پوختە:
لەم وتارەدا هەوڵدەدەم ڕەهەندە سایکۆلۆژییەکان و میکانیزمە ناوشیارییەکانی گێڕەرەوەی چیرۆکی ژنانە شیبکەمەوە و بەستێنێکی تیۆریک بۆ گەڵاڵەکردنی باسی "شوێن" و "ناشوێن" لە جیهانی گێڕانەوەیی ژنی کورد لە قەوارەی دوو کلیل وشەی "خۆشاردنەوە" و "خۆحەشاردان"دا بخەمەڕوو، دواتر هۆکاری دەرکەوتنی گێڕەرەوەیەک بە وردی باس دەکەم کە ئەوەندەی لەناو "ناسیستەم" و تاریکی و سەردابێک بە ناوی "ناوشیاری"دا دەژێت، ئەوەندە لە دەرەوەی ژوور و ناو کۆمەڵگا و ڕووبەری "وشیاری"دا ناژێت.
حاشاهەڵنەگرە گێڕانەوەی چیرۆکی کوردی لەچاوەی شیعردا پێشینەی کەمترە و بەهەمان ڕێژەش دەقی بەردەستی چیرۆکانەی کەمتر، بەم حاڵەش بە بەراورد لەگەڵ جیهانی چیرۆک شاعیران بە پیاوانەیی و ژنانەییانەوە خۆیان دەرخستووە و دەرفەتی گێڕانەوەی خۆیان وەکوو "خود"ێکی نەناسراو و کەشفنەبوو هەبووە و تا توانیویانە خۆیان ئاشکرا کردووە و کەمتر خۆیان شاردووەتەوە! لە کۆمەڵگایەکی نەریتی و تا سەر ئێسقان ئایینیدا "خۆشاردنەوە" لە قەوارەی زمانی پڕ ڕاز و میتافۆڕیکی شیعردا لانیکەم و بە خەستی لە دوو دەیەی ڕابردوودا هەڵگری توخمی "خۆحەشاردان" بووە! واتە لە هاوکێشەی ناو کۆمەڵگایەکی نەریتیدا ئەگەر دەربڕین و مانیفێستێکی رادیکاڵ و ڕاستەوخۆ دژی نۆرم و فۆرمە باوەکانی نەریت نەگەشاوەتەوە، ئەوا لە رێگەی "خۆمەڵاسدان" و " خۆشاردنەوە" و پەناگرتنێکی زمانی و تەکنیکیدا خۆی دەرخستووە و لە پوتانسیەلی زمانی سڕۆک و ڕازاویی شیعر بۆ دەرخستنی شاردراوەکان کەڵک وەرگیراوە، واتە بە وتەی جۆرج ئاگامبێن "سیاسەتێکی دەقییانەیان لەبەرچاو گرتووە"، ئەگەرچی دیارە زۆرتر هۆکاری ناوشیار لە پشت ڕەچاوکردنی ئەم سیاسەتەوە هەبووە.
ئەم تایبەتمەندییە دژواز و پارادۆکسە لەپێوەندی لەگەڵ سووچ و کەلێنە نادیار و بزۆزەکانی شیعردا یەک دێتەوە. واتە لە شیعردا بە هۆی فیگۆر و تەکنیکی جۆراوجۆر، "خۆشاردنەوە" بە شێوەیەک دەچێتە حاڵەتی "خۆحەشاردان"ەوە کە لەنیگای یەکەم و ڕواڵەتدا ئەوەندە لە خۆشاردنەوە و هەڵاتن دەچێ لە دەرکەوتن ناچێ، بەڵام لەڕاستیدا ئەم حاڵەتە سیاسەت و تەکنیک و فۆرمی تری دەقییانە لە دەرکەوتن و خۆمانیفێستکردن بوو.
بێگومان ئەم حاڵەتە دژواز و مانادارە بۆ شاعیرانی ژن و جیهانی تایبەت بە خەون و خولیا و ناوشیاریی (the consciousness)ن، ئەگەرچی ئەستەمتر بەڵام جیاوازتر و لە هەمان کاتیشدا سەرنجڕاکێشتر بوو. هەڵبەت بەو مەرجەی لە ناو کۆمەڵێک دەق کە لە ڕێگەی ژنانەوە بەرهەمهاتوون، تێمی زاڵی دیسکۆرس(Discourse)ی دونیای پیاوانیان بەرهەم نەهێنابێتەوە و جورئەتی مانیفێستی "خود" (self)یان لە پشت دێڕە شیعرییە پەڵەپەڵە و فرەدەلالەتەکانیان نواندبێت.
ئەم کەشوهەوا لەبارەی چیرۆکی کوردی هاوکێشەیەکی¬تری هەیە، ئەویش ئەوەیە کە بەهۆی ئەو ڕچە جێگیرە گوندی و حەکایەتتەوەرەی چیرۆکی کوردی کە لە پێکەنینی گەدای حەسەنی قزڵجییەوە دەستپێدەکات و تا ئێستەش لە فۆرمی جوداواز و تازە لە هەندێ دەقدا بەرهەم دێتەوە، فەزایەکی ناشاری و کۆتکراو بە هەندێ نۆرمی خێڵەکی و حەکایەتی پەندئامێز لە چیرۆکدا بەرهەم هاتووەتەوە و پانتای چیرۆکی خستووەتە داوی ئایدۆلۆژییەوە. چیرۆک بەگشتی و چیرۆکی کوردی بەتایبەتی بەهۆی پێبەستبوونی بەو هاوکێشەیە کەمتر دەرفەت و هەلی خۆشاردنەوەی (بەو شکڵەی کە بۆ شیعر باسمان کرد) هەبووە، بۆیە بە زۆری لەناو نۆرمێکی ئەخلاقیی نەریتی و پێکهاتێکی ئایینی کۆمەڵگادا خانمان بە کەمترین حاڵەت توانیویانە لە ڕووبەری چیرۆکدا دەربکەون، ڕەوتی چیرۆکی کوردی تا بەر لە دەرکەوتنی هەندێ دەق کە نۆرمە ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەکانیان شکاند، ڕووبەرێک بوو کەمتر فۆرمی وای تێدا دەرکەوتبوو کە "خود" و جیهانە کەشفنەکراو و سەرکوتکراوەکەی تێیدا دەربکەوێت و پێش ئەمە تەنانەت نەشیدەتوانی وەکوو ئەو شتەی لە شیعردا ڕوودەدات، خۆی "بشارێتەوە".
وەها حاڵەتێکیش بێگومان تایبەتمەندیی جەوهەریی چیرۆک نەبووە، بەڵکوو فەزای زاڵی نۆرمە ئەخلاقی و ئایینی و فۆبیا کۆمەڵایەتییەکان ئەم تەنگژە و هەناسەسوارییەیان بۆ جیهانی گێڕانەوەیی چیرۆکی کوردی درووستکردووە. ڕەنگە پێویست بوو چەندین شۆڕشی سەپێنراوی تەکنۆلۆژیایی لە قەوارەی نەمانی سنوورە بەرهەست و جوگرافییەکان بە هۆی ئینتەرنێت، هەر لە یاهوو مەسنجەرەوە تاکوو فەیسبووک و تەلەگرام ڕووبدەن تاکوو هەندێک لەو نۆرمە ئایینی و فۆبیا کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەی کە پێوەندییەکانی مرۆڤی ئێمەی قەتیس کردبوو، بشکێت و گۆڕانی بەسەردا بێت و دەنگانی¬ تر کە پەراوێزکەوتە و تەراکەوتەی دونیای ئێمە "بوون"، دەربکەون و لە مانیفێستکردنی"خود" لە ڕووبەری گێڕانەوەی چیرۆکدا سڵ نەکەنەوە.
ئەگەرچی ئەم ڕەوتەش بێ هەزینە و تێچوو نەبووە، بەڵام هەر دەنگانێک وەدەرکەوتن کە جیهانێک بگێڕنەوە بۆ منی پیاو، دەنگانێک کە "ناپیاوانەیە" و تایبەتە بە ناسکی و سڕۆکی و ئاڵۆزیی ژنانە.. میهرەبانی.. قووڵیی تایبەتیی خەون و سیحری پێناسەی وشە و ژیان... پێموابێ شکڵگرتنی هەندێ گێڕانەوەی چیرۆکی کە لە هاوکێشەیەکی دەستەملانێبوونی شیعر-چیرۆکدا (لێرەدا چیرۆکی سێو بوو یان هەنار؟/ڤیدا قادری) دەژین، تایبەتمەندی دۆخێکی لەم چەشنە و دەرهاوێشتەی دانوستانێکی دیالێکتیکی نێوان نۆرم و فۆبیا و فەتوا نەریتییەکان لەگەڵ ئارەزوو (desire) و خواستە ژنانەییەکان بۆ ڕزگاری و گێڕانەوە لە رووبەرێکی شیعرئامێزدا بوو. لەم چیرۆکەدا لەپەرەگرافی حەفتدا دەخوێنینەوە: من دەمنووسی ئورشەلیم لەناو گڕ و هەڵمدا نوقم ببوو. مووەکانی سنگت نووسابوون بە پێستی پشتمەوە. گوتبووت بنووسە ئورشەلیم لەناو ئاگر و خوێندا گەوزابوو. نووسیبووم باران باریوە، کانیاوەکان تەقیونەتەوە، باڤاریا بە خۆی و گرد و دۆڵیەوە تێرئاو بووە.
گوتبووت: هەی شەیتان!
ئەگەر سەرنج بدەینە ئەو دوو ڕستە دیالۆگئاسایە کە لە بنەمادا مۆنۆلۆگ و وڕێنەی یەک کارەکتەرە بە ئامیاینی بیرەوەری و سۆزی عاتیفی و ئیرۆتیکییەوە، باشتر لە ئاوێزانبوونی فەزایەکی شیعری _ چیرۆکی کە تیشکم خستە سەری تێدەگەین.
بۆیە دەڵێم "دیالۆگئاسا" و ناڵێم دیالۆگ، چوون بەپێی ئەو میکانیزمەی لە پشت گێڕانەوەکەدایە، جیاوازیی نێوان ئەو دوو کارەکتەرە (کە لە فەزای زاڵی چیرۆکەکەدا هێماییبوونیان لە قەوارەی "هەنار" و "سێو" دەردەکەوێت) ئەوەندە زەق نییە و هەر دەڵێی مۆنۆلۆگێکە و یەک کەس لەگەڵ بەشێکی تری خۆی دەیکات....دەریایەک کە ئاسمانی گرتووەتە باوەش و نازانێ ئەم ئەوە یان ئەو ئەمە....نووساوە بە پێستی زگییەوە...دیار نییە لێی بووەتەوە یان نا...ئەم فۆرمەش بە هۆی میکانیزمی دەروونناسانەی مۆتەکە یان کابووسە کە ئاوەها دەردەکەوێت.
ئەم فەزایە ئەوەندەی لە ژێر کاریگەری زەینی ناوشیاردا بووە، لە ڕێگەی وشیارییەوە نەهاتووەتە کایەوە، ئەم حاڵەتە بۆ زۆرینەی چیرۆکگەلی لەم چەشنە ڕاستە، بۆیە بە گشتی دەڵێم ئەو هۆکارە ئایینی و کۆمەڵایەتی و نەریتییەی کە باسمکرد، فەزایەکی لەناو چیرۆکدا هێناوەتە کایەوە کە من پێیدەڵێم فەزای "ئازادکردنی حەشادراوانەی ناوشیار". ئەم پێکهاتە نەریتی و فۆبیا کۆمەڵایەتی و فۆرمە ئایینی و ئەخلاقییە لە لایەک و ڕووکەشبوون و خێڵەکیبوونی تێمی چیرۆک و پێکهاتی چیرۆکی کوردی و لەلایەکی ¬تر وای کرد کە ئەو دەنگە نەفرەتکراو و قودسی و "نابێت"انە (1)، بگەڕێنەوە بۆ زمانێکی ڕەوایی و گێڕانەوەیی کە ئەوەندەی لە "خەون و وڕێنە" دەچێت ئەوەندە لە چیرۆک ناچێت. لێرەدا چیرۆک وڕێنە و خەونە! کە ڕاستییە سەرکوتکراوەکان لە قووڵایی ناوشیارەوە دەگەڕێنێتەوە و فرۆید گوتەنی" سەرکوتکراوەکان هەر دەگەڕێنەوە" ئەوەندەی لە ژوور و ژێرزەمین و سەردابەکانی "نیوەوشیاری" و ناوشیارییەوە سەرچاوەی گرتووە ئەوەندە لە هەستێکی ئۆرژیناڵ و یەکەمینی ئازادیخوازی کە دەرهاوێشتەی خواستێکی وشیارانە بێت، هەڵنەقوڵاوە. جیهانی چیرۆکیی خانمان لە فەزایەکی سایکۆلۆژی تایبەتدا بەرەو زمانێکی هێمایی و سەمبوولیک و لە هەندێ حاڵەتدا فۆرمێکی شاعیرانە لە دەربڕین ڕۆیشتووە، لە کولتوور و ئایینەکانی رۆژهەڵاتدا ئەوەندەی ژن سەرچاوەی ئیلهام بووە، ئەوەندە سەرچاوەی بەهاپێدان نەبووە.
واتە پێگەیەکی ئامێرییانە و ئۆبژەکتیڤی میتافیزیکی و ئاسمانیی بەردەوامی بۆ دابین کراوە. بەڵام حیکایەتەکە لەسەر زەمین و ئەرزی واقیع بەرەو ئاقاری ¬تر ڕۆیشتووە! ئۆبژەیەکی موقەدەس کە بەشێک لە شەڕەکان بە هۆی سووری دامەنەکەی (2) ئەوەوە لە لایەن پیاوانی لەشکرشکێنەوە ڕوویانداوە. سوورێکی قودسی و بڤەیەکی ستایشکراو بەڵام تەراکەوتە و بێدەنگکراو. ئەم حاڵەتەی بەئۆبژەکردن و دابەزاندن بۆ ئاستی ئامێر (ئەگەرچی لە هەندێ قۆناغ و سەردەمیشدا ئامێرێکی قودسی و ئاسمانی!) هەموو لایەنی کارەساتەکە ناگێڕێتەوە، بەڵکوو کارەساتەکە لەم لاوەیە، لە ناو دڵ و ناوکی داخراو و وشیارییەکی سەرکوتکراوی ژنانە کە هەموو برینەکانی تووڕ داوەتە جیهانی خەون و خولیا و حەز و ئارەزووە وانوێنراوەکانی جیهانی ناوشیاری لە کولتووری ئێمەدا و لە هەناوی ژنانی ئەم کولتوورەمان گێڕەرەوەیەک شکڵی گرتووە بە ناوی "ناوشیار"...ناوشیارێک کە خوازەیە بۆ ئەو هەموو سەرکوتکردنەی لەئاستی جیهانی وشیار و بەرهەست و ژینەکی ژندا ڕوویداوە. من باسی زوڵم و دەستدرێژی و پێشێلکردنی مافی ژیانی پێکەوەیی ژن ناکەم، باسی من لە ڕووبەری تر و ئاستی ¬ترە، باسی من لە بوونێکە کە بواری دەرکەوتنی وشیارانەی پێنەدراوە و وای لێهاتووە ببێ و بکرێت بە ئۆبژەیەکی سەرکوتکراو کە وشیاریی خۆی لەبەرژەوەندی ناوشیاریی بدۆڕێنێ.
ئەو جیهانە دەوڵەمەند و نەناسراو و پڕ رەمز و زمانوێران و هێماتەوەرەی کە بە کەمترین حاڵەت خۆی لەژێر تەفسیر و تەئویلەکاندا دەبینێتەوە .ناوشیار.. نەست... نەستەوەری....خزۆک و نەگیراو وەک بۆنی عەتری ژنێکی جوانی نەناسراو لە کاتژمێرێک بەر لە نیوەشەو (3) بۆیەش ئەو جیهانە شەقڵ نەشکاو و لەگۆخراوە لە قەوارەی چیرۆکدا و بەکۆمەڵێک ڕەمزی ژنانە و هێمای مێینانەی خۆی دەردەکەوێت و "ئەو دەگەڕێتەوە" بە هەموو هاوار و زایەڵەیەوە... بەحەشاردان و خوازەوە...بە ئاشکرایەکی نهێنییەوە و بە چەمکێکی هایدیگەرییانەوە بیڵێین لە رێگەی ئەلێسێئیاوە...نادیارییەکی دیار...حەشاردراوێکی بینراو...(4)
سەرچاوە و پەراوێزەکان:
1- دەبێتانە و نەبێتانە دوو چەمکی ناو جیهانی فەلسەفەی ئەخلاقن و لەگەڵ "کردن" و ئەنجامدانیدا مانا وەردەگرن، لێرەدا ئاماژەم بەو پێکهاتە ئایینی و ئوستوورەییە کۆنانەیە کە سڕینەوە و "نەبێت"یان بە رەوایەتێکی ئەخلاقی نۆرمەکانی خۆیان پاساو داوەتەوە. چاو لە کتێبی "فلسفەی کامۆ" نویسندە ریچارد کمبر، ترجمە خشایار دیهیمی، فصل کاموی اخلاق پرداز بکەن. ئەم کتێبە لەلایەن نووسەری ئەم دەقە کراوە بە کوردی و لەلایەن دەزگای سەردەمەوە چاپ کراوە.
2- مەجازێکە لە فرەڕەهەند و فرەلایەنبوونی سووری و خوێنئامێزیی جیهانی مێیینە کە هەر لە کۆنەوە و لە قەوارەی جیاجیادا قودسیەت و "نەبێت"ی و "دەبێت"ی بە خوێن و سوورئاڵبوون پاساو دراوە و گێڕدراوەتەوە. فریدریک کاپلستۆن لە بەرگی یەکەمی مێژووی فەلسەفەکەیدا ئاماژەیەکی نیوەچڵ و تێپەڕی دەبێ بەم شتە و پێموانییە خۆیشی باش ئاگای لێبێت کە پرسەکە ناشێت لە گێڕانەوەیەکی مێژوویی_فەلسەفیدا کپ بکرێتەوە، پێشەکی بەرگی یەکەم، یۆنان و رۆم، لەو شوێنەی کە باسی دامەنەکەی شاژن ئیلیزابت و کاریگەری لەسەر سەرهەڵدان و وەستانی شەڕەکان دەکات. فریدریک کاپلستون، تاریخ فلسفە یونان و رم ترجمە سید جلال الدین مجبوی، سال 1380
3_ناوی فیلمێکی سەرنجڕاکێشی رۆمانتیکە لە دەرهێنانی ریچارد لینکلاتۆر کە ساڵی 2013 درووست کراوە.
4_"ئهلێسێیا(aletheia)" وشهیهکی یۆنانیی کۆنه هاوواتای حهقیقهت بهکاردێت، بهو واتایانهی که ئهم وشهیە دهیدات، فهزا و زمانێکی شیعریمان بۆ مسۆگهر دهکات. ئهلێسێیا، بێجگه له حهقیقهت به واتای "ناپۆشراوهیی" ش دێت. کهواته دهردهکهوێت یۆنانییەکانی جیهانی کهونارا کاتێک بیریان له حهقیقهت دهکردهوه، هاوکات لهبارهی "لهسهرداماڵین، پهردهههڵماڵین، دهرخستن و یان دۆزینهوه" بیریان دهکردهوه. هایدیگەر بە زۆر و زەبەندی لەم زاراوە فەلسەفییە و لە ئۆنتۆلۆژییەکەی خۆیدا کەڵکی وەرگرتووە و بەگشتی ئەلێسێیا بە واتای دیاری نادیار... ئاشکرای شاراوە دێت. چاو لە کتێبی هایدگر- جف کالینز، هاوارد سلینا- ترجمه صالح نجفی بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ