دەستەبەری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان: 30٪ـی کرێکاران دەستەبەرکراون


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئیستا 30٪ـی کرێکاران لە کەرتی تایبەتدا دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆکراوە. دەشڵێت، ئەنجوومەنی وەزیران هەموو کۆمپانیا و خاوەن پڕۆژەکانی پابەندکردووە بەوەی نابێت رێژەی کرێکاری بیانی لە 25٪ زیاتربێت.
 
مەریوان بەگۆک، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداودا رایگەیاند، هەموو خاوەن پڕۆژە و کۆمپانیاکان دەبێت کرێکار و کارمەندەکانیان تۆمار بکەن و دەستەبەری بکەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا سوودمەندبن لە مافی خانەنشین بوون. ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژانە پشکنەری کار لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، سەردانی پڕۆژە و کۆمپانیاکان دەکەن و لە دۆخی کرێکاران دەکۆڵنەوە.
 
بەگوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، تاوەکو ئێستا لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان 30٪ـی کرێکاران لە کۆمپانیا و پڕۆژەکان، دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆکراوە. هۆکارەکەیشی بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە کە بەشێک لە کۆمپانیا و شوێنکارەکان کرێکاران و کارمەندەکانیان وا تێدەگەیێنن کە دەستەبەرکردن تەنیا باج وەرگرتنە لەلایەن حکومەتەوە.
 
مەریوان بەگۆک ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو کەسانەی دەستەبەر دەکرێن لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، دەتوانن لە داهاتوودا سوودمەندبن لە خانەنشین بوون بەشێوەیەک هاوشێوەی خانەنشینی مەدەنی دەبێت و ئەو بڕە پارەیە کە لێیان وەردەگرێت بۆیان هەڵدەگیرێت، هەر کارمەندێک کە دەستەبەر دەکرێت، 5٪ـی مووچەکەی و بڕی 12٪ـی لەلایەن کۆمپانیاکەیەوە دەستەبەر دەکرێت و دوای خانەنشینبوون پێیان دەدرێتەوە."
 
کارکردنی کرێکارانی بیانی و هەڵگرانی وڵاتینامەی وڵاتانی دەرەوە لە هەرێمی کوردستان یەکێک بووە لەو بابەتانەی بەردەوام کرێکاران گلەیی لە بوونی کرێکاری بیان لە هەرێمی کوردستان دەکەن.
 
بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەڵێت، "بەگوێرەی بڕیاری ژمارە 172ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، دەبێت کۆمپانیا و شوێنکارەکان رێژەی کرێکارانی بیانی لە 25٪ زیاتر نەبێت و 75٪ـی کرێکار و دەستی کاری نێوخۆیی بێت و بڕیارەکە خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە. ماوەی سێ مانگ بە کۆمپانیاکان دراوە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، لەسەر هەموو کۆمپانیا و خاوەن پڕۆژەکانە دەبێت پابەندبن."
 
لەبارەی بڕی مووچەی کرێکاران ئاماژەی بەوەکرد، ئەو پارەیەی بۆ کرێکاران دیاریکراوە نابێت لە 350 هەزار کەمتربێت و بەگوێرەی پسپۆڕییەکەش دەگۆڕێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ رێنمایی و بڕیارێک بۆ ئەو کرێکارانە دەرنەکراوە کە بە کرێی رۆژانە کاردەکەن، ئێستا لەگەڵ رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی ILO سەرقاڵی داڕشتنی پلانێکین بۆ ئەو بابەتە.
 
هەرکرێکارێک لە شوێنی کارەکەی مافی پێشێل بکرێت یان رووبەڕووی گرفت ببێتەوە، دەتوانێت راستەوخۆ وەزارەتی کار ئاگادار بکاتەوە. مەریوان بەگۆک ئاماژەی بەوە کرد، "ئێستا هێلی ژمارە (55) بەردەوام کراوەیە بۆ ئەو کەسانەی کە کێشەیان لە شوێنی کاردا هەیە دەتوانن پەیوەندی بکەن و پشکنەران و تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کار لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەدواداچوونی بۆ گرفتی کرێکاران دەکەن."
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان کار بۆ ئەوە دەکات، کاروباری رۆژانەی هاونیشتمانییان و فەرمانگەکانی حکومەت بکاتە سیستمی ئەلیکترۆنی بەشێوەیەک لە فەرمانگەکاندا کار بە کاخەز نەکرێت.
 
بەڕێوەبەری گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی گوتی، "ئێستا کار بۆ ئەوە دەکەین دۆسییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بە دیجیتاڵی بکرێن کە نزیکەی زیاتر لە 60 هەزار دۆسیەییە و پاشان لە پارێزگای سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان دەکرێنە دیجیتاڵی."