یەکێتی لە کەرکووک لەگەڵ شیوعی هاوپەیمانی پێکهێنا و دەڵێت "دەرگەمان بۆ پارتیش واڵایە"

رووداو دیجیتاڵ

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و حیزبی شیوعیی کوردستان لە کەرکووک هاوپەیمانییان بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق لەو شارە پێکهێنا و بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتیش دەڵێت "دەرگەی مەڵبەند بۆ پارتی واڵایە، بۆ ئەوەی بە یەک لیست بەشداریی هەڵبژاردنی کەرکووک بکەین."
 
رۆژی شەممە 5ـی ئابی 2023، رەوەند مەلا مەحموود، لێپرسراوی مەڵبەندی دووی رێکخستنی کەرکووکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "ئەمڕۆ لەگەڵ حیزبی شیوعیی کوردستان هاوپەیمانێتییەکمان مۆرکردووە و لە داهاتوودا لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەیەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردندا دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین دەنگی کورد یەکبخەین."
 
رەوەند مەلا مەحموود داوای لە حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد "بێن و بەیەکەوە لەم لیستەدا بەشداری بکەین بۆ ئەوەی دەنگەکانمان کۆکراوە بێت و نەهێڵین مافی میللەتەکەمان بفەوتێت، بۆیە دەرگەی گفتوگۆ لەلایەن ئێمە و حیزبی شیوعییەوە کراوەیە."
 
هەر لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا دڵشاد حەساری، بەرپرسی کۆمیتەی کەرکووکی حیزبی شیوعیی کوردستان رایگەیاند "داوا لە هەموو حیزب و لایەنە کوردستانییەکانی کەرکووک دەکەین، بێن و لەم لیستەدا لەگەڵمان بەشدار بن بۆ ئەوەی بە دەنگێکی بەهێزەوە بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بکەین و، زۆرترین نوێنەر لەم ئەنجوومەنەدا بەدەستبهێنین."
 
بڕیارە رۆژی 18-12-2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچێت و سبەی دواوادەی تۆمارکردنی ناوی هاوپەیمانێتییەکانە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و تاوەکو ئێستا تەنیا هاوپەیمانیێتی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و حیزبی شیوعی بە فەرمی راگەیێندراوە.
 
لێپرسراوی مەڵبەندی دووی رێکخستنی کەرکووکی یەکێتی پێیوایە، ئەگەر لایەنە سیاسییەکان بە یەک لیستیش بەشداری نەکەن، "دەنگی کورد نافەوتێت و هاووڵاتییانی کوردی کەرکووک دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان."
 
رەوەند مەلا مەحموود باسی لەوە کرد، لە مانگی 12ـی پارەوە داوای هاوپەیمانیێتییان لە لایەنەکان کردووە و چاوەڕوان بوون لایەنەکان بە یەک لیست بەشداری ئەو هەڵبژاردنە بکەن، دەشڵێت "لەبارەی بەشدارینەکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هاوپەیمانێتی لەگەڵ یەکێتی، هیچ لێدوانێکی خراپمان بەرامبەریان نییە و ئێستاش دەرگەی مەڵبەند کراوەیە بۆ ئەوەی بتوانین بە یەک لیست بەشداریی هەڵبژاردن بکەین".
 
لێپرسراوی مەڵبەندی دووی رێکخستنی کەرکووکی یەکێتی لەبارەی مەرجەکانیان بۆ بەشداری لایەنەکان لە هاوپەیمانێتییەکە گوتی؛ "لە یەکەم رۆژەوە گوتوومانە لاپەڕەی سپی بۆ هەموو لایەنەکان واژۆدەکەین بۆ ئەوەی بەیەکەوە لە یەک هاوپەیمانیێتیدا بەشداریی هەڵبژاردن بکەین."