لە ئامەد گۆڕی 60 منداڵ دۆزرانەوە کە بۆ سەردەمی بیزەنتییەکان دەگەڕێنەوە

05-07-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە ئامەدی باکووری کوردستان، گۆڕێکی تایبەت بە منداڵان دۆزرایەوە کە بۆ سەردەمی بیزەنتییەکان دەگەڕێتەوە. کاری هەڵکەندن لەلایەن تیمی شوێنەوارناسی بەردەوامە. 
 
لە گەڕەکی ئینکایای سەر بە شارۆچکەی قوڵپ، لە ئامەدی باکووری کوردستان، شوێنەواری مێژوویی و دراوی زێر کە تایبەت بوو بە سەردەمی دەسەڵاتداری ئیمپراتۆر ئاناستایۆسی یەکەم، ئیمپراتۆری بیزەنتییەکان دۆزرایەوە. شوێنەوارناسانی سەر بە مۆزەخانەی ئامەد دەستیان بە کاری هەڵکەندن کرد و لە هەمان شوێن گۆڕی 60 منداڵ دۆزرانەوە کە بۆ هەمان سەردەم دەگەڕێنەوە. 
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ـی تەممووزی 2024، بەڕێوەبەرایەتی مۆزەخانەی ئامەد لەمبارەیەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە. تێیدا باس لەوە دەکات، ساڵی 2021 تیمی شوێنەوارناسەکانیان شوێنەوارە مێژووییەکانی سەردەمی ئیمپراتۆر ئاناستایۆسی یەکەم دۆزییەوە، بەڵام کارەکان بەچەندین هۆکاری جیاواز بەتایبەتی نەگونجانی کەشوهەوا، بە شێوەیەکی کاتی راگیران. 
 
هەر بەپێی راگەیێندراوەکە، ساڵی 2022 تیمێکی تایبەتی بیانی و خۆماڵی کە لە 40 کەس پێکهاتبوون دەستیان بە کاری هەڵکەندن کرد و تەواوی شوێنەوارەکانیان دەستنیشان کرد، ئێستا بەشێکیان لە مۆزەخانەدایە. 
 
جەختی لەوەشکردەوە، رۆژی 28 حوزەیران دوای هەڵکەندنی زیاتر لە هەمان ناوچە، 54 گۆڕیان دۆزییەوە و بەپێی ئێسک و پروسکەکان، ئەوانەی لەنێو گۆڕەکاندان منداڵن. ئەمڕۆش 4ـی تەممووز، شەش گۆڕی دیکەیان دۆزییەوە. تەمەنی 60 منداڵەکە لە نێوان یەک رۆژ بۆ شەش ساڵیدایە. مێژووی گۆڕەکان بۆ نزیکەی هەزار و 687 ساڵ دەگەڕێتەوە.  
 
بەڕێوەبەرایەتیی مۆزەخانەی ئامەد ئەوەشی خستەڕوو، مۆڵەتی فەرمیی وەرگیراوە بۆ درێژەدان بە توێژینەوەکان و هەڵکەندن بەهۆی ئەوەی شوێنەوارناسەکان پێشبینی دەکەن، شوێنەواری مێژوویی زیاتر لەم ناوچەیەدا بدۆزرێتەوە. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جەبار یاوەر، فەریقی یەکەم و شارەزای بواری سەربازی و ئەمنی

جەبار یاوەر: عێراق ئاگای لە هێرشەکانی تورکیایە و بۆ بەرژەوەندیی خۆی بێدەنگە

هێرش و بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان بەردەوامن؛ فەریقێکی خانەنشینی پێشمەرگە دەڵێت: "رۆژانە هەموو زانیارییەکان بە برووسکە بۆ هێزەکانی عێراق دەنێردرێت؛ بەڵام بێدەنگن و ئەوەیش نیشانەی ئەوەیە کە ئەوان پێی رازین".