۆی زانستی پزیشکیی ئیلام دەڵێت، لە 3 رۆژی رابردوودا کە پلەی گەرما لەو پارێزگایەی رۆژهەڵاتی کوردستان زۆر بەرز بووە، 295 کەس گەرما بردوونی و سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە.
جاسم محەممەدی، سەرۆکی زانکۆی زانستی پزیشکیی ئیلام، ئەمڕۆ شەممە، 5-8-2023 گوتی، لە سێ رۆژی رابردوودا لە شاری دێلران 133 کەس، مێران 124 کەس، مەڵگشای 18 کەس، بەدرە 8 کەس، ئاودانان 2 کەس، لە سەراوڵە، چەوار و ئیلامیش 5 کەس گەرما بردوونی.
بەگوتەی جاسم محەممەدی، زۆربەی ئەو کەسانە چارەسەرێکی سەرەتاییان بۆ کراوە و گەڕاونەتەوە ماڵەوە، بەڵام 9 کەسیان لە نەخۆشخانە خەوێنراون.
بەپێی راپۆرتی کەشناسیی پارێزگای ئیلام، لە سێ رۆژی رابردوودا پلەی گەرما لە بەشی زۆری ئەو پارێزگایەی رۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتووەتە سەروو 50 پلە.
غوڵامڕەزا مەنسووری، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شوهەدای شاری دێلران، داوای لە خەڵک کرد ئەگەر هەستیان کرد سەریان دەسوڕێت یان پەستانی خوێنیان دابەزیوە، سەردانی نەخۆشخانە بکەن و ئاماژەی بەوەشکرد، گرنگە منداڵان، بەساڵاچووان و ئەوانەی نەخۆشییەکانی دڵیان هەیە نەچنە بەر خۆر.
حکومەتی ئێران بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و بۆ "پاراستنی تەندروستی خەڵک،" رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی هەفتەی رابردووی کردە پشوو.