وەزیری پەروەردە ئەو خانووەی رادەستی هەنار تەها کرد کە سەرۆکوەزیران پێی بەخشیبوو


رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە چەمچەماڵ سەردانی ماڵی هەنار تەهای کرد بۆ ئەوەی ئەو خانووەی رادەستبکات کە لەلایەن سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە پێشکێشی کرابوو.

رۆژی چوارشەممە، 5ـی تەممووزی 2023، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان بۆ رادەستکردنی ئەو خانووەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشکێشی هەنار تەها، یەکەمی بەشی وێژەیی هەرێمی کوردستانی کردبوو، سەردانی قەزای چەمچەماڵی کرد و گوتی، "بە نوێنەرایەتیی سەرۆکوەزیران سەردانی ماڵی هەنارم کردووە و لە زاری مەسرور بارزانییەوە رایگەیاند: هەنار تەها یەکێکە لە رەمزەکانی کوردستان و سەرمایەیەکی مرۆییە کە دەبێت هەموومان شانازی پێوە بکەین".
 
رۆژی سێشەممە، 4ـی تەممووز، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا خانوویەک وەکو دیاری پێشکێش بە هەنار تەها بکات. ئالان حەمە سەعید دەڵیت، "سەرۆکوەزیران دیاری بۆ سەرجەم یەکەمەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت و دیداریان لەگەڵ دەکات. ئەو خانووەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشکێشی هەناری کردووە 250 مەترە و دەکەوێتە نێو پڕۆژەی چەرموو سیتی لە قەزای چەمچەماڵ".
 
هەنار تەها چوار خوشک و پێنج برای هەیە و لە تەمەنی منداڵیدا باوکی لەدەستداوە، دایکی سەرپەرشتیی خێزانەکەی گرتووەتە ئەستۆ.

 

 
چیرۆکی ئەو کچە قوتابییە کە لە ژوورێکی بچووکدا وانەکانی خوێندووە کە سەرەکەی بە جەمەلۆن داپۆشراوە، سەرنجی خەڵکی زۆری راکێشاوە و وەکو وەزیری پەروەردە ئاماژەی پێدەدات، "ئەو ئاستە بەرزەی هەنار بەدەستیهێناوە، بەشێکی زۆری شانازییەکەی بە دایکی دەبڕێت کە بە سەربەرزییەوە توانیویەتی 10 منداڵ بە ئاستێکی بەرز پێ بگەیێنێت".
 
هەنار تەها دوای واژۆکردنی گرێبەستی خانووەکەی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "ئەم خانووە خەڵاتێکی زۆر گەورە بوو بۆ من، سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە هاوکارم بوون. خۆم بە قەرزداری قوتابخانەکەم و خێزانەکەم دەزانم، لە سەرووی هەمووانەوە دایکم کە هەمیشە پاڵپشت و هاندەرم بووە".
 
هەنار تەها گوتیشی، "من بە نەهامەتییەوە ئەو پلەیەم بەدەستهێناوە، قەرزداری زۆر کەسم و هیوادارم لە داهاتوودا بتوانم ببمە پارێزەر بۆ ئەوەی بتوانم بە خزمەتی وڵاتەکەم ئەو قەرزەیان بدەمەوە. سوپاسی کاک مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم کە ئەمڕۆ خانووەکەی پێبەخشیم و لەگەڵ واژووکردنی گرێبەستی خانووەکەش 50 هەزار دۆلاری وەکو دیاری پێدام."