شەوان 'بۆنێکی ناخۆش' دانیشتووانی چەند گەڕەکێکی کەرکووک هەراسان دەکات


رووداو دیجیتاڵ

شەوان بۆنێکی ناخۆش چەند گەڕەکێکی کەرکووک هەراسان دەکات و خەڵک بەم گەرمایە دەبێت موبەریدە بکوژێننەوە کاتێک بۆنەکە بڵاوببێتەوە. تیمێک لە بەغداوە چوونەتە شارەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بۆنەکە.
 
کافیە محەممەد، دانیشتووی گەڕەکی پەنجا عەلی بە رووداوی گوت، کاتێک بۆنەکە بڵاودەبێتەوە "وادەزانم غازەکەیە، دەچم سەیر دەکەم غاز گیراوەتەوە، دەڵێم نەک منداڵ بەری دابێتەوە و ئاگادار نەبن، وڕ دەبم، دەچم ئیشەکانم بکەم ناتوانم بیکەم لەبەر بۆنەکە. وا کاریگەری دەبێت تووشی هەناسە تووندیم دەکات، هەندێجار خەریکە دەخنکێم."
 
ئەو بۆنە زیاتر لە گەڕەکەکانی پەنجا عەلی، دەروازە، باروتخانە، شۆرجە، رزگاری و راپەڕین بەدی دەکرێت کە زیاتر نزیکن لە دامەزراوەکانی نەوتییەوە. خەڵک دەیانجار سکاڵایان لە دژی کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا چارەسەر نەکراوە.
 
شاخەوان حەوێز، دانیشتووی گەڕەکی پەنجا عەلی گوتی، "جاری واهەیە دوو بۆ سێ رۆژ جارێک ئەم بۆنە لەم گەڕەکە بڵاودەبێتەوە، هەر زۆر بێزاری کردووین، هەر ئەم گەڕەکەی ئێمە نا، دەیان گەڕەکی دیکە هەر ئەوە دۆخیانە."
 
لە نزیک ئەو گەڕەکانەی بۆنەکە هەیە، کێڵگەی غازی چەمبۆر و پاڵاوگەیەکی ئەهلی هەیە، جگە لە بۆنێکی پیس، زۆربەی کات دووکەڵ و رەشی لە ئاسمانی ئەو شوێنانە دەبینرێت. لیژنەیەک لە بەغداوە چوونەتە کەرکووک بۆ پشکنین لەو گەڕەکانە، لیژنەکە تایبەتمەندن بە دیاریکردنی تیشکدەرە زیانبەرەکان.
 
عەقیل عەلی، بەرپرسی تیمەکانی کۆنترۆڵی تیشکدەر بە رووداوی راگەیاند، "بەڵێ ئێمە درەنگ کەوتین بۆ پرۆسەی گەڕان لە پارێزگای کەرکووک، بێگومان هۆکارەکەی دیارە، بەهۆی هاتنی داعش و دۆخی ئەمنییەوەیە. ئەمڕۆ ئێمە لە کەرکووک بە پلانێکی کارەوە بۆ گەڕان بەدوای سەرچاوەی تیشکدەر، گرووپەکەمان پێکدێن لە 35 کەس و دابەشی سەر چوار شێفت بووینە."
 
ئەگەرچی چەندین لیژنە پێکهێنراوە و بەدواداچوون بۆ ئەو کێشەیە کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا سەرچاوەی بۆنەکە دیاری نەکراوە و رانەگەیێندراوە. ئەو گەڕەکانە وێڕای کێشەی خزمەتگوزاری، بوونی ئەو بۆنەش لە وەرزی هاوین هەراسانی کردوون و خەڵک لەتاو ئەوە ناتوانن فێنککەرەوە دابگیرسێنن.