سەرچاوەیەکی ئەمنی بۆ رووداو: عەتا سەراوی بە تۆمەتی 'تیرۆر' دەستگیر کراوە

05-07-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەک لە هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای سلێمانی بە رووداوی گوت، دەستگیرکردنی عەتا سەراوی پەیوەندیی بە تەقینەوەکەی سەرچنارەوە هەیە و بە مادەی "تیرۆر" دەستگیر کراوە.
 
کاژێر 04:00ـی بەیانیی رۆژی هەینی 05-07-2024 عەتا سەراوی، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە فڕۆکەخانەی سلێمانی لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیر کرا. کوڕەکەی بە رووداوی گوت، بە پاساوی کێشە لە پاسپۆرتەکەی و بوونی سکاڵایەک دەستگیر کراوە.
 
ئەمڕۆ هەینی بەرپرسێکی باڵای هێزە ئەمنییەکان لە پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو کەسەی دەستگیر کراوە تۆمەتبارە بە مادەی 2 لە یاسای رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر؛ هەروەها سکاڵایەکی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانیی لەسەرە."
 
دوای دەستگیرکردنی عەتا سەراوی، پێشڕەوی کوڕی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، باوکی لەکاتی گەڕانەوەی لە سوێد لە فڕۆکەخانە دەستگیر کراوە و ئێستا لە ئاسایشی گشتیی سلێمانییە.
 
پێشڕەو عەتا سەراوی گوتی، دەستگیر کردنی باوکی "تەنیا بۆ شکاندنە، ئەگەرنا، نە کێشە لە پاسپۆرتەکەیدا هەیە و نە دەزانین کێ و لەسەر چی سکاڵای لەسەر تۆمار کردووە."
 
رۆژی هەینی 19ـی نیسانی ئەم ساڵ، ئۆتۆمبێلێک لە گەڕەکی سەرچناری سلێمانی تەقییەوە کە دواتر دەرکەوت ئۆتۆمبێلەکەی عەتا سەراوی بووە. بەرپرسە ئەمنییەکەی سلێمانی دەڵێت، "سکاڵای تیرۆر دژی عەتا سەراوی بەهۆی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکەی خۆی بووە و خۆی سیناریۆی تەقینەوەکەی داڕشتووە و ئەوەش هۆکاری دەستگیر کردنیەتی."
 
لەبارەی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەی عەتا سەراوییەوە پێشڕەوی کوڕی گوتی، "هیچمان لەبارەی بکەرانیەوە پێنەگوتراوە."
 
عەتا سەراوی رۆژی 16ـی حوزەیران "بۆ چارەسەری نەخۆشی چووەتە سوێد. ئەمڕۆ لە رێگەی فڕۆکەخانەوە گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی، لەوێ لەلایەن هێزێکەوە داوای لێکراوە لەگەڵیاندا بڕوات."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رێگەی مەرگ؛ چیرۆکی تێکشکانی بەلەمەکەی ئیتاڵیا لە زاری قاچاخچییەکانەوە

رێگەی مەرگ؛ چیرۆکی تێکشکانی بەلەمەکەی ئیتاڵیا لە زاری قاچاخچییەکانەوە

جیاواز لە قسەی رزگاربووانی نێو بەلەمە نقوومبووەکەی ئیتاڵیا، رووداو لە زاری قاچاخچییەکانەوە چیرۆکی بەڕێکەوتنی پەناخوازان و نقوومبوونی بەلەمەکە دەگێڕێتەوە. قاچاخچییەک دەڵێت: "رۆژێک دوای ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکە، زیاتر لە 20 کەس تەلەفۆنی کردووە. خەڵک بێزارە". قاچاخچییەکی دیکەیش دەڵێت: "بەلەمەکان ئەوپەڕی 12 کەس دەگرێت، بەڵام تاوەکو 100 کەسی تێدەکرێت".