کوڕێکی عەتا سەراوی: باوکم بە دوو پاساو لە ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکراوە
رووداو دیجیتاڵ
عەتا سەراوی، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتیی یەکێتی دەڵێت، لە کاژێر 04:00ـی بەیانی ئەمڕۆ لە فڕۆکەخانەی سلێمانی لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکراوە، کوڕەکەیشی بە رووداوی گوت، بە پاساوی کێشە لە پاسپۆرتەکەی و بوونی سکاڵایەکە لەسەری.
پێشڕەو، کوڕی گەورەی عەتا سەراوی، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، باوکی لەکاتی گەڕانەوەی لە سوێد لە فڕۆکەخانە دەستگیرکراوە و ئێستا لە ئاسایشی گشتیی سلێمانییە.
بە گوتەی کوڕەکەی، دەستگیرکردنی باوکی "تەنیا بۆ شکاندنە، ئەگەر نا نە کێشە لە پاسپۆرتەکەیدا هەیە و نە دەزانین کێ و لەسەر چی سکاڵای لەسەر تۆمار کردووە." بۆی داوای روونکردنەوە لە بەرپرسانی یەکەمی یەکێتی لە سلێمانی دەکەن.
وەکو پێشڕەو باسی دەکات، عەتا سەراویی باوکی لەلایەن هێزێکی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیرکراوە، دوای ئەوەی رۆژی 16ـی مانگی رابردوو بۆ چارەسەری نەخۆشی چووەتە سوێد، ئەمڕۆ لە رێگەی فڕۆکەخانەوە گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی، لەوێ لەلایەن هێزێکەوە داوای لێکراوە لەگەڵیاندا بڕوات و ئەویش رۆیشتووە.
بڕیارە کاژێر 02:00ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بنەماڵەکەی عەتا سەراوی، کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی لەبارەی رووداوەکەوە سازبکەن و زانیاریی رووداوەکەی تێدا بخرێتەڕوو و هەڵوێستیان نیشان بدەن.
کوڕەکەی سەراوی گوتی، "نازانین کاژێر 04:00ـی بەیانی بە فەرمانی کام دادوەر و بە کام بڕیار باوکم دەستگیر کراوە،" هەروەها باسی لەوە کرد کۆمەڵێک کەس هەن دەیانەوێت لە یەکێتی دەریان پەڕێنن کە ئەو بە "کۆنەسیخوڕ و جاش" ناویان دەبات.
دەستگیرکردنی عەتا سەراوی، لەکاتێکدایە، رۆژی هەینی 19ـی مانگی نیسانی ئەم ساڵ ئۆتۆمبێلێک لە گەڕەکی سەرچناری سلێمانی تەقییەوە کە دواتر دەرکەوت ئۆتۆمبێلەکەی عەتا سەراوی بووە، تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوەیەک لەبارەی بکەری تەقینەوەکە و وردەکارییەکەی بڵاونەکراوەتەوە، کوڕەکەشی گوتی، "هیچمان لەبارەی بکەرانییەوە پێنەگوتراوە."