سەرچاوەیەکی ئەمنی بۆ رووداو: عەتا سەراوی بە تۆمەتی 'تیرۆر' دەستگیر کراوە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەک لە هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای سلێمانی بە رووداوی گوت، دەستگیرکردنی عەتا سەراوی پەیوەندیی بە تەقینەوەکەی سەرچنارەوە هەیە و بە مادەی "تیرۆر" دەستگیر کراوە.
 
کاژێر 04:00ـی بەیانیی رۆژی هەینی 05-07-2024 عەتا سەراوی، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە فڕۆکەخانەی سلێمانی لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیر کرا. کوڕەکەی بە رووداوی گوت، بە پاساوی کێشە لە پاسپۆرتەکەی و بوونی سکاڵایەک دەستگیر کراوە.
 
ئەمڕۆ هەینی بەرپرسێکی باڵای هێزە ئەمنییەکان لە پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو کەسەی دەستگیر کراوە تۆمەتبارە بە مادەی 2 لە یاسای رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر؛ هەروەها سکاڵایەکی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانیی لەسەرە."
 
دوای دەستگیرکردنی عەتا سەراوی، پێشڕەوی کوڕی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، باوکی لەکاتی گەڕانەوەی لە سوێد لە فڕۆکەخانە دەستگیر کراوە و ئێستا لە ئاسایشی گشتیی سلێمانییە.
 
پێشڕەو عەتا سەراوی گوتی، دەستگیر کردنی باوکی "تەنیا بۆ شکاندنە، ئەگەرنا، نە کێشە لە پاسپۆرتەکەیدا هەیە و نە دەزانین کێ و لەسەر چی سکاڵای لەسەر تۆمار کردووە."
 
رۆژی هەینی 19ـی نیسانی ئەم ساڵ، ئۆتۆمبێلێک لە گەڕەکی سەرچناری سلێمانی تەقییەوە کە دواتر دەرکەوت ئۆتۆمبێلەکەی عەتا سەراوی بووە. بەرپرسە ئەمنییەکەی سلێمانی دەڵێت، "سکاڵای تیرۆر دژی عەتا سەراوی بەهۆی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکەی خۆی بووە و خۆی سیناریۆی تەقینەوەکەی داڕشتووە و ئەوەش هۆکاری دەستگیر کردنیەتی."
 
لەبارەی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەی عەتا سەراوییەوە پێشڕەوی کوڕی گوتی، "هیچمان لەبارەی بکەرانیەوە پێنەگوتراوە."
 
عەتا سەراوی رۆژی 16ـی حوزەیران "بۆ چارەسەری نەخۆشی چووەتە سوێد. ئەمڕۆ لە رێگەی فڕۆکەخانەوە گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی، لەوێ لەلایەن هێزێکەوە داوای لێکراوە لەگەڵیاندا بڕوات."