کۆچ و کۆچبەرانی عێراق: دوایین 20 خێزانى شنگال لە سلێمانی گەڕانەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق رایگەیاند، دوایین کاروانى ئاوارەکانى شنگال لە پارێزگاى سلێمانى گەڕانەوە، کە 20 خێزان بوون. هەفتەی داهاتووش دوایین کەمپی ئاوارەکان لەو پارێزگایە دادەخرێت.
 
عەلى جیهانگیر، گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، پێنجشەممە 4ى تەممووزی 2024 دوایین کاروانى ئاوارەکانى شنگال لە کەمپى ئاشتیى پارێزگاى سلێمانى گەڕانەوە، کە ژمارەیان 20 خێزان بوو.
 
وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران لەکاتى گەڕانەوەى هەر خێزانێکى ئاوارە بۆ زێدى خۆى چوار ملیۆن دینار، تەباخ، بەفرگر و تەلەڤیزیۆنێکیان پێدەدات.
 
پێشتر ئەو وەزارەتە کۆتایی مانگى حوزەیرانى دیاریکردبوو بۆ داخستنى کەمپى ئاشتى. بە گوتەى عەلى جیهانگیر، دواخستنەکە بەهۆى تەواونەبوونى مامەڵەى چەکى بانکیى هاوکاریى ئاوارەکان و وردبینى لە ناوەکانیان بووە، کەمپەکەش هەفتەی داهاتوو دادەخرێت.
 
بە بڕیاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، هەر خێزانێکی ئاوارە لەدوای 30ی تەممووزەوە بگەڕێتەوە زێدی خۆی، لە پێدانی هاوکارییەکان بێبەش دەبێت.
 
گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق گوتی، "90 خێزانى ئاوارە لە کەمپى ئاشتى ماون بگەڕێنەوە، هەموویان خەڵکى پارێزگاى سەلاحەدینن و سەر بە خێڵى ئەلبوحەشمەن."
 
لەدواى 30ى تەممووز، ئەو ئاوارەیەى لە هەرێمى کوردستانەوە نەگەڕابێتەوە زێدی خۆی، بە نیشتەجێ لەو شارە هەژمار دەکرێت، کە کەمپەکەى لێیە و وەکو ئاوارە مامەڵەى لەگەڵ ناکرێت.