دابەشکردنی کارەبای هەولێر: بەهۆی پریپەیدەوە کارەبای هاونیشتمانییان کەم نەکراوەتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای هەولێر بە رووداوی گوت، ئێستا لە سنووری پارێزگاکە "13 بۆ 14 کاژێر کارەبا دەدرێتە هاونیشتمانییان". لەبارەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی پریپەیدیش لە سیتییەکان، کەمال عەساف ئاماژە بەوە دەکات کە "لەوەتەی پڕۆژەکە دەستیپێکردووە، خواستی کارەبا لەو شوێنانە 30٪ کەمبووەتەوە". 
 
ئەندازیار کەمال عەساف، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی، "لەدوای پشووی جەژنی قوربانەوە رۆژانە لە سنووری پارێزگای هەولێر 13 تاوەکو 14 کاژێر کارەبای نیشتمانی دەدرێتە هاونیشتمانییان؛ پشکی هەولێر لە کارەبای هەرێمی کوردستان هەزار و 100 مێگاوات کارەبایە". 
 
وەک بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای هەولێر دەڵێت، "شوێنە بازرگانییەکان وەک هاونیشتمانییان کارەبایان بۆ دابین دەکرێت،" بەڵام "دەستمان کردووە بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی پریپەیدی کارەبا. لەو سیتییانەی هەولێر کە خەرجیی خزمەتگوزارییان زۆرە و لە دەستەی وەبەرهێنانەوە بە ریزبەندی بۆمان نێردراون، کارەبای ئەوان جیاوازە لەگەڵ شوێنەکانی دیکە و 24 کاژێرە. تاوەکو ئێستا نزیکەی 18 سیتی لە هەولێر کراونەتە پریپەید". 
 
بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای هەولێر پێی وایە ئەو پڕۆژەیە بۆ هاونیشتمانییان و حکومەتیش سوودی هەیە و وەک خۆی باسی دەکات "نزیکەی دوو مانگە پڕۆژەکە دەستیپێکردووە؛ بڕێکی باش کارەبا گەڕاوەتەوە؛ هاووڵاتییان ئێستا ناچارن کارەبای کەمتر بەکاربهێنن و زیادە خەرجی نەکەن لە بەکارهێنانی کارەبادا و بەفیڕۆچوونی کارەباش کەمبووەتەوە". 
 
لەبارەی هەنگاوی داهاتووی وەزارەتی کارەبا بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی پریپەید لە شار و گەڕەکەکانی دیکە، بەڕێوەبەری کارەبای هەولێر بۆ رووداو ئاشکرای دەکات کە "ئەوەی جێبەجێکراوە، هەنگاوی یەکەمە؛ هەنگاوی داهاتوو ئامادەکاری کراوە بۆ شوێنە خەرج مامناوەند و خەرج کەمەکان و نرخیش جیاواز دەبێت لەو سیتییانەی ئێستا پڕۆژەکە تێیدا جێبەجێ دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیار لەسەر نرخەکە نەدراوە".
 
دەنگۆی ئەوە لەنێو هاونیشتمانییان بڵاوبووەتەوە کە کارەبای گەڕەکەکان کەمکراوەتەوە بۆ دابینکردنی کارەبای پریپەیدی ئەو سیتییانەی کە پڕۆژەکەیان تێدا جێبەجێکراوە، بەڵام بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای هەولێر ئەو هەواڵە رەتدەکاتەوە و دەڵێت "بە پێچەوانەوە، دوای جێبەجێکردنی پڕۆژەکە 30٪ خواست لەسەر کارەبا کەمبووەتەوە و ئەمە وایکردووە ئەو رێژەیە بگەڕێتەوە بۆ هاونیشتمانییان و لە شوێنەکانی دیکە دابەش بکرێت"؛ دەشڵێت "پێشبینی دەکەین ئەگەر پڕۆژەکە لە هەموو شوێنێک جێبەجێ بکرێت، بڕی ئەو کارەبایەی ئێستا بەرهەم دەهێندرێت، بتوانین کارەبایەکی بەردەوامی بۆ هاووڵاتییان پێ دابین بکەین". 
 
لە سنووری پارێزگای هەولێر ژمارەیەک بیری ئاو هەن کە کارەبایان لەلایەن وەزارەتی کارەباوە بۆ دابینکراوە و بەردەوام پێویستیان بە کارەبایە. کەمال عەساف دەڵێت، "ئەم مانگە هەولێر تووشی کەمئاوی دەبێت؛ بۆیە ئێمە پشتیوانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر دەکەین؛ بۆیە نزیکەی سێ هەزار و 782 مێگاوات کارەبامان بۆ کارەبای بیرە ئاوەکان و فەرمانگەکانی حکومەت دابین کردووە، کە ئەمە کارەبایەکی باشە بۆ کارپێکردنی بیرە ئاوەکان".