کۆنسووڵی ئێران لە هەولێر: بەربژێرەکان گرنگی بە پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەدەن

05-07-2024
نەسروڵڵا رەشنوودی، کۆنسووڵی ئێران لە هەولێر
نەسروڵڵا رەشنوودی، کۆنسووڵی ئێران لە هەولێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرکۆنسووڵی ئێران لە هەولێر دەڵێت، بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی وڵاتەکە، چوار سندووقی دەنگدانیان داناوە کە سێیان گەڕۆکن. گوتیشی، چاوەڕوان دەکرێت بەشداریکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکەدا زیاتر بێت.
 
لە کاژێر 08:00ـی بەیانی بەکاتی تاران (7:30 بەیانی بەکاتی هەولێر) گەڕی دووەمی 14ـیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکە دەستیپێکردووە. نەسروڵڵا رەشنوودی، کۆنسووڵی ئێران لە هەولێر دوای دەنگدان لەبارەی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن بە بەختیار قادر، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، ''ئامادەبوونی خەڵک لەم هەڵبژاردنەدا زۆر گرنگە کە لە گەڕی پێشوودا بە چڕی ئامادە بوون و دەنگیان بە بەربژێرانی خۆیان دا، لەم گەڕەشدا چاوەڕوان دەکرێت کە خەڵکێکی زیاتر بەشداری هەڵبژاردنەکە بن".
 
پێشتر لە هەولێر چوار سندووقی دەنگدان دانرابوون کە سێیان گەڕۆک بوون. کۆنسووڵی ئێران لە هەولێر گوتی، گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکە لە هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی گەڕی یەکەم بەڕێوەدەچێت.
 
نەسڕوڵڵا رەشنوودی لەبارەی سێ سندووقە گەڕۆکەکە گوتی، دەنگی هاووڵاتییان لە ناوچە جیاجیاکانی هەولێر، کۆمەڵەی ئێرانییەکان و گەڕەکی بنەسڵاوە وەردەگرن و سەردانی بەندکراوانیش دەکرێت.
 
بەگوتەی رەشنوودی، یەکێک لە سندووقەکان لە ناوچەی سۆران و حاجی ئۆمەران  دادەنرێت لە دهۆک و ئاکرێش سندووقێک داندراوە.
 
کۆنسووڵی ئێران لە هەولێر ئاماژەی دا، بەپێی ئامارێک کە حکومەتی هەرێمی کوردستان خستوویەتە بەر دەستی کۆنسووڵخانەکە، نزیکەی نۆ هەزار بۆ 10 هەزار ئێرانی لە هەرێمی کوردستان دەژین، هەروەها کەسانێکیش هەن کە رۆژانە لە هاتووچۆدان، ''بە بۆچوونی من نزیکەی 40٪ـی ئەو هاووڵاتییانە مافی دەنگدانیان هەیە کە رێژەیەکی بەرچاوە".

 

 
وەک ئەو کۆنسووڵەی ئێران دەڵێت، لە گەڕی یەکەمی 14ـیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران رێژەی بەشداریکردنی ئێرانییەکان لە هەولێر بەراورد بە خولی پێشووی سەرۆککۆماریی وڵاتەکە، 24٪ زیادی کردووە و "پێشبینی دەکەم لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکەشدا گۆڕانکاریی بەرچاو و ئەرێنی لە بەشداریکردنی خەڵکدا بێتە ئاراوە".
 
نەسڕوڵڵا رەشنوودی سەبارەت بە هاوکاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران گوتی، "سوپاسی هاوکارییەکانی براکانمان لە هەرێمی کوردستان دەکەین، هەم بۆ پاراستنی هەڵبژاردنەکان و هەم هاوکارییەکان بەگشتی و ئامادەبوونیان لە بنکەکانی دەنگدان".
 
هاوکات شاکر حوسێن، بەرپرسی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''هەر وەکو گەڕی پێشوو، لە رووی ئەمنی، هاتووچۆ، هاوئاهەنگیی پێویست و بواری تەندروستی هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە".
 
لەبارەی داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستانیش گوتی، ''چاوەڕوان دەکەین دوای ئەنجامی هەڵبژاردنەکە، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتی ئێران باشتر و گەرموگوڕتر بێت".
 
لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکە نزیکەی 40٪ـی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەبوو، بەشدارییان لە پرۆسەکەدا کرد، بەڵام هیچ کام لە بەربژێران 50٪ + 1ـی کۆی دەنگەکانیان بەدەستنەهێنا.
 
لە گەڕی دووەمی 14ـیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێراندا، دوو بەربژێر بۆ بەدەستهێنانی پۆستەکە رکابەری دەکەن. سەعید جەلیلی، سکرتێری پێشووتری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و مەسعود پزیشکیان، بەربژێری ریفۆرمخوازەکان.
 
وەک نەسڕوڵڵا رەشنوودی دەڵێت، ''هەردوو بەربژێرەکە گرینگی بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەدەن، هەر کامەیان هەڵبژێردرێت، ئەم بابەتە لەبەرچاو دەگرن و هیوادارم بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەتی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان ببینین".
 
بەگوێرەی ئەنجامی راپرسییەک کە ناوەندی راپرسیی خوێندکارانی ئێران ناسراو بە ئیسپا بڵاویکردووەتەوە، لە گەڕی دووەمی 14ـەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێراندا، مەسعود پزیشکیان، بەربژێری ریفۆرمخواز زۆرترین دەنگ بەدەستدەهێنێت و دەبێتە سەرۆککۆمار.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە