فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری قۆناخی (Sunrise Period) بۆ دۆمەینی ئاستی یەکەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان رادەگەیەنێت


فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند قۆناخی (Sunrise Period) بۆ دۆمەینی ئاستی یەکەمی کوردستان بەشێوەیەکی فەرمی لە 5 - 8 - 2015 تاوەکو 4 - 10 - 2015 دەبێت.

بەپێی یاسا و رێنماییەکانی رێکخراوی ICANN ئەم ماوەیە تایبەتە بە تۆمارکردنی ئەو کۆمپانیا و براندە جیهانیانەی کە لە Trademark Clearinghouse بوونیان هەیە بۆ تۆمارکردنی دۆمەینی تایبەتیان لەژێر دۆمەینی ئاستی یەکەمی کوردستان.

دوای تەواو بوونی قۆناخی (Sunrise Period) ، قۆناخی تۆمارکردنی سنووردار (LRP) دەستپێدەکات کە تایبەتە بە تۆمارکردنی گشتیی بۆ خاوەن کار وکۆمپانیاکان و کەرتی گشتی و تاکەکان.

هیوا ئەفەندی سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری تایبەت بەم قۆناخە رایگەیاند:" ئێمە لە فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری ئاگادار و پاپەندین بە بەرپرسیارییەتیەکانمان لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ئینتەرنێت لەکاتی وەگەڕخستنی سیستەمی تۆمارکردنی دۆمەینی ئاستی یەکەمی کوردستان لە ریشە و سەرچاوەی ئینتەرنێت".

لە کانوونی یەکەمی 2013، دوای سەرکەوتن بەسەر چەندین پرۆسە و تاقیکردنەوەی جیاجیا، فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێننامەی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ رێکخراوی ICANN واژۆکرد بۆ پێدانی مافی بەگەڕخستن و بەڕێوەبردنی دۆمەینی ئاستی یەکەمی کوردستان krd ، بە لەبەرچاوگرتنی یاسا ورێنمایی دانپێدانراوی رێکخراوی ICANN لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.

لە تەمموزی 2014، دۆمەینی ئاستی یەکەم بەشێوەیەکی فەرمی لە زۆنەکانی IANA زیادکرا. بەمەش بوونی زۆنێکی تایبەت بەکوردستان بوو بە راستییەکی کارا و تەکنیکی لە جیهانی ئینتەرنێت.

لەمەودوا، ناونیشان و پێگەی ئەلیکترۆنی کە کۆتاییان هاتووە بە krd. لە لایەن بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت لەسەرتاسەری جیهان شتێکی نامۆ ناییت.
لەم چوارچێوەیەدا:

● co.krd. تەرخانکراوە بۆ کۆمپانیاکانی تۆمارکراو لە کوردستان.
● gov.krd. تایبەت دەبێت بە وەزارەت و دامو دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
● edu.krd. بۆ دامەزراوە پەروەردەییەکان تەرخانکراوە.
● تاکەکان دەتوانن راستەوخۆ لەژێر ناوی دۆمەینیkrd. تۆمار بکەن بۆ نموونە (name.krd).

دۆمەینی ئاستی یەکەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوێکە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی ئابووری و بەرزکردنەوەی ئاستی داهێنان. 

ئەم پرۆژەیە بنەمایەکە بۆ چەسپاندنی نیشتیمانێکی نوێ لە جیهانی ئینتەرنێت بۆ نەتەوەی کورد وەهەروەها رۆڵێکی بەرچاوی دەییت لە ناساندنی کولتوور و زمانی کوردی لە سەردەمی فراوانبوون و پەرەسەندنی بەجیهانیبوون.

لەم روانگەیەوە کوردستان بەشێوەیەکی زیاتر بەشداردەبێت لە سودمەندبوون لەو دیدگا جیهانی و رۆشنبیریە فراوانەی ئینتەرنێت بۆ پەرەپێدان و هاوبەشی کردنی کولتوور و زمانەکەی. 

بەمشێوەیە، کوردستان دەرفەتێکی گەورەی بۆ دەڕەخسێت بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان کولتوورەکان و تێگەیشتنی سرووشتی ناوچەکە و دانیشتوانەکەی.