لەبارەی پاڵاوگە نایاساییەکانەوە ژینگەی هەولێر دوو پێشنیاز دەداتە پارێزگا

05-07-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر رایگەیاند لەبارەی پاڵاوگە نایاساییەکانەوە دوو پێشنیازیان داوەتە پارێزگای هەولێر، دەشڵێت نزیکەی 100 پاڵاوگەی نایاسایی هەن، لەو ژمارەیە کەمتر لە نیوەیان کاردەکەن.
 
دڵشاد محەممەد، بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەشێک لە پاڵاوگە نایاساییەکان داخراون، بەشێکیان کارناکەن، ئەوانەی ئێستا ماون و کاردەکەن لەنێوان 30 بۆ 40 پاڵاوگە دەبن، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەی ئەو پاڵاوگانە دوو پێشنیازمان داوەتە پارێزگای هەولێر."
 
بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر گوتی: "پێشنیازی یەکەم ئەوەیە دابخرێن، چونکە نایاسایین و لە دەرەوەی مەرج و پێوەرەکان کاردەکەن، پێشنیازی دووەمیش ئەوەیە وەزارتی سامانە سرووشتییەکان لەدوای پابەندکردنیان بە سیستەمەکان و رێکارەکان، مۆڵەتیان بداتێ، چاوەڕوانین وەڵامی ئەو پێشنیازەمان بدرێتەوە."
 
رۆژی پێنجشەممە، 4ـی تەممووزی 2024، فەرمانگەی ژینگەی هەولێر راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە: "لیژنەی چاودێری و بەدواداچونی پڕۆژە پیشەسازییەکانی فەرمانگەی ژینگەی هەولێر بە هاوئاهەنگی لەگەڵ قایمقامیەتی قەزا و ئاسایشی قوشتەپە، هەندێک  پاڵاوگەیان لە سنووری قوشتەپە داخست، کە بە نایاسایی کار دەکەن و پڕۆسەی بەرهەمهێنانیان نازانستییە و کاریگەری خراپی لەسەر ژینگە هەبووە."
 
بەپێی فەرمانگەکە هەڵمەتی داخستنی پاڵاوتگە نایاساییەکان بەردەوام دەبێت تاوەکو میکانیزمێکی هەمیشەیی بۆ پابەندبوونیان بە رێنماییە ژینگەییەکان و مەرجەکانی دامەزراندنیان بە گوێرەی پێوەر و رێنماییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەدۆزرێتەوە.
 
کاژێر 20:30 ـی شەوی چوارشەممە، 12-06-2024، ئاگر لە پاڵاوگەیەک لەسەر رێگەی هەولێر-گوێر کەوتەوە و دوای نزیکەی 20 کاژێر، ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکرا.
 
ئاگرەکە یەکجار بەتین و گەورە بوو؛ 40 تیمی بەرگریی شارستانی بە مادەی فۆم هەوڵیاندەدا کۆنترۆڵی بکەن، بەڵام کڵپەی ئاگر 4 ئۆتۆمبێلی بەرگریی شارستانی و سێ تانکەری سووتەمەنی سووتاند. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە